قوباد تاڵه‌بانی‌ داوایكرد باڵیۆزخانه‌ی ئیمارات كارئاسانی زیاتر پێشكه‌شی بازرگانانی هه‌رێم بكات


وێستگه‌نیوز-
جێگری سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان له‌میانی‌ كۆبوونه‌وه‌ی‌ له‌گه‌ڵ‌ باڵیۆزی نوێی ئیمارات له‌ عێراق، داوایكرد باڵیۆزخانه‌ی ئه‌و وڵاته‌ كارئاسانی زیاتر پێشكه‌شی بازرگانانی هه‌رێم بكات، ده‌شڵێت: "له‌ به‌رژه‌وه‌ندی هه‌ردوولادایه‌ ئیمارات هانی وه‌به‌رهێنه‌رانی وڵاته‌كه‌ی بدات له‌ هه‌رێمی كوردستان وه‌به‌رهێنان بكه‌ن".


به‌گوێره‌ی‌ راگه‌یه‌ندراوێكی‌ نووسینگه‌كه‌ی‌، قوباد تاڵه‌بانی، جێگری سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان پێشوازیكرد له‌ عه‌بدوڵا مه‌ته‌ر ئه‌لمه‌زروعی، باڵیۆزی نوێی ئیمارات له‌ عێراق و له‌ كۆبوونه‌وه‌ی نێوانیاندا تاووتوێی چۆنییه‌تی به‌هێزتركردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ردوولا كرا.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا كه‌ ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 2024/12/4  له‌ هه‌ولێر به‌ڕێوه‌چوو، قوباد تاڵه‌بانی پیرۆزبایی ده‌ستبه‌كاربوونی له‌ باڵیۆزی نوێی ئیمارات كرد و هیوای خواست له‌ ماوه‌ی ئه‌ركه‌كه‌یدا په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و وڵاتی ئیمارات له‌ هه‌موو بواره‌كاندا گه‌شه‌ی زیاتر به‌خۆیه‌وه‌ ببێنێت.

هه‌ر له‌م چوارچێوه‌یه‌دا جێگری‌ سه‌رۆك وه‌زیران، ستایشی رۆڵی باڵیۆزخانه‌ی ئیمارات و كونسوڵخانه‌ی ئه‌و وڵاته‌ی كرد له‌ هه‌رێم كه‌ له‌ ماوه‌كانی رابردوودا رۆڵی به‌رچاویان بینیوه‌ له‌ پێشخستنی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ردوولا له‌ بواره‌ جیاوازه‌كاندا.

وه‌ك له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه‌، له‌ ته‌وه‌رێكی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا گفتوگۆكرا له‌باره‌ی چۆنیه‌تی په‌ره‌پێدانی په‌یوه‌ندییه‌ بازرگانییه‌كان. له‌مباره‌یه‌وه‌ جێگری سه‌رۆك وه‌زیران ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه‌ "له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌رفه‌تی زۆر گه‌وره‌ به‌ تایبه‌ت له‌ بواره‌كانی وه‌به‌رهێنان له‌ كه‌رته‌كانی كشتوكاڵ و گه‌شتوگوزار و گه‌شتوكاڵ هه‌یه‌ كه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی هه‌ردوو لادایه‌ حكومه‌تی ئیمارات هانی وه‌به‌رهێنه‌ران و بازرگانه‌كانی وڵاته‌كه‌ی بدات له‌ هه‌رێمی كوردستان وه‌به‌رهێنان بكه‌ن".

قوباد تاڵه‌بانی داواشیكرد "باڵیۆزخانه‌ی ئیمارات كارئاسانی زیاتر پێشكه‌شی بازرگانانی هه‌رێمی كوردستان بكات" و له‌مباره‌یه‌شه‌وه‌ باڵیۆزی ئیمارات ئاماده‌یی خۆی ده‌ربڕی هه‌موو جۆره‌ كارئاسانییه‌ك بۆ بازرگانانی هه‌رێم بكات تا بۆ په‌ره‌پێدانی په‌یوه‌ندییه‌ بازرگانییه‌كان سه‌ردانی ئه‌و وڵاته‌ بكه‌ن.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا جێگری سه‌رۆك وه‌زیران هه‌وڵه‌كانی بۆ هه‌مه‌جۆركردنی ئابوری و گه‌شه‌پێدانی كه‌رته‌كانی كشتوكاڵ و گه‌شتوگوزار و پشتگیریكردنی گه‌نجانی كارساز و داهێنه‌ر و هه‌نگاوه‌كانی به‌ ئه‌لیكترۆنی كردنی دامه‌زراوه‌كانی حكومه‌ت بۆ باڵیۆزی ئیمارات روون كرده‌وه‌ و ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا كه‌ له‌م بوارانه‌دا ده‌كرێت سود له‌ ئه‌زمونی سه‌ركه‌وتووی وڵاتی ئیمارات وه‌ربگیرێت و داواشیكرد حكومه‌تی ئیمارات له‌مباره‌یه‌وه‌ هاوكاری هه‌رێمی كوردستان بكات.



PM:06:42:04/12/2024












ئه‌م بابه‌ته 424 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت