قوباد تاڵەبانی لەگەڵ فەرماندەی نوێی هێزەکانی ئەڵمانیا کۆبووەوە


وێستگەنیوز_

ئەمرۆ سێشەممە 19ـی 11ـی 2024، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران؛ لەگەڵ کۆلۆنێڵ تۆماس ریتەر، فەرماندەی نوێی هێزەکانی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان کۆبووەوە و پرسی ریفۆرم لە وەزارەتی پێشمەرگە تاوتوێ کراوە.

لە کۆبوونەوەکەدا شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە و لیوا بەختیار، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە تێیدا ئامادەبوون، قوباد تاڵەبانی پیرۆزبایی لە کۆلۆنێڵ تۆماس ریتەر کرد بەبۆنەی دەستبەکاربوونی وەک فەرماندەی نوێی هێزەکانی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان ئامادەی خۆی دەربڕی بۆ هەموو جۆرە هاوکاری و پاڵپشتییەک بۆ هێزەکانی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان.

هەروەها، جێگری سەرۆک وەزیران "سوپاسی حکومەت و پەرلەمانی ئەڵمانیای کرد کە رەزامەندییان دەربڕیوە بۆ درێژکردنەوەی مانەوەی هێزەکانی ئەو وڵاتە لە هەرێمی کوردستان و عێراق؛ و ستایشی ئەڵمانیای کرد کە هەمیشە هاوکار و پشتیوانی هەرێمی کوردستان بووە بە تایبەت لە شەڕی دژی تیرۆر و پرۆسەی چاکسازی لە هێزەکانی پێشمەرگەدا."

بەپێی راگەیەندراوی کۆبوونەوەکە، پاش گفتوگۆ لەبارەی ئاستەنگەکانی بەردەم پرۆسەی ریفۆرم لە وەزارەتی پێشمەرگەدا کراوە؛ و قوباد تاڵەبانی جەختی لەوە کردووەتەوە کە، "پێویستە حکومەتی داهاتووش پشتیوانی پرۆسەی چاکسازی بکات لە هێزەکانی پێشمەرگەدا."

هاوکات، جێگری سەرۆک وەزیران ئاشکرایکردووە، "هێشتا تیرۆر هەڕەشەیەکی جدییە بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیری عێراق و ناوچەکە، هەربۆیە پێویستە ئاستی هاوکاری و هەماهەنگی لە نێوان هێزە ئەمنییەکانی کوردستان و عێراق لەگەڵ هاوپەیمانان زیاتر بکرێت."


PM:07:44:19/11/2024










ئه‌م بابه‌ته 304 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت