وته‌بێژی‌ پارتی‌: له‌ چه‌ند رۆژی‌ داهاتوودا له‌گه‌ڵ یه‌كێتی كۆده‌بینه‌وه‌


وێستگه‌نیوز-
وته‌بێژی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌نووسیدا رایگه‌یاند كه‌ ڕۆژانی داهاتوو له‌گه‌ڵ یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان كۆده‌بنه‌وه‌.

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 4ی كانوونی یه‌كه‌می 2024، مه‌حمود محه‌مه‌د، ئه‌ندامی ده‌سته‌ی كارگێڕی و وته‌بێژی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌نووسیدا وتی‌: "رۆژانی داهاتوو له‌گه‌ڵ یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان كۆ ده‌بینه‌وه‌".

ئه‌و لێدوانه‌ی وته‌بێژی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ ڕۆژی شه‌ممه‌، 30-11-2024هه‌ردوو وه‌فدی دانوستانكاری پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، ، له‌ مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی، له‌ شاری سلێمانی كۆ بوونه‌وه‌.

دوای كۆبوونه‌وه‌كه‌ش، مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا باسی له‌وه‌ كرد "كۆبوونه‌وه‌كه‌ له‌ كه‌شێكی ئه‌رێنیدا به‌ڕێوه‌ چوو و  پێكه‌وه‌ باسیان له‌ بابه‌تی قۆناغی پاش هه‌ڵبژاردنی خولی شه‌شه‌می په‌رله‌مانی كورستان و ئه‌گه‌ر و ئاماده‌كارییه‌كانی چۆنییه‌تی كاركردن به‌شێوازێك كه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی خه‌ڵكی كوردستان بێت، كردووه‌".

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتبوو كه‌ "هه‌ردوو وه‌فدی دانوستانكاری پارتی و یه‌كێتی ئاماده‌ییان ده‌ربڕی بۆ درێژه‌دان به‌كۆبوونه‌وه‌كانی نێوانیان و هه‌موو حیزب و لایه‌نه‌ كوردستانییه‌كانی دیكه‌ش".

مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كێتی له‌باره‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌یان له‌گه‌ڵ شاندی دانووستانكاری پارتی دیموكراتی كوردستان ده‌ڵێت: "له‌باره‌ی گرنگی بوونی لێكگه‌یشتنی باش بۆ به‌رده‌وامیی كۆبوونه‌وه‌كان، هاوڕابووین".


PM:06:14:04/12/2024


ئه‌م بابه‌ته 536 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت