مه‌لا به‌ختیار: سورین له‌سه‌ر سازدانی 27ه‌مین فێستیڤاڵی گه‌لاوێژ له‌كۆتایی ساڵی ئاینده‌


وێستگه‌نیوز-
مه‌لا به‌ختیار رایگه‌یاند كه‌ "ئه‌وانه‌ی ده‌یانه‌وێت به‌ناوی فێستیڤاڵی گه‌لاوێژه‌وه‌ فیستیڤاڵ سازبده‌ن، ئه‌ستۆیان ده‌خه‌نه‌ به‌رده‌م ئۆباڵێكی مێژوویی، كه‌ دوره‌ له‌ نه‌ریتی سازدانی فێستیڤاڵ و دورخستنه‌وه‌ی فێستیڤاڵ له‌ھه‌ژمونی حیزبایه‌تی"، ده‌شڵێت: "سورین له‌سه‌ر سازدانی 27ه‌مین فێستیڤاڵ له‌كۆتایی ساڵی ئاینده‌".


ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ مه‌لا به‌ختیار كه‌ خۆی‌ وه‌ك "سه‌رپه‌رشتیاری گشتی فێستیڤاڵی گه‌لاوێژ" ناساندووه‌ په‌یامێكی‌ بڵاوكرده‌وه‌ و تیایدا هاتووه‌ كه‌ " ڕوناكبیران و ڕێبوارانی فێستیڤاڵی گه‌لاوێژ. به‌داخه‌وه‌  ھێشتا ماته‌مینی ھاوڕێ و كۆڵه‌كه‌ی سه‌ره‌كی فێستیڤاڵی گه‌لاوێژ به‌ری نه‌داوین، ھێشتا كفنه‌كه‌ی سامی ھادی زه‌رد نه‌بووه‌، دوورله‌ ئیراده‌ و په‌رۆشیمان بۆ ئه‌ده‌ب و داھێنانی كوردستان و عێراق و جیھان، له‌سه‌ر داخوازی ده‌یان ته‌له‌فۆنی نوسه‌رانی عه‌ره‌ب و ڕۆژھه‌ڵاتی كوردستان و كوردستانی عێراق، كه‌ په‌یتا په‌یتا په‌یوه‌ندیم پێوه‌ ده‌كه‌ن، ھه‌موویان  ئاماده‌ نین جگه‌ فێستیڤاڵی ڕاسته‌قینه‌ی گه‌لاوێژ ببنه‌ به‌شێك له‌ سیناریۆیه‌كی تر به‌ناوی گه‌لاوێژه‌وه‌، ئه‌م ڕونكردنه‌وه‌یه‌ ده‌نوسم".

له‌ په‌یامه‌كه‌دا هاتووه‌ كه‌ "دورو نزیك به‌نده‌ وه‌كو سه‌رپه‌رشتیار گشتی فێستیڤاڵ، ھه‌تا بڕیاردان بۆ سازدانی 27ه‌ مین فێستیڤاڵ، ته‌نانه‌ت له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ی ئێستا ده‌یانه‌وێت دوور له‌ گه‌وھه‌ره‌ مێژوییه‌كه‌ی فێستیڤاڵی گه‌لاوێژ، فێستیڤاڵ ساز بده‌ن. ئه‌مانیش، وه‌كو یه‌ك تیم، به‌بێ بچوكترین تێبینی له‌ دوا كۆبونه‌وه‌ له‌گه‌ڵماندا، بڕیارمان داو بانگه‌وازی سازدانی ٢٧ یه‌مین فێستیڤاڵمان بڵاو كردووه‌".

مه‌لا به‌ختیار ده‌ڵێت: "به‌ڵام دوای داگیركردنی ناوه‌ندی ڕۆشنگه‌ری چاودێر، دۆخه‌كه‌ سه‌راپا گۆڕا، جه‌خت ده‌كه‌مه‌وه‌ كه‌ ئێمه‌ سورین له‌سه‌ر سازدانی ٢٧ یه‌مین فێستیڤاڵ له‌كۆتایی ساڵی ئاینده‌".

ده‌شڵێت: "له‌ھه‌مان كاتدا دوورو نزیك ئه‌وانه‌ی ده‌یانه‌وێت به‌ناوی فێستیڤاڵی گه‌لاوێژه‌وه‌ فیستیڤاڵ سازبده‌ن، ئه‌ستۆیان ده‌خه‌نه‌ به‌رده‌م ئۆباڵێكی مێژوویی، كه‌ دوره‌ له‌ نه‌ریتی سازدانی فێستیڤاڵ و دورخستنه‌وه‌ی فێستیڤاڵ له‌ھه‌ژمونی حیزبایه‌تی".

مه‌لا به‌ختیار راشیگه‌یاندووه‌ كه‌ "ئه‌و نوسه‌رو به‌ھره‌مه‌ندوو دڵسۆزانه‌ی ده‌یانه‌وێت له‌گه‌ڵ فێستیڤاڵی ڕاسته‌قینه‌ی گه‌لاوێژ بمێنه‌وه‌، ئێمه‌ به‌دڵێكی فراوانه‌وه‌ له‌ كۆتایی ساڵی ئاینده‌ چاوه‌ڕوانیانین. دڵنیاشین ھه‌وڵیتر دوره‌ له‌ ڕۆحی ڕاسته‌قینه‌ی فێستیڤاڵ. دوره‌ له‌متمانه‌و ڕێزو سه‌ربه‌خۆی قه‌ڵه‌م و ئه‌قڵ و داھێانان".

لای‌ خۆیه‌وه‌ هێشوو سامی هادی رایگه‌یاند كه‌ "نابێت ناوی باوكم له‌م به‌ناو فێستیڤاڵه‌ی گه‌لاوێژدا به‌كاربهێنرێت".

هێشوو كچی سامی هادی له‌ رونكردنه‌وه‌یه‌كدا ده‌رباره‌ی فێستیڤاڵی گه‌لاوێژ نووسیویه‌تی‌: "هه‌موان به‌ تایبه‌تی روناكبیران و نوسه‌ران و ئه‌دیبان باش باش ده‌زانن باوكم سامی هادی، به‌ درێژایی 26 فێستیڤاڵی گه‌لاوێژ ڕۆڵێكی به‌رچاو و سه‌ره‌كی له‌ ئه‌نجامدانی ئه‌و فیستیڤاڵه‌دا هه‌بوو، كه‌ ده‌كرێت وه‌كو كۆڵه‌كه‌ی سه‌ره‌كی و باوكی رۆحی ئه‌و فێستیڤاڵه‌ له‌قه‌ڵه‌می بده‌ین".

هێشوو سامی‌ هادی‌ ده‌ڵێت: "ئێستا كه‌ كه‌سانێك له‌ ده‌ره‌وه‌ی خواست و ئاره‌زووی باوكم و له‌ ده‌ره‌وه‌ی بڕیاری خاوه‌نه‌ راسته‌قینه‌كانی فێستیڤاڵ، به‌ناو 27هه‌مین فێستیڤاڵی گه‌لاوێژ ساز ده‌كه‌ن، كه‌ فێستیڤاڵێكی ره‌سه‌ن نیه‌، من وه‌كو كچی سامی هادی پێیان راده‌گه‌یه‌نم كه‌ به‌ هیچ جۆرێك ناوی باوكم له‌و فیستیڤاڵه‌دا به‌ هیچ بیانویه‌ك به‌كارنه‌هێنرێت".

ئه‌مه‌ش له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ به‌پێی‌ راگه‌یه‌ندراوێكی‌ په‌یجی‌ گه‌لاوێژ له‌ تۆڕی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ فه‌یسبووك، سبه‌ینێ‌ پێنجشه‌ممه‌ كاتژمێر 2:30 خوله‌كی‌ پاش نیوه‌ڕۆ له‌ ته‌لاری‌ هونه‌ری‌ شاری‌ سلێمانی‌ بیست و حه‌وته‌مین ڤیستیڤاڵی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ گه‌لاوێژ به‌ دروشمی‌ (له‌پێناوی‌ شكۆی‌ وشه‌دا، گه‌لاوێژ به‌رده‌وامه‌) ده‌ست پێده‌كات و تا 7ی‌ مانگ به‌رده‌وام ده‌بێت.


PM:11:34:04/12/2024




ئه‌م بابه‌ته 720 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو