پارێزگاری هەولێر: رێژەی تۆمارکردن لە هەولێر لە %97.39-یە
وێستگەنیوز-
پارێزگاری هەولێر لەبارەی پرۆسەی سەرژمێرییەوە راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە رایدەگەیەنێت، لەم قۆناغەی سەرژمێریدا رێژەی تۆمارکردن لە %97.39 بووە.
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، "بەپێی ئەو ئامادەکاری و پلانانەی کە لە ماوەى چەند ڕۆژى ڕابردودا بەمەبەستی ئەنجامدانى پڕۆسەى سەرژمێرى گشتیى و ڕۆژانى قەدەغەى هاتووچۆ و پابەندبوونی هاوڵاتییان بە بڕیار و ڕێنماییەکان لەلایەن پارێزگای هەولێر و لێژنەى ئەمنى پارێزگا ئامادەکرابوو، هەروەها ئەو ئامادەکاری و ڕاهێنانەی بۆ تیمەکان کرابوو لە سنوورى پارێزگاى هەولێر، توانرا بە هەوڵ و هەماهەنگى هەموولایەنە پەیوەندیدارەکان لە سنوورى پارێزگاکەمان ڕێژەى تۆمارکردنى هاوڵاتییان لە قۆناى یەکەمى خێزان و ئەندامان لە پڕۆسەى سەرژمێرى گشتیى بگات بە ( 100% )، و لە قۆناغى دووەمیشدا لە دوو ڕۆژى ڕابردوودا لە ماوەى 48 کاتژمێر توانرا ڕێژەى تۆمارکردن لە سنووری پارێزگای هەولێر بگات بە ( 97.39% )، و ڕۆژانى ئەنجامدانى پڕۆسەکەش بەبێ ڕوودانى هیچ گرفت و ڕووداوێکى نەخوازرا و بە شێوەیەکى زۆر باش و سەرکەوتوو و بەبێ کەم و کوڕى بەڕێوەبچێت، سەرەڕایی درێژکردنەوەی پڕۆسەکە بۆ 24 کاتژمێری دیکە لەلایەن حکومەتی عێراقی فیدراڵ و پەسندکردنی لەلایەن وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێم بۆ دەرفەتدان بەو هاوڵاتییانەی هێشتا تۆمارنەکراون، وەک پارێزگای هەولێر بەدەرفەتی دەزانین لەو ماوەیەدا ڕێژەی تۆمارکردن لە سنووری پارێزگای هەولێر بگەێنین بە ( 100%)".
ئاماژەی بەوەکرد، "سوپاس بۆ حکومەتى هەرێمى کوردستان و حکومەتى عێراقى فیدراڵ و وەزارەتەکانى پلاندانى هەرێم و عێراق، دەستەى گشتیى ئامار و بەڕێوەبەرایەتى ئامارى هەولێر، سوپاس بۆ هەوڵ و ماندووبوونى یەکە بە یەکەى هەموو ئەو مامۆستا و لاو و گەنجانەى کە لە تیمەکان بەشداربوون و سەرجەم ئەو لایەنانەى بوونە هۆ و هۆکارى سەرخستنى پڕۆسەکە لە سنوورى پارێزگاکەمان. سوپاس بۆ هاوڵاتییان و دانیشتوانى خۆشەویست و دوکاندار و کاسبکار و خاوەنکارانى شارەکەمان، کە پابەندبوون بە بڕیار و ڕێنماییەکانی ڕۆژانى قەدەغەی هاتووچۆ و تەواوی ڕێنماییەکانیان وەکو خۆیی و بەباشی جێبەجێکرد".
ئەوەشی وت، "دەستخۆشی لە سەرجەم یەکە کارگێڕی و ئیدارییەکان و تەواوى هێزە ئەمنیەکان و تیمە تەندروستییەکان و فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان دەکەین بۆ بەجێگەیاندنی ئەرکەکانیان لە دوو ڕۆژى قەدەغەى هاتووچۆ، جارێکى تر سوپاس بۆ هەموو ئەوانەى هەماهەنگ و هاوکارى پارێزگاى هەولێر بوون لە پێناو سەرخستنى ئەو پڕۆسە گرنگ و مێژوویە، کە هەولێر تێیدا بوو بە پێشەنگی پارێزگاکانی دیکەی هەرێمی کوردستان و عێراق".
AM:12:04:22/11/2024
ئهم بابهته 1280
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت