کەشوهەوا دەگۆڕێت و باران و بەفر بارین دەستپێدەکات


وێستگەنیوز-

شارەزایەکی کەشناسی رایدەگەیەنێت، لە ئەمشەوەوە شەپۆلێکی بارانبارین و سەرما روو لە ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان دەکات.


ئەمڕۆ یەکشەممە 24ی تشرینی دووەمی 2024، پشتیوان ئیبراهیم، شارەزای کەشناسی بە وێستگەنیوزی راگەیاند، "شەپۆلێکی بارانبارین و بەفر و سەرما کە سەرچاوەی دەریای ناوەڕاست لەگەڵ شێی دەریایی سوور لە شەوی یەکشەممە لەسەر دووشەممە 24-25 / 11 / 2024 هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە سەرەتا لە سنوورەکانی پاڕێزگای دهۆک دەستپێدەکات و پاشان بەپێی کات دەگاتە ناوچەکانی دیکە و کاریگەری نزمە پاڵەپەستۆکە لەسەرناوچەکانمان زیاتر دەبێت و بارانبارین لە مامناوەند بۆ بەهێز بە شێوازی پچر پچڕ و هەندێک کات بارانی بەخوڕ دەبێت لەگەڵ هەورەگرمە و هەورتریشقە و ڕێژەی بارانەکە بەپێی ناوچەکان جیاوازە".

ئاماژەی بەوەکرد، "بەهۆی دابەزینی بارستە هەوایکی ساردی جەمسەری بۆ سەرناوچەکانمان و نزم بونەوەی پلەکانی گەرما بەفر بارین لەبەرزی ( 1500 بۆ 1200 ) مەتر لە سەرووی ئاستی دەریاوە ئەگەری بارینی هەیە، هەروەها پلەکانی گەرما لە 7 پلە بۆ 9 پلە بەپێی ناوچەکان دەست بەنزمەبوونەوە دەکات".

وتیشی، "لەم شەپۆلەدا خێرایی با لە 20 کیلۆمەترەوە بۆ 30 کیلۆمەتر دەبێت و بەپێی کات و شوێن گۆڕانکاری روودەدات لە ناوچە شاخاوییەکان خێرایی با زیاترە".

ئەوەشی خستەڕوو، "لە رۆژی سێشەممەوە شەپۆلەکە لاواز دەبێت و لە رۆژی چوارشەممە کۆتایی پێ دێت، لە ماوەی کۆتایی شەپۆلەکەدا پلەی گەرما زیاتر نزم دەبێتەوە بەهۆی زیاتر کاریگەری بارستە هەوا ساردەکە ئەگەری هەیە بەفربارین زیاتر دابەزێت بۆ شاخەکانی سنووری سلێمانی وەک ئەزمەر و گۆیژە و ئەگەری هەیە سەنتەری شاری پێنجوێن بگرێتەوە".




PM:12:24:24/11/2024


ئه‌م بابه‌ته 484 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت