شەفافیەت: ئەم هەفتەیە داهاتی سلێمانی و هەڵەبجە زیاتر لە 130% زیادی کردووە
وێستگەنیوز_
ماڵپەڕی شەفافیەت کە قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان دایمەزراندووە، ئاشکرای دەکات، ئەم هەفتەیە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە داهاتیان بەرزبووەوەتەوە و تەنیا دوێنێ نزیکەی سێ ملیار دینار بووە.
بەگوێرەی ماڵپەڕی شەفافیەت، داهاتی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و هەردوو ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و راپەڕین لە رێککەوتی 23ـی 11ـی 2024 بۆ ئەمڕۆ هەینی، 29ـی 11ـی 2024، 21 ملیار و 201 ملیۆن و 972 هەزار و 84 دینار بووە.
ئاماژە بەوەشکراوە، داهاتی هەفتەی رابردووی هەمان سنوور، 9 ملیار و 198 هەزار و 158 هەزار و 705 دینار بووە و بەراورد بەم هەفتەیە، زیاتر لە 12 ملیار دینار زیادیکردووە، کە بەرزبوونەوەکە دەکاتە زیاتر لە 130%.
ئاشکراشی کردووە، داهاتی یەک رۆژی سنوورەکە کە دوێنێ بووە، 2 ملیار و 812 ملیۆن و 769 هەزار و 810 دینارە.
هاوکات، داهاتی مانگی رابردووی سنوورەکە زیاتر لە 65 ملیار دینار بووە، ئەم مانگە تاوەکو ئەمڕۆ زیاتر لە 58 ملیار دینارە.
لە داتاکانی شەفافیەتدا هاتووە، داهاتی ئەو سنوورانە ساڵی رابردوو یەک ترلیۆن و 173 ملیار و 990 ملیۆن و 914 هەزار و 465 دینار بووە و ئەمساڵیش تاوەکو ئەمڕۆ زیاتر لە 841 ملیار دینارە.
داهاتەکان نانەوتین و لە رێگەی شەش گەنجینە (گەنجینەی دوو، گەنجینەی یەک، گەنجینەکانی گەرمیان، راپەڕین، چەمچەماڵ و هەڵەبجە) کۆدەکرێنەوە.
AM:10:19:29/11/2024
ئهم بابهته 1356
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت