لاهور شێخ جەنگی: ئەرێ ئێوە هەر بەزۆر حەز دەکەن خەڵک بێتە سەرجادە و چەکتان لێهەڵگرێت!


وێستگەنیوز_

لاهور شیخ جەنگی، سەرۆکی بەرەی گەل سەبارەت بە بریاری دەستبەسەرداگرتنی ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتا پەیامێکی ئاراستەی دەسەڵاتدارانی سلێمانی کردووە و تێیدا دەڵێت: "ئەرێ ئێوە هەر بەزۆر حەز دەکەن خەڵک بێتە سەرجادە و چەکتان لێهەڵگرێت!"

لە پەیامەکەیدا کە ئەمرۆ سێشەممە 3ـی 12ـی 2024 بڵاوی کردووەتەوە، لاهور شێخ جەنگی دەڵێت: "دەبێت ئەم خەڵکی کوردستان چی لە ئێوە کردبێت کە بەم شێوەیە یاری بە عەقڵ و گاڵتە بە کەرامەتی دەکەن؟!"

ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئەگەر باسی  کێشەی موچە و موچەخۆر بکەین ئەوە نازانین لەکوێوە دەست پێبکەین؟! چونکە ناکرێت گوایە لەبەر کورتهێنانی داهاتی ناوخۆ سێ مانگە ناتوانن مووچە بدەن! ئەمە لە کاتێکدایە تەنها داهاتی مەرزەکان (خەتی تایبەتی سەرۆک) و بازگەکانی زۆنی سەوز زیاترە لە 150 ملیۆن دۆلاری مانگانە واتا نزیکەی دوو تریلیۆن و سێ سەد میلیۆن دینار، زۆنی زەردیش دڵنیام 3 هێندەی زۆنی سەوزە، ئەمە جگە لە داهاتی ئەو نەوتەی کە هەردوولا بە قاچاغ دەیفرۆشن کەچی دەڵین داهاتی ناوخۆ بەشی موچە ناکات؟! ئەمە هەم سەیرە هەم شورەیی! 10 ساڵ زیاترە مووچە وەک چەک دژی میللەتەکەی خۆتان بەکاردەهێنن و لەسەر حسابی موچەخۆران گەندەڵی و تاڵانی دەکەن!"

لاهور شێخ جەنگی ئاشکراشی کردووە، " لە 2 مانگی ڕابردوودا خودی سەرۆکی یەکێتی مۆڵەتی پێنج هەزار سەیارەی خوار مۆدێلی ڕێگەپێدراوی داوە بە دوو بازرگانی ئۆتۆمبێل بۆ داخڵکردنیان لە مەرزی پەروێزخانەوە پێشەکیش پارەی خۆی بە نەقدی لەو دوو بازرگانە وەرگرتووە کەچی ئێستا هەرخۆی بڕیاری داوە هەرکەسێک ئەو سەیارانەی کڕیبێت و لەسەرجادە بێت دەبێت دەستگیر بکرێت؟!"

"جا بۆیە هەست دەکەم بەزۆر دەتانەوێت خەڵک بێننە سەرجادە بەڵام ئەمجارەیان بەچەکەوە." لاهور شێخ جەنگی وا دەڵێت: 

دەقی راگەیەندراوەکە:

بەڕاستی ناخۆشتان کردوە...

ئەرێ ئێوە هەر بەزۆر حەز دەکەن خەڵک بێتە سەرجادە و چەکتان لێهەڵگرێت! نازانم دەبێت ئەم خەڵکی کوردستان چی لە ئێوە کردبێت کە بەم شێوەیە یاری بە عەقڵ و گاڵتە بە کەرامەتی دەکەن؟!

ئەگەر باسی  کێشەی موچە و موچەخۆر بکەین ئەوە نازانین لەکوێوە دەست پێبکەین؟! چونکە ناکرێت گوایە لەبەر کورتهێنانی داهاتی ناوخۆ سێ مانگە ناتوانن موچە بدەن! ئەمە لە کاتێکدایە تەنها داهاتی مەرزەکان ( خەتی تایبەتی سەرۆک )و بازگەکانی زۆنی سەوز زیاترە لە ١٥٠ ملیۆن دۆلاری مانگانە واتا نزیکەی دوو تریلیۆن و  سێ سەد میلیۆن دینار، زۆنی زەردیش دڵنیام ٣ هێندەی زۆنی سەوزە، ئەمە جگە لە داهاتی ئەو نەوتەی کە هەردوولا بە قاچاغ دەیفرۆشن کەچی دەڵین داهاتی ناوخۆ بەشی موچە ناکات؟! ئەمە هەم سەیرە هەم شورەیی! ١٠ ساڵ زیاترە مووچە وەک چەک دژی میللەتەکەی خۆتان بەکاردەهێنن و لەسەر حسابی موچەخۆران گەندەڵی و تاڵانی دەکەن! 

ئەمڕۆش گوێبیستی ئەوە بووم گوایە سەیارە بێ سەرەتاکان دەستیان بەسەردادەگیرێت لە لایەن لیژنەی باڵای ئەمنی سلێمانییەوە! ئەمە لەکاتێکدایە لە هەڵبژاردنی ڕابردووی پەرلەمانی کوردستان ئیدارەی گشتی داوای لێکردن کە ئەگەر ئاڵاو ڕەسمی سەرۆکی یەکێتی لەسەیارەکانیان بدەن بۆ بانگەشە، ئەوا ئەوکات سەیارە بێمۆڵەتەکان کێشەیان نابێت لە داهاتوودا، ئەوانیش بەقسەیان کردن و سەیارەکانیان سەوز پۆش کرد! ئەنجامەکەی چی بوو؟!

هەروەها لە 2 مانگی ڕابردوودا خودی سەرۆکی یەکێتی مۆڵەتی پێنج هەزار سەیارەی خوار مۆدێلی ڕێگەپێدراوی داوە بە دوو بازرگانی ئۆتۆمبێل بۆ داخڵکردنیان لە مەرزی پەروێزخانەوە پێشەکیش پارەی خۆی بە نەقدی لەو دوو بازرگانە وەرگرتووە کەچی ئێستا هەرخۆی بڕیاری داوە هەرکەسێک ئەو سەیارانەی کڕیبێت و لەسەرجادە بێت دەبێت دەستگیر بکرێت؟!

جا بۆیە هەست دەکەم بەزۆر دەتانەوێت خەڵک بێننە سەرجادە بەڵام ئەمجارەیان بەچەکەوە.


PM:09:13:03/12/2024


ئه‌م بابه‌ته 2008 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت