رێبوار تەها: هیچ کەس ناتوانێت خۆی بکاتە خەڵکی کەرکووک ئەگەر لە راستیدا وانەبێت


وێستگەنیوز_

پارێزگاری کەرکووک رایگەیاند، "هیچ کەسێک ناتوانێت هاوڵاتیەک بکاتە خەڵکی کەرکوک، ئەگەر کەرکووکی نەبێت."ئاماژە بەوەش دەدات، سەدا 80ـی هاوڵاتیان لە پرۆسەی سەرژمێریی تۆمار کراون."

ئەمرۆ پێنجشەممە، 21ـی 11ـی 2024، ڕێبوار تەها، پارێزگاری کەرکووک کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی لەبارەی بەڕێوەچوونی پرۆسەی سەرژمێریی دانیشتووان لە سنووری پارێزگاکە ساز کرد و داوای لە هاوڵاتیان کرد لە ماڵەکانیاندا بمێننەوە، چونکە "مانەوەتان پرۆسەی سەرژمێریی سەرکەوتوو دەکات، کاری تیمەکانی سەرژمێریی ئاسانتر دەکات و بە مانەوەشتان لە ماڵەکانتان ڕووبەڕووی هەموو پروپاگەندەکان دەبنەوە."

باسی لەوەشکرد، "پێشتر ژمارەی دانیشتوانی کەرکووک بە نزیکەی یەک ملیۆن و 350 هەزار کەس دیاری کراوە، بەڵام بە گوێرەی ئەم سەرژمێرییە بێت، ژمارەکە بۆ زیاتر لە یەک ملیۆن و 900 هەزار کەس زیاد دەکات؛ ئەمەش بودجەی پارێزگاکە، پشکی پارێزگاکە لە دامەزراندن و بڕی وەرگرتنی کارەبای نیشتمانی زیاد دەکات. سەرباری هەموو ئەو بابەتانەی بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ پەیوەندییان بە ژیانی ڕۆژانەی خەڵکەوە هەیە."

ئەوەشی خستەڕوو، "لە دوێنێ چوارشەممەوە، 20ـی 11ـی 2024، نزیکەی سەدا 80ـی هاوڵاتیانی سنووری پارێزگاکە خۆیان لە پرۆسەی سەرژمێریی تۆمار کردووە، بۆیە مانەوەی هاوڵاتیان لە ماڵەکانیان بۆ تەواوکردنی پرۆسەکە بە شێوەیەکی سەرکەوتووانە زۆر گرنگە."

هەروەها دووپاتی کردەوە کە: "هیچ کەسێک ناتوانێت هاوڵاتیەک بکاتە خەڵکی کەرکووک، ئەگەر کەرکووکی نەبێت، چونکە بەڵگەنامەکانی دەیسەلمێنن هاووڵاتییەکە کەرکووکییە یان نـە، پێویست ناکات هیچ کەسێک خۆی بەم بابەتەوە ماندوو بکات؛ من و باوکم ناسنامەیکمان هەیە، ئەو ناسنامەیە دیاری دەکات من خەڵکی چ شارێکم."


PM:01:06:21/11/2024


ئه‌م بابه‌ته 364 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت