مه‌لا به‌ختیار: رێچكه‌ی یاسایی ده‌گرینه‌به‌ر بۆ پارێزگاری له‌ ناو و ناوبانگ و شكۆی بنكه‌ و فێستیڤاڵی گه‌لاوێژ


وێستگه‌نیوز-
مه‌لا به‌ختیار رایگه‌یاند كه‌ "ئێمه‌ له‌ تۆڕی ناوه‌ندی رۆشنگه‌ری چاودێر ‌و ده‌سته‌ی باڵای فێستیڤاڵی گه‌لاوێژ، به‌رپرسیارێتی هیچ بۆنه‌‌و چالاكیه‌ك له‌ ئه‌ستۆ ناگرین كه‌ به‌بێ هیچ ماف و شه‌رعیه‌تێك به‌ناوی بنكه‌ی گه‌لاوێژه‌وه‌ سازبدرێت"، ده‌شڵێت: "رێچكه‌ی یاسایی ده‌گرینه‌به‌ر بۆ پارێزگاری له‌ ناو و ناوبانگ و شكۆی بنكه‌ و فێستیڤاڵی گه‌لاوێژ".


ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 25\11\2024، به‌ سه‌رپه‌رشتی مه‌لا به‌ختیار "سه‌رپه‌رشتیاری تۆڕی ناوه‌ندی رۆشنگه‌ری چاودێر"، ده‌سته‌ی باڵای ناوه‌ندی رۆشنگه‌ری چاودێر و فێستیڤاڵی گه‌لاوێژ، كۆبۆوه‌ و تاووتوێی به‌رنامه‌ی كاری داهاتووی تۆڕه‌كه‌ی كرد.

به‌گوێره‌ی‌ راگه‌یه‌ندراوی‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌، مه‌لا به‌ختیار رایگه‌یاند كه‌ "له‌ ماوه‌ی زیاتر له‌ چاره‌كه‌ سه‌ده‌ی رابردوو، بنكه‌ی روناكبیری گه‌لاوێژ (26) فێستیڤاڵی سازكردوه‌ و له‌ بیست و پێنجه‌مین فێستیڤاڵیشه‌وه‌، ئه‌م بۆنه‌ ئه‌ده‌بی و ڕوناكبیری یه‌، هه‌نگاوێكی گه‌وره‌ی نا و بوو به‌ فێستیڤاڵێكی نێوده‌وڵه‌تی".

وتیشی: "مه‌خابن، له‌كاتێكدا سه‌رگه‌رمی ئاماده‌كاری بوین بۆ بیست و حه‌وته‌مین فێستیڤاڵ، دۆخێكی ناهه‌موار به‌سه‌ر ته‌واوی تۆڕی ناوه‌ندی رۆشنگه‌ری چاودێردا هات، كه‌ بنكه‌ی ڕوناكبیری گه‌لاوێژ، یه‌كێكه‌ له‌ ئۆرگانه‌كانی ئه‌و تۆڕه‌، به‌و هۆیه‌شه‌وه‌، باره‌گا و به‌شێكی زۆر له‌ كه‌لوپه‌له‌كانی گه‌لاوێژیش ده‌ستی به‌سه‌ردا گیرا".

له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌دا، "ده‌سته‌ی باڵای سه‌رپه‌رشتی تۆڕی ناوه‌ندی رۆشنگه‌ریی چاودێر"، جه‌ختی كرده‌وه‌ كه‌ "به‌ هۆی ئه‌و باره‌ ناهه‌مواره‌ و وه‌ك به‌رپرسیارێتیه‌كی پیشه‌یی ‌و ئه‌خلاقی به‌رامبه‌ر به‌ ره‌وت و سه‌نگ و ده‌سكه‌وته‌كانی گه‌لاوێژ، بڕیارمان دا به‌ دواخستنی (27)ه‌مین فێستیڤاڵ، لێره‌شه‌وه‌ رایده‌گه‌یه‌نین، ئێمه‌ به‌رپرسیارێتی ته‌واوی 26 فێستیڤاڵی رابردوو، ده‌گرینه‌ ئه‌ستۆ‌و به‌ ڕێز و شانازیه‌وه‌ له‌و ده‌سكه‌وت و پێشكه‌وتنانه‌ ده‌ڕوانین كه‌ فێستیڤاڵ و تۆڕی ناوه‌ندی رۆشنگه‌ری چاودێر به‌ده‌ستیان هێناوه‌ له‌ چاره‌كه‌ سه‌ده‌ی رابردودا، به‌ تایبه‌ت، دامه‌زراندنی بنكه‌ و سازدانی یه‌كه‌مین فێستیڤاڵ، له‌ ساته‌وه‌ختێكدا بوو، كه‌ تاكه‌ ده‌نگێك له‌ كوردستان ده‌نگی چه‌ك ‌و تاكه‌ ڕه‌نگیش ڕه‌نگی خوێن بوو، به‌ڵام گه‌لاوێژ وه‌ك ده‌نگ و ڕه‌نگێكی جیاواز، توانی نائومێدی بڕه‌وێنێته‌وه‌ و رێچكه‌یه‌كی گرنگ بگرێته‌ به‌ر، كه‌ به‌رهه‌مه‌كه‌ی هه‌ڵكه‌وتنی ده‌یان و سه‌دان قه‌ڵه‌می به‌بڕشت و جوانبه‌خشه‌".

له‌ راگه‌یه‌ندراوی‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا هاتووه‌ كه‌ "گشت نوسه‌ران و روناكبیران، دۆستانی گه‌لاوێژ ئاگادار ده‌كه‌ینه‌وه‌، (27)ه‌مین فێستیڤاڵی گه‌لاوێژ به‌ ره‌سمی دواخراوه‌ و له‌ ئاینده‌یه‌كی نزیكدا واده‌ی سازكردنی فێستیڤاڵ ئاشكرا ده‌كرێت و 27ه‌مین فێستیڤاڵ سازده‌كرێت".

راشیگه‌یاند كه‌ "ئێمه‌ له‌ تۆڕی ناوه‌ندی رۆشنگه‌ری چاودێر ‌و بنكه‌ی ڕوناكبیری گه‌لاوێژ، به‌رپرسیارێتی هیچ بۆنه‌‌و چالاكیه‌ك له‌ ئه‌ستۆ ناگرین كه‌ به‌بێ هیچ ماف و شه‌رعیه‌تێك به‌ناوی بنكه‌وه‌ سازبدرێت، هه‌روه‌ك ده‌سبه‌رداری مافی یاسایی خۆشمان نابین و رێچكه‌ی یاسایی ده‌گرینه‌ به‌ر بۆ پارێزگاری له‌ ناو و ناوبانگ و شكۆی بنكه‌ و فێستیڤاڵی گه‌لاوێژ".

هه‌ر له‌و كۆبونه‌وه‌یه‌دا مه‌لا به‌ختیار و "ده‌سته‌ی باڵای ناوه‌ندی رۆشنگه‌ری چاودێر"، بڕیاریان دا له‌ 27ه‌مین فێستیڤاڵه‌وه‌، خه‌ڵاتێكی ساڵانه‌ دابنرێت به‌ ناوی (خه‌ڵاتی ساڵانه‌ی سامی هادی بۆ داهێنان)، بۆ زیندوو هێشتنه‌وه‌ی یاد و كاره‌كانی شادڕه‌وان سامی هادی كه‌ له‌ 26 فێستیڤاڵی رابردوو رۆڵی باڵای له‌ فێستیڤاڵدا هه‌بوو.

ئه‌مه‌ش دوای‌ ئه‌وه‌ دێت كه‌ دوێنێ‌ یه‌كشه‌ممه‌ په‌یجی‌ گەلاوێژ له‌ تۆڕی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ فه‌یسبووك رایگه‌یاند كه‌ له‌ رۆژانی‌5 -2024/12/7 له‌ ته‌لاری‌ هونه‌ری‌ شاری‌ سلێمانی‌ بیست و حه‌وته‌مین ڤیستیڤاڵی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ گه‌لاوێژ به‌ دروشمی‌ (له‌پێناوی‌ شكۆی‌ وشه‌دا، گه‌لاوێژ به‌رده‌وامه‌) ساز ده‌كرێت.




PM:11:17:25/11/2024




ئه‌م بابه‌ته 888 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت