كه‌رتی راگه‌یاندنی سه‌رژمێری هه‌رێم واده‌ی‌ ده‌ستپێكردنی‌ قۆناغی كۆتایی پڕۆسه‌كه‌ی راگه‌یاند


وێستگه‌نیوز-
كه‌رتی راگه‌یاندنی سه‌رژمێری هه‌رێمی كوردستان واده‌ی‌ ده‌ستپێكردنی‌ قۆناغی كۆتایی پڕۆسه‌ی سه‌رژمێری راگه‌یاند، ده‌شڵێت: "ئه‌و هاوڵاتیانه‌ی تائێستا ناوی خۆیان تۆمار نه‌كردووه‌، له‌ قۆناغی كۆتاییدا ده‌توانن خۆیان تۆمار بكه‌ن".


كه‌رتی راگه‌یاندنی سه‌رژمێری هه‌رێمی كوردستان له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌دا كه‌ "به‌یانی دووشه‌ممه‌ به‌رواری 25ـ11ـ2024 خولی راهێنان بۆ سه‌رجه‌م بژمێره‌كان ده‌كرێته‌وه‌ له‌ پارێزگاكان و ئیداره‌كان و راهێنانیان له‌باره‌ی چۆنیه‌تی پڕكردنه‌وه‌ی فۆرمی سه‌رژمێری و پێدانی زانیاری به‌ هاووڵاتییان پێده‌درێت".

ده‌شڵێت: "خوله‌كه‌ پێنج رۆژ ده‌خایه‌نێت و 30ی ئه‌م مانگه‌، قۆناغی كۆتایی پڕۆسه‌ی سه‌رژمێری ده‌ستپێده‌كات".

راشیگه‌یاندووه‌ كه‌ "ئه‌و هاوڵاتیانه‌ی تاوه‌كو ئێستا به‌ هه‌ر هۆكارێك بێت نه‌یانتوانیوه‌ له‌ رۆژانی 17 تاوه‌كو 22ی‌ مانگ، ناوی خۆیان تۆمار بكه‌ن، له‌ قۆناغی كۆتاییه‌دا ده‌توانن خۆیان تۆمار بكه‌ن".

نزیكه‌ی دوو مانگ له‌مه‌وبه‌ر تیمه‌كانی سه‌رژمێری وه‌ك قۆناغی یه‌كه‌م ده‌ستیان به‌ قوناغی‌ ژماره‌پێدان و دیاریكردنی‌ خانووبه‌ره‌ و بینا و دامه‌زراوه‌كان كرد و دواتر، ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ی‌ رابردوو 20ی‌ تشرینی‌ دووه‌می‌ 2024، قۆناغی دووه‌میان ده‌ستپێكرد به‌ ئه‌نجامدانی سه‌رژمێرییه‌كی گشتگیری دانیشتوانی خه‌ڵك له‌سه‌ر بنه‌مای به‌ڵگه‌نامه‌ی فه‌رمی تاكه‌كان.

پرۆسه‌كه‌ بۆ ماوه‌ی دوو رۆژ به‌رده‌وام بوو، له‌و ماوه‌یه‌دا حكومه‌تی عێراق قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆی له‌ ناوه‌وه‌ و ده‌ره‌وه‌ی پارێزگاكاندا سه‌پاند بۆ دڵنیابوون له‌ دروستی زانیارییه‌كان و دواتر رۆژێك درێژی‌ كرده‌وه‌ و قه‌ده‌غه‌ی‌ هاتووچۆی‌ سوك كرد.


PM:10:46:24/11/2024


ئه‌م بابه‌ته 600 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت