پەیامێک لە مەکتەبی سیاسیی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان


وێستگەنیوز_

مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە رۆژی شەهیدی یەكێتیدا پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت،"مێژووی پڕ سەروەریی و تێكۆشانی یەكێتی هەموو رۆژەكانی پڕن لە تۆماری سەربەرزی."

دەقی پەیامەکە...

مێژووی پڕ سەروەریی و تێكۆشانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان هەموو رۆژەكانی پڕن لە تۆماری سەربەرزی و گیانبازی، كە سەرقافڵەی ئەم كاروانە نەپساوەیە شەهیدانی سەرکردە (خاڵە شیهاب و جەعفەرعەبدولواحید و ئەنوەر زۆراب) بوون، كە لە رۆژی 21ی تشرینی دووەمی ساڵی 1975دا لە زیندانەكانی رژێمی بەعسی رووخاودا بە دروشمی (كەم بژی و كەڵ بژی) گیانیان بۆ ئازادیی و سەربەخۆیی كورد و كوردستان بەخشی.

لەناو ئەم كاروانەی شەهیدان و سەروەراندا كە هەزاران تێكۆشەر لەنێو زیندان، لە چالاكیەكانی نێو شار، لە سەنگەرەكانی بەرگریدا بەگیان و خوێنی خۆیان چەندین داستانی نەبەردی و رووبەڕووبوونەوەیان بەرامبەر بە جەلادەكان و نۆكەر و هێزەكانی رژێمی بەعسی ڕووخاو تۆماركردوە، بۆ هەمیشە بە نەمری لە دڵ و ویژدانی هەموو كوردێكی تێكۆشەر دەمێننەوە، بۆ بەرز راگرتنی ئەو قارەمانێتی و سەروەرییانەیان و بەرز راگرتنی یادەوەری وناوبانگیان، لە كۆی ساڵدا ئەم رۆژە دیاری كراوە تاوەكو هەمووان پێكەوە لەیەك ساتدا سەری رێز لەئاست یادكردنەوەیاندا دابنەوێنین.

لەم یادەدا پڕشكۆیەدا سەربەرزین بەوەی لە سایەی قوربانیدانی شەهیدەكانماندا، یەكێتیەكەمان بەهەمان گیانی سەردەمی سەختی دێرینەوە بەردەوامە و وێستگەی هەڵبژاردنی ئەمجارەی کوردستانیش بەڵگەی زیندوون.

ئەم پێداگیری و رژدبوونەمان لە درێژەپێدانی رێبازی شەهیدانەوە سەرچاوەی گرتووە و ئەمانەتێكە لە ئەستۆمان كە دەبێت نەك هەر بۆ ئیمڕۆ بەڵكو بۆ ئایندەی دووریش درێژە پێدەری بین تاوەكو گشت مافە بەدینەهاتوەكان لەسەرئاستی عێراقیشدا مسۆگەر بكەین

 درود بۆ رۆحی شەهیدان وسڵاوی وەفا و ئەمەكداری بۆ كەسوكار وخانەوادە هەمیشە سەربەرزەكانیان.

مەكتەبی سیاسیی

یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان


PM:08:27:20/11/2024


ئه‌م بابه‌ته 1208 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو