شاسوار عه‌بدولواحید: چاوه‌ڕوانی هه‌ڵوێستێك بن له‌ نه‌وه‌ی نوێوه‌ سه‌باره‌ت به‌ مووچه‌


وێستگه‌نیوز-
سه‌رۆكی‌ جوڵانه‌وه‌ی‌ نه‌وه‌ی‌ نوێ رایگه‌یاند كه‌ ئیحتمال هه‌یه‌ به‌بێ جوڵانه‌وه‌كه‌ی‌ حكومه‌ت پێكنه‌هێنرێت، ده‌شڵێت: "له‌چه‌ند رۆژی داهاتوودا چاوه‌ڕوانی هه‌ڵوێستێك بن له‌ نه‌وه‌ی نوێوه‌ سه‌باره‌ت به‌ مووچه‌".


شاسوار عه‌بدولواحید سه‌رۆكی جوڵانه‌وه‌ی نه‌وه‌ی نوێ له‌ په‌یامێكی‌ ڤیدیۆییدا رایگه‌یاند كه‌ "له‌چه‌ند رۆژی داهاتوودا چاوه‌ڕوانی هه‌ڵوێستێك بن له‌ نه‌وه‌ی نوێوه‌ سه‌باره‌ت به‌ مووچه‌ و ئه‌مڕۆ فراكسیۆنه‌كه‌مان له‌گه‌ڵ محه‌مه‌د شیاع سودانی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق له‌سه‌ر بابه‌تی موچه‌ خه‌ریكه‌".

شاسوار عه‌بدولواحید ده‌ڵێت: "ئه‌گه‌ر پارتی و یه‌كێتیی ده‌ستبگرن به‌سه‌ر ئه‌و پاره‌ی كه‌ بۆ مووچه‌ هاتووه‌، دڵنیابن له‌ چه‌ند رۆژی داهاتوودا هه‌ڵوێستێكی زۆر ئاشكراو روونمان ده‌بێت تایبه‌ت به‌ گفتوگۆكانی پێكهێنانی حكومه‌ت و هه‌ڵپه‌ساردنی دانیشتنه‌كان و بێده‌نگ نابین".

ئه‌وه‌شی‌ خسته‌ڕوو كه‌ "ئه‌گه‌ر نیه‌تێك هه‌یه‌ بۆ پێكهێنانی حكومه‌تێكی باش بۆ خزمه‌تی خه‌ڵك ده‌بێ نیه‌تپاكییه‌كه‌ له‌ ئێستاوه‌ پیشان بدرێت، به‌ڵام له‌ئێستاوه‌ سزای خه‌ڵك بدرێت ئه‌وه‌ دیاره‌ كابینه‌كه‌ی داهاتووش حكومه‌تێكی خراپ ده‌بێت وه‌كو رابردوو، بۆیه‌ ئێمه‌ به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك ئێمه‌ نه‌ به‌شێك ده‌بین تێیدا نه‌ بێده‌نگیش ده‌بین".

وتیشی‌: "به‌ڵام ئه‌گه‌ر زانیمان خزمه‌تی خه‌ڵك ئه‌كرێت و مه‌جالی تێدایه‌ خزمه‌تی خه‌ڵك بكرێت، ئه‌وه‌ دڵنیا بن به‌ هه‌موو توانامانه‌وه‌ خزمه‌تی خه‌ڵك ئه‌كه‌ین، ئه‌گه‌ر بیشزانین خزمه‌تی خه‌ڵك ناكرێت ئۆپۆزسیۆن ده‌بین و كۆمه‌ڵێك پلانی‌ باشمان به‌ده‌سته‌وه‌یه‌".

سه‌رۆكی‌ جوڵانه‌وه‌ی‌ نه‌وه‌ی‌ نوێ باسی‌ له‌وه‌شكرد كه‌ "وه‌ختێك ده‌مانوت ده‌نگدان موهیمه‌، ئه‌گه‌ر نه‌چن بۆ ده‌نگدان پارتی و یه‌كێتیی سزای خه‌ڵك ئه‌ده‌ن، دوو ملیۆن و نیو خه‌ڵك نه‌چوون بۆ ده‌نگدان، ملیۆنێك و 200 هه‌زار كه‌س هه‌ر كارتی ده‌نگدانی ده‌رنه‌هێنابوو، ملیۆنێك و 200 هه‌زار كه‌سیش هه‌ر نه‌چوون بۆ ده‌نگدان، دوو ملیۆن و نیو كه‌س ئه‌گه‌ر بچونایه‌ بۆ ده‌نگدان ئێستا پارتی و یه‌كێتیی ئاوا بێمنه‌ت نه‌ده‌بوون".
شاسوار عه‌بدولواحید راشیگه‌یاند كه‌ "ئیحتمال هه‌یه‌ به‌بێ نه‌وه‌ی نوێ حكومه‌ت هه‌ر پێكنه‌هێنرێت و حكومه‌تی‌ هه‌رێم دروست نه‌بێت".


PM:08:23:04/12/2024


ئه‌م بابه‌ته 2076 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت