ئەلینا رۆمانۆوسکی: ئێستا كاتی ئەوەیە بە یەكگرتوویی حكومەتی هەرێمی كوردستان پێکبهێنرێت
وێستگەنیوز-
ئەلینا رۆمانۆوسکی، باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق ئەمڕۆ شەممە 30ی تشرینی دووەمی 2024، گفتوگۆیەكی رۆژنامەوانی لە كونسوڵخانەی ئەمریكا لە هەولێر ئەنجامدا و وەڵامی پرسیارەکانی رۆژنامەنووسانی دایەوە و ئاماژەی بەوەکرد، "کۆتایی بە ئەرکەکەی هاتووە لە عێراق".
باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق، جەختدەكاتەوە لەوەی پرسی جێبەجێنەكردنی رێككەوتننامەی شنگال بۆتە جێی نیگەرانی ئەوان و رایگەیاند "هێشتا داعش هەڕەشەیە لەسەر عێراق".
رۆمانۆوسکی وتی، "حكومەتی ئەمەریكا قسەی لەگەڵ هەردوو حكومەتی ناوەند و هەرێم كردووە، سەبارەت بە جێبەجێكردنی رێككەوتننامەی شنگال، ئەو رێككەوتننامەیە یەكێكە لەو پرسانەی بۆتە جی نیگەرانی ئێمە و هێشتا جێبەجێنەكراوە، ئێمە بەردەوام جەخت لە جێبیەجێكردنی دەكەینەوە".
ئاماژەی بەوەکرد، "لەپاڵ لایەنی ئەمنی و سەقامگیری لە تەواوی عێراق، بەلامانەوە گرنگە بەرەوپێشچون ببینین لە پرسەكانی پەیوەست بە بە مافەكانی مرۆڤ، ئازادی رادەربڕین، مافی ئاوارە و كەمینەكان، ئەمانە گرنگن و دەمانەوێت مافی پێكهاتەكان بە تەواوی پارێزراوبێت".
باڵیۆزی ئەمریكا جەختیكردەوە لەوەی پارێزگاریكردن و هاوكاریكردنی ئەو نەتەوانەی كە لە عیراق پێویستیان بە یارمەتی هەبووە لە پێشینەی كارەكانی ئەمریكایە وباسی لەوەکرد، "لە ساڵی 2018ەوە ئەمریكا بە بڕی 500 ملیۆن دۆلاری هاوكاری بۆ ئەو كۆمەڵگەیانە دابینكردووە كە قوربانی شەڕی داعش بون، بە تایبەت ئەوانەی رووبەڕووی كۆمەڵكوژی بوونەتەوە".
باڵیۆزی ئەمەریكا تیشکی خستەسەر ئەوەی پەیوەندییەكی باشیان لەگەڵ هەردوو حكومەتی عیراق و هەرێمی كوردستاندا هەیە و وتی، "ئەمن و ئاساشیی هەرێمی كوردستان گرنگە بۆ سەرتاسەری عیراق، دوای ئەوەی هەڵبژاردن كراوە، ئێستا كاتی ئەوەیە بە یەكگرتوویی حكومەتی هەرێمی كوردستان پێكبێت بۆ ئەوەی لەگەڵ حكومەتی عیراق كێشەكانیان بە گفتوگۆ چارەسەر بكەن".
هەروەها لەسەر پرسی ئازادی رادەربڕین و رۆژنامەوانی رایگەیاند، "میدیای ئازاد لە هەرێمی كوردستان پێشتر بەوە بەناوبانگ بوو كە زۆر پتەوە، حكومەتی هەرێمی كوردستان دەتوانین بڵێین سومعەیەكی باشی هەبوو، بەڵام بەداخەوە دەبینین لە ناوچەكەدا پاشەكشێی لە پرسی میدیادا روویدا، ئەم پاشەكشێیە لە ئازادی رادەربڕین و رۆژنامەوانی لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانیشەوە رویداوە".
PM:10:03:30/11/2024
ئهم بابهته 1536
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت