وەزیری پلاندانان: هەرێمی کوردستان زۆر لە مێژە چاوەڕێی سەرژمێری دانیشتوانە
وێستگەنیوز_
وەزیری پلاندانانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، "هەرێمی کوردستان زۆر لە مێژە چاوەڕێی سەرژمێری دانیشتوانە". هەروەها، داوا لەو هاوڵاتییانە دەکات کە ماون بتوانن بگەڕێنەوە زێدی خۆیان تاکو سەرژمێر بکرێن و بە خەڵکی ڕەسەنی ئەو ناوچانە ناونووس بکرێن.
ئەمرۆ چوارشەممە، 20ـی تشرینی دووەمی 2024، د. دارا ڕەشید، وەزیری پلاندانانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، بە هاوکاری و هەماهەنگی وەزارەتی پلاندانانی فیدراڵی، توانیمان بە سەرکەوتووی بگەینە یەکەم ڕۆژی سەرژمێری.
وەزیری پلاندانان دەڵێت: "سوپاسمان هەیە بۆ دەستەی ئامار و سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەکانی هەولێر، سلێمانی، دهۆک، هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی سۆران، ڕاپەڕین، گەرمیان و یەکە بەیەکەی دەستەی ئاماری کوردستان هەیە، کە توانیویانە بە بوێرانە و بە ماوەیەکی کەم و کەمترین بوودجە، زۆرترین کار بکەن".
دەشڵێت: "ئێمە وەکو هەرێمی کوردستان زۆر دواتر لە دوای حکومەتی فیدراڵییەوە بووین، بەهۆی کێشەی تابلێتەکان تاکوو گەیشتینە چارەسەرکردنی کێشەی ئەو تابلێتانە".
ڕاشیگەیاند، "سوپاسی خەڵکی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم دەکەین، کە گەڕاونەتەوە شوێنی مێژووی باب و باپیرانیان، هیوادارین ئەوانەشی ماون بتوانن بگەڕێنەوە زێدی خۆیان و بۆ ئەوەی سەرژمێر بکرێن، چونکە ئەوەی لە 20 و 21ـی ئەم مانگە سەرژمێری دەکرێت بە خەڵکی ڕەسەنی ئەو ناوچانە ناونووس دەکرێن".
باسی لەوەش کرد، "هەرێمی کوردستان زۆر لە مێژە چاوەڕێی سەرژمێری دانیشتوانە، چونکە ئەو سەرژمێرییە زۆر گرنگە. ئەو سەرژمێرییەش ڕێژەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان لە کۆی گشتیی دیاری دەکرێت، ئەوەش بۆ ئەوەی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان چی دیکە لەلایەن حکومەتی فیدراڵ و میزاجی سیاسییەکانی عێراقەوە یاری پێ نەکرێت".
PM:12:43:20/11/2024
ئهم بابهته 260
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت