پرۆسەی سەرژمێریی گشتی و قۆناغی چەسپاندنی زانیارییەکان دەستیپێکرد


وێستگەنیوز_

قۆناغی چەسپاندنی داتا و زانیاریی دانیشتووان لە پرۆسەی سەرژمێریی گشتی دەستیپێکرد و بەهۆى پرۆسەکەشەوە قەدەغەى هاتوچۆ لەسەرانسەری عێراق و هەرێمی کوردستان راگەیەندراوە. 

ئەمڕۆ چوارشەممە 20ـى 11ـی 2024، قۆناغی چەسپاندنی داتا و زانیاریی دانیشتووان لە پرۆسەی سەرژمێریی گشتی دەستیپێکرد و ماوەی دوو رۆژ بەردەوام دەبێت؛ و وابڕیارە لەو دوو رۆژەدا سەرجەم ئەو داتا و زانیارییانەی پێشتر لەلایەن بژمێرەکانەوە تۆمارکراون ووردبینی تەواوی بۆ بکرێتەوە و بچەسپێندرێن.

بەگوێرەى کۆنووسى کۆبوونەوەى لیژنەى باڵاى ئەمنیی تایبەت بەسەرژمێرى پێویستە قەدەغەى هاتوچۆى سنووردار لەنێوان پارێزگا و ئیدارەسەربەخۆکان جێبەجێبکرێت، تەنها رێگا بە هاتووچۆى تیمە فریاگوزارییەکان و تیمەکانى سەرژمێرى و رۆژنامەنووسان و کارمەندانى کۆمپانیاکانى گەیاندن و نەوت دەدرێت.

لەبڕیارەکاندا باس لەوەشکراوە، دامودەزگاکانى کەرتى گشتى و تایبەت بەشێوەیەکى سنووردار رێگە بەهاتوچۆکردنیان دەدرێت، کەسانى بیانى و نێردە نێودەوڵەتییەکان قەدەغەى هاتووچۆ نایانگرێتەوە، فڕۆکەخانە و دەروازە نێودەوڵەتییەکان بۆ هاتووچۆى گەشتیارى و بازرگانیی کراوە دەبن.

بڕیارى جێبەجێکردنى قەدەغەى هاتووچۆ لە کاتژمێر 12ـى شەوى رابردوو دەستیپێکردووە و بۆ ماوەى 48 کاتژمێر بەردەوام دەبێت.


AM:09:55:20/11/2024


ئه‌م بابه‌ته 796 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت