فیدراسیۆنی پەنابەران: سەرکۆنەی ڕێککەوتنامەی ئەمنی نێوان بەریتانیا و عێراق دژ بە پەنابەرانی کورد دەکەین


وێستگەنیوز_

فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراقی راگەیەندراوێکی بڵاوکردووەتەوە و تێیدا دەڵێت: بە تووندی ڕێککەوتنامەی ئەمنی نێوان بەریتانیا و عێراق دژ بە پەنابەرانی کورد و عێراقی و سەرکۆنە دەکەین."

دەقی راگەیەندراوەکەی فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراقی:

ڕێککەوتنامەی ئەمنی نێوان بەریتانیا و عێراق دژ بە پەنابەرانی کورد و عێراقیە و بەتوندی سەرکۆنە دەکەین!

سەردانی ئیڤیت کووپەر وەزیری ناوخۆی بەریتانیا بۆ عێراق رۆژی سێشەمەی رابردوو ڕێکەوتی ٢٦ نۆڤمبەری ٢٠٢٤ و کۆبوونەوە لەگەل وەزیری ناوخۆی عێراق، عەبدول ئەمیر شەمەری و پاشان سەردانی هەرێمی کوردستان و کۆبوونەوە لەگەل نیچیرڤان بارزانی، سەۆکی هەرێم و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێم، ئەو دەرەنجامەی لێکەوتەوە کە رێکەوتنێکی ئەمنی- یاسایی لەنێوان بەریتانیا و عێراق و هەرێمی کوردستان واژۆ بکرێت تایبەت بە مەسەلەی پێشگرتن بە کۆچی نایاسایی لە عێراق و هەرێمەوە بۆ بەریتانیا و گۆڕینەوەی زانیاری و  هاوکاری یاسایی و ڕادەستکردنی قاچاخچیەکان و هەروەها ناردنەوەی ئەو پەنابەرە عێراقیانەی کە کەیسەکانیان رەدکراوەتەوە.. لەچوارچێوەی رێکەوتنەکەدا حکومەتی بەریتانیا بڕی نیو ملیۆن پاوەند پێشکەش بە هەردوو حکومەتی بەغدا و هەرێم دەکات بۆ ڕاهێنانی ئەمنی!

ئەم رێکەوتنەی نێوان  بەریتانیا و عێراق لە کاتێکدا بەڕێوەدەچێت کە عێراق و ناوچەکە لەدۆخێکی نائارامی و فەزای جەنگدا بەسەر دەبات کە بەریتانیا و ووڵاتانی دیکەی رۆژاوا دەوری بەرچاویان هەیە لە خوڵقاندنیدا.  شەڕو کۆمەڵکوژی و کاولکاری  و ئاوارەیی و دەربەدەری و بێخانەولانەیی ژیانی دەیان ملیۆن کەسی ڕووبەڕووی کارەسات کردۆتەوە. سەرکوتی سیاسی سیمای دەوڵەتەکانی ناوچەکەیەو عێراق و کوردستان سەرەتاییترین ماف و ئازادی لە خەڵك زەوت دەکەن و دەیان و بگرە سەدان خۆپیشاندەر دەستگیر و بریندار و کوژراون!  لەو ئەوروپاشدا ڕاسیزم، فاشیزم و نەتەوەپەرستی جیاکاری دژ بە پەنابەران بوەتە سیمای حکومەت و بزوتنەوە بۆرژواییەکان! کەسانێك کە  شەڕ و کوشتار و سەرکوت و هەژاری و برسێتی ناچاریکردوون شوێنی ژیانی خۆیان جێبهێڵن و رووبکەنە ئەوروپا بە مەبەستی ئەوەی لە دەست سەرکوت رزگاریان بێت و ژیانێکی ئارام و ئینسانی بەدەستبهێنن!

وەزیری ناوخۆی بەریتانیا بەکردەوە خەریکی جێبەجێکردنی ئەو سیاسەتەیە کە سەرۆك وەزیران،  کێەر ستامەر، سەرۆك وەزیران لەکاتی بانگەشەی هەڵبژارندا رایگەیاند ئەویش گرتنەبەری سیاسەتی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆرە بۆ رێگرتن لە هاتنی ئەو پەنابەرانەی کە بە بەلەم لە فەرەنساوە دەچنە بەریتانیا لەرێگای دەستگیرکردنی باندەکانی قاچاخچێتیەوە. حکومەتی بەریتانیا بۆ ئەم مەبەستە بڕی ٧٥ ملیۆن پاوەندی تەرخانکردوە بۆ پۆلیسی سنورەکان بەمەبەستی توندکردنەوەی سنورەکان و هاوکاری لەگەل حکومەتەکانی ئەوروپا. هەروەها سەردانی تورکیایان کردوە بۆ هەمان مەبەست.

ئەم هەواڵە ترس و دلەراوکێی لەنێو پەنابەرانی عێراقی و کورددا دروستکردوە. هەرئیستا لانی کەم پێنج هەزار کەس لەو پەنابەرانەی لە هەرێمی کوردستانەوە چوونەتە بەریتانیا و وەلامی رەفزیان وەرگرتووە و کەیسەکانیان لەبەردەم دادگایە بۆ پێداچوونەوە، مەترسی ئەوەیان لەسەرە کە ئەم ڕێکەوتنەی نێوان عێراق و هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەریتانیا یەخەیان بگریت و  رووبەرووی مەترسی گرتن و  دەستبەسەرکردن ببنەوە لە گرتووخانەدا، تا پرۆسەی ئامادەکاری  ناردنەوەیان  تەواو دەبێت! ئەمە لە کاتێکدایە کە ئەم ڕێکەوتنامانە لەگەل ولاتێك کە پەنابەری لێوە هەڵهاتووە، بەهۆکاری سیاسی و ئابووری و کۆمەلایەتی، پیچەوانەیە لەگەڵ بنەما نیودەولەتیەکان لەبارەی مافەکانی پەنابەرانەوە .

ئێمە لەفیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراقی بەتوندی ئەم رێکەوتنامەیە و هەر ڕێکەوتنامەیەکی دیکەش کە لەسەر حسابی بەژیان  و ئەمنیەت و ئایندەی پەنابەرانەوە دەکرێ، سەرکۆنە دەکەین. حکومەتی عێراق و هەرێم بەپەرپرس دەزانین بەرامبەر هەر گوشارێك بۆ تێکدانی ژیان و ئاسایشی پەنابەران لە بەریتانیا بەڕێوەببرێت . هاوکات ڕایدەگەیەنین کە لەبەرەی خەڵکی موتەمەدین و ئازادیخوازی بەریتانیا ڕاوەستاوین دژ بەسیاسەتی دژی پەنابەری حکومەتی بەریتانیا و لەڕیزی پێشەوەی هەموو ئەو هەوڵانەداین کە مافی پەنابەری و مافی نیشتەجێبوون وەکو مافێکی ئاسایی و سەرەتایی مرۆڤ دەناسێنێت و بۆ بەرگری لە مافی پەنابەری هەموو ئەو مرۆڤانەی کە لەدەست ستەم و زوڵم و شەڕ و نائارامی بۆ ژیانێکی ئارام و شایستە ماڵوحاڵی خۆیان جێدەهێڵن، بەوپەری تواناوە تێدەکوشین. هاوکات بانگەوازی پەنابەران دەکەین لە ئێستاوە ئامادەکاری بکەن و پاریزەرەکانیان ئاگاداربکەنەوە لە مەترسیەکانی ئەم ریکەوتنامەیە و لەکاتی دەستگیرکردنیان بەپەلە پەیوەندی بە فیدراسیۆنەوە بکەن. هەروەها بەشداری ئەو چالاکی و خۆپیشاندان و نارەزایەتیانە بکەن کە بۆ بەرگری لەمافەکانی پەنابەران ئەنجام دەدرێن. نامەبنێرن بۆ ئەندام پەرلەمانی ناوچەکانتان. لەگەل فیدراسیۆن لە پەیوەندیدا بن بۆ رەوینەوەی مەترسیەکانی هەر ئەگەرێك کە رووبەرووتان دەبێتەوە.

فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراقی
٢٨/١١/٢٠٢٤


PM:03:24:29/11/2024


ئه‌م بابه‌ته 1148 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت