سه‌ركرده‌یه‌كی‌ باڵای‌ پارتی‌ مه‌رجه‌كانیان بۆ پێكهێنانی‌ حكومه‌تی‌ نوێی‌ هه‌رێم ده‌خاته‌ڕوو

‌هیوا ئه‌حمه‌د مسته‌فا ناسراو به‌ هیوا رانیه‌یی

وێستگه‌نیوز-

ئه‌ندامێكی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی‌ كوردستان رایگه‌یاند كه‌ له‌ ئاینده‌یه‌كی نزیكدا پارتی ده‌ست به‌ دانوستان بۆ پێكھێنانی حكومه‌تی نوێ ده‌كات. سه‌باره‌ت به‌ مه‌رجه‌كانی‌ پارتی-ش ده‌ڵێ: "(یه‌ك ھه‌رێم، یه‌ك په‌رله‌مان، یه‌ك حكومه‌ت و یه‌ك ھێزی پێشمه‌رگه‌) له‌ كوردستان ھه‌بێت".

هیوا ئه‌حمه‌د مسته‌فا ناسراو به‌ هیوا رانیه‌یی ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی و ‏‎به‌رپرسی مه‌كته‌بی ڕێكخستنی پارێزگای كه‌ركوك-گه‌رمیانی پارتی دیموكراتی كوردستان، به‌ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی حزبه‌كه‌ی‌ وت كه‌ "پارتی لیژنه‌ی دانوستانی پێكھێناوه‌ بۆ گفتوگۆ و دانوستان له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كان و به‌ زووترین كات ده‌ست به‌ دانوستان ده‌كه‌ین له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كاندا".

ئاماژه‌شی‌ به‌وه‌داوه‌ كه‌ رێكه‌وتی سه‌ردانی لایه‌نه‌كان دیاری نه‌كراوه‌، به‌ڵام له‌ ئاینده‌یه‌كی زۆر نزیكدا ئه‌و دانوستانانه‌ به‌ڕێوه‌ ده‌چن".

ھیوا رانیه‌یی ده‌ڵێت: "سه‌ردان و دانوستان له‌گه‌ڵ ھه‌موو لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان ده‌بێت، گوێ له‌ لایه‌نه‌كان ده‌گرین بزانین ئه‌وان بۆچوونیان له‌باره‌ی پێكھێنانی كابینه‌ی نوێ چییه‌".

په‌یوه‌ست به‌ مه‌رجه‌كانیشیان، ئه‌و به‌رپرسه‌ باڵایه‌ی‌ پارتی‌ باسی‌ له‌وه‌ كرد كه‌ "پارتی ھه‌ر ئه‌و مه‌رجانه‌ی ھه‌یه‌ كه‌ سه‌رۆك بارزانی ئاماژه‌ی بۆ كردووه‌، (یه‌ك حكوومه‌ت یه‌ك په‌رله‌مان، یه‌ك ھه‌رێم و یه‌ك ھێزی پێشمه‌رگه‌".

هیوا رانیه‌یی راشیگه‌یاند كه‌ "ده‌مانه‌وێ حكومه‌تێك دروست بكرێت خه‌ڵك ھه‌ست به‌وه‌ بكات حكومه‌تێك ھه‌یه‌ نه‌ك چه‌ند حكومه‌تێك، ناكرێت حكومه‌ت له‌ناو حكومه‌ت ھه‌بێت، ده‌بێ بڕیاره‌كانی سه‌رۆك وه‌زیران و وه‌زیره‌كانی حكومه‌ت، بۆ ھه‌موو ناوچه‌كان بێت".



PM:09:10:24/11/2024


ئه‌م بابه‌ته 596 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت