کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی پەسەند کرد


وێستگەنیوز_

کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی پەسەند کرد و نووسراوەکە ئاراستەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەکات. 

ئەمڕۆ یەکشەممە، 24ـی 11ـی 2024، نەبەرد عومەر، بەرپرسی دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان لە کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی سەر بە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئەنجامی خولی شەشەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی پەسەند کرد.

ئاماژەی بەوەشکرد، هەر ئەمڕۆ یەکشەممە، ئەنجوومەنی کۆمیسیاران نووسراوی پەسەندکردنی ئەنجامی هەڵبژاردن، بە شێوەیەکی فەرمی ئاراستەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەکات. 

ئەمە لە کاتێدایە، 18ی ئەم مانگە دەستەی دادوەری لە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق سەرجەم تانەکانی پەیوەست بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان یەکلایی کردەوە کە ژمارەیان 44 تانە بوو.

ڕۆژی پێنجشەممە، 31ـی 10ـی 2024، دەرگای تانەدان لە ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کرایەوە و 41 تانە لەلایەن حزبە سیاسییەکانەوە تۆمار کران کە 25ـیان لە سلێمانی، 12یان لە هەولێر، سێ دانەیان لە دهۆک و تانەیەکیش لە هەڵەبجە بووە.


PM:03:48:24/11/2024


ئه‌م بابه‌ته 364 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت