دوو لیستی مووچە لە بەغدادە و هیچ پارەیەک بۆ هەرێم نەنێردراوە


وێستگەنیوز-

هەرێمی کوردستان لەگەڵ پەنابردن بۆ دادگای فیدراڵی لیستێکی دیکەی مووچەی رەوانەی بەغداد کرد، بەغدادیش بە مەرج ئامادەیە مووچەی سێ مانگی کۆتایی ئەمساڵ خەرج بکات.


دوو لیستی مووچەی بێ پارە

ئەمڕۆ 26ـی تشرینی دووەمی 2024, وەزارەتی درایی و ئابووری هەرێمی کوردستان لیستی مووچەی مانگی تشرینی دووەمی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی رەونەی بەغداد کرد.

بەپێی ڕاگەیەندراوی وەزارەتی دارایی و ئابووری، لیستەکە لەلایەن نوێنەری وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستانەوە رادەستی وەزارەتی دارایی حکومەتی عێراق کراوە.

ناردنی لیستی مووچەی مانگی تشرینی دووەم لە کاتێکدایە، بەغداد ئێستا مووچەی مانگی تشرینی یەکەمی رەوانەی هەرێمی کوردستان نەکردووە.

ڕۆژی 3ـی تشرینی دووەمی 2024 وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان لیستی مووچەی مانگی تشرینی یەکەمی رادەستی وەزارەتی دارایی فیدراڵ کرد .

دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە 20 رۆژ، بەڵام تا ئێستا بەغدا بڕیاری ناردنی هیچ بڕە پارەیەکی دەرنەکردووە و تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق واژۆی لەسەر لیستەکە نەکردووە.

لە ماوەی رابردوو، میدیا عێراقییەکان لە زاری چەند سەرچاوەیەکەوە هەواڵی گەڕاندنەوەی لیستی مووچەی مانگی تشرینی یەکەمیان بۆ هەولێر بڵاوکردەوە بەڵام هیچ لایەنێکی فەڕمی پشتراستی نەکردووە.

تا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق هیچ روونکردنەوەیەکی فەرمیان لەسەر هۆکاری نەناردنی پارە و دابەشنەکردنی مووچە بڵاونەکردووەتەوە.

‎بەرپرسانی هەرێمی کوردستان و نوێنەرانی کورد لە بەغداد، لە سەرەتای ئەم مانگەوە چەند جارێک وادەی ناردنی پارەیان لەلایەن بەغدادەوە دیاریکردووە بەڵام وادەکان تێپەڕیوون و پارە نەنێردراوە.

‎قسەی جیاواز لەسەر نەناردنی پارە و دابەشنەکردنی مووچە هەیە، بەشێک لە نوێنەرانی کورد لە بەغداد هەرێمی کوردستان بەهۆکاری کێشەکە دەزانن بەڵام بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەوە ڕەتدەکەنەوە.

پەنا بۆ دادگای فیدراڵی دەبرێت

رۆژی 25ـی تشرینی دووەمی 2024، سەرۆکی فراکسیۆنە کوردییەکانی پەرلەمانی عێراق لەگەڵ سەرۆکی دادگای فیدراڵی عێراق کۆبوونەوە، شاخەوان عەبدولڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، "بە سەرۆکی دادگای فیدراڵیمان وتووە دەبێت بە زووترین کات مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان خەرجبکرێت و کار بە بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی بکرێتەوە، هاوکات پرسی مووچە لە ناکۆکی سیاسی دووربخرێتەوە".

ئاماژەی بەوەشکرد، "سەرۆکی دادگای فیدراڵی جەختی لەوەکردووەتەوە کە دەبێت بریارەکەی دادگا وەکو خۆی جێبەجێبکرێت و مووچەی فەرمانبەران لە زاخۆوە تاوەکو بەسرە مانگانە بەبێ دواکەوتن دابەشبکرێت".

کۆتا مووچە لە هەرێمی کوردستان

کۆتا مووچە لە هەرێمی کوردستان دابەشکرابێت، مووچەی مانگی ئەیلول بوو کە لە 18ـی تشرینی یەکەمەوە دەست بە دابەشکردنی کرا و ڕۆژی 24ـی تشرینی یەکەم کۆتاییهات.

بەپێی داتاکانی وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێمی کوردستان، مووچەی هەر مانگێکی سەرجەم فەرمانبەر و مووچەخۆران پێویستی بە 998 ملیار دینارە و پێویستە بەغداد دابینی بکات.

چارەنووسی سێ مووچە دیار نییە

لە کۆتایی ساڵ نزیک دەبینەوە چارەنووسی مووچەی سێ مانگی فەرمانبەرانی هەرێم نادیارە، بەپێی ئەو زانیارییانەی ئەمیر حەسەن، پەیامنێری وێستگەنیوز لە بەڕێوەبەرایەتیی گەنجینەی راپەڕین وەریگرتووە، گەنجینەکە داوای لەسەرجەم بەڕێوەبەرایەتی و فەرمانگەکانی سەربەڕێوەبەرایەتییەکەی کردووە بۆ مووچەکانی مانگی 11و 12ـی ساڵی 2024 لیستی مووچەکانیان بە پێی یاداشتنامەی ٦٥ پاکتاو بکەن، ئەمەش واتای ئەوەیە لە ئەمساڵدا تەنها مووچەی مانگی 10 دابەشدەکرێت و مووچەی مانگەکانی 11 و 12 پاشەکەوت دەکرێت.

بەپێی ئەو زانیارییانەی کەناڵی رووداو لە زاری سەرچاوەیەکەوە بڵاویکردووەتەوە، بەغداد ئامادەیە بۆ مووچەی سێ مانگی کۆتایی ئەمساڵ مانگانە 760 ملیار دینار خەرج بکات، بەڵام بە مەرجێک هەولێر داهاتی ناوخۆ رادەستی بەغداد بکات.


PM:12:54:26/11/2024


ئه‌م بابه‌ته 396 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت