6 بڕیار له‌ وه‌زاره‌تی ناوخۆی‌ هه‌رێمه‌وه‌ بۆ ئه‌نجامدانی سه‌رژمێری گشتی و قه‌ده‌غه‌ی هاتووچۆ


وێستگه‌نیوز-
وه‌زاره‌تی ناوخۆی‌ هه‌رێم رێوشوێنه‌كانی ئه‌نجامدانی سه‌رژمێری گشتی و قه‌ده‌غه‌ی هاتووچۆی‌ راگه‌یاند و شه‌ش بڕیاری‌ له‌و باروه‌ ده‌ركرد.


وه‌زاره‌تی‌ ناوخۆی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌دا كه‌ "دوای نیوه‌ڕۆی ڕۆژی یه‌كشه‌ممه‌ ڕێكه‌وتی 17ی تشرینی دووه‌می 2024، له‌ دیوانی وه‌زاره‌تی ناوخۆ، به‌ سه‌رپه‌رشتی رێبه‌ر ئه‌حمه‌د وه‌زیری ناوخۆ و ئاماده‌بوونی پارێزگار و سه‌رپه‌رشتیاری ئیداره‌ سه‌ربه‌خۆكان و به‌ڕێوه‌به‌رانی پۆلیس و ئاسایش و هاتوچۆ و نوێنه‌ری وه‌زاره‌تی پلاندانان، كۆبوونه‌وه‌ی لێژنه‌ی باڵای ئه‌منی تایبه‌ت به‌ ئاماده‌كاری ئیداری و ئه‌منی بۆ به‌ڕێوه‌چوونی پرۆسه‌ی سه‌رژمێری گشتی له‌سه‌ر ئاستی عێراق به‌ هه‌رێمی كوردستانیشه‌وه‌ به‌ڕێوه‌ چوو.
له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا سه‌ره‌تا باس له‌بایه‌خ و گرنگی پرۆسه‌ی سه‌رژمێری گشتی كرا و هانی هه‌موو هاووڵاتیان درا كه‌ به‌ ئاماده‌بوون له‌ ماڵه‌وه‌ به‌ ڕاستی و دروستی داتاكانی خۆیان له‌و پرۆسه‌یه‌ تۆمار بكه‌ن. ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی به‌ هاونیشتیمانیانی ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێمی كوردستانه‌ كه‌ به‌ ناوچه‌كانی مادده‌ی 140 ناسراون، كۆبوونه‌وه‌ هانی هاووڵاتیانی دا، ئه‌وانه‌ی ده‌توانن شوێنی مانه‌وه‌ دابین بكه‌ن، له‌ ئه‌مڕۆوه‌ بگه‌ڕێنه‌وه‌ زێدی خۆیان بۆ ئه‌وه‌ی له‌ ڕۆژانی 17 تا 19ی تشرینی دووه‌م تۆمار بكرێن و له‌ ڕۆژانی 20-21ی تشرینی دووه‌میش داتاكانیان پشت ڕاست بكرێته‌وه‌ و له‌و ناوچانه‌ كه‌ زێدی خۆیان و باب و باپیریانه‌، تۆمار بكرێن.
كۆبوونه‌وه‌ ئه‌م بڕیارانه‌ی خواره‌وه‌یدا:

یه‌كه‌م: پاڵپشت به‌ نوسراوی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران/ سه‌رۆكایه‌تی دیوان ژماره‌  15988  له‌ 14/11/2024، فه‌رمانبه‌ران و كارمه‌ند و ئه‌فسه‌ران، ئه‌وانه‌ی خه‌ڵكی ڕه‌سه‌نی ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێمن، پێویسته‌ له‌ رۆژانی 17و 18 و 19ی تشرینی دووه‌م له‌و شوێنانه‌ بن بۆ ئه‌وه‌ی له‌ لایه‌ن بژمێره‌كانی سه‌رژمێری زانیارییه‌ سه‌ره‌تاییه‌كان تۆمار بكه‌ن. دواتر پێویسته‌ ڕۆژانی 20 و 21ی تشرینی دووه‌م، وه‌كو ئه‌وه‌ی له‌ ڕینماییه‌كانی وه‌زاره‌تی پلانداناندا هاتووه‌، له‌و شوێنانه‌ بمێنن بۆ ئه‌وه‌ی بژمێره‌كان پشتڕاستی زانیارییه‌كان بكه‌نه‌وه‌ و دڵنیا بن له‌وه‌ی هیچ خانه‌واده‌یه‌ك یان ئه‌ندامی خانه‌واده‌یه‌ك له‌بیر نه‌كراوه‌. پێویسته‌ هاونیشتیمانیان به‌ڵگه‌نامه‌ فه‌رمییه‌كانی وه‌كو كارتی نیشتیمانی، یان ناسنامه‌ی باری شارستانی و ره‌گه‌زنامه‌، له‌گه‌ڵ كۆبۆنی خۆراك له‌گه‌ڵ خۆیان ببه‌ن و له‌و ناوچانه‌ خۆیان ناونووس بكه‌ن. ئه‌وانه‌ی گوند و لادێكانیان خاپوو كراوه‌ و شوێنی مانه‌وه‌یان نیه‌، ده‌توانن له‌ شوێنی دانیشتنی ئێستایان له‌ شار و شارۆچكه‌كانی هه‌رێمی كوردستان خۆیان ناونووس بكه‌ن به‌ڵام ئاماژه‌ به‌ زێدی ڕه‌سه‌نی خۆیان بكه‌ن و هۆكاری ڕاگواستن و ده‌ركردنیان تۆمار بكه‌ن.

دووه‌م: ده‌رباره‌ی دانیشتوانی خۆجێی پارێزگا و ئیداره‌ سه‌ربه‌خۆكانی هه‌رێمی كوردستان، پێویسته‌ هاونیشتیمانییان به‌ڵگه‌نامه‌ فه‌رمییه‌كانی خۆیان وه‌كو كارتی نیشتیمانی، یان ناسنامه‌ی باری شارستانی و ره‌گه‌زنامه‌، له‌گه‌ڵ كۆبۆنی خۆراك ئاماده‌ بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی بژمێر ته‌واوی زانیاری خێزانه‌كه‌یان به‌ ڕاستی و دروستی تۆمار بكات.

سێیه‌م: هه‌ر هاووڵاتیه‌ك به‌ هه‌ر هۆكارێك له‌ ئێستادا له‌ هه‌رێمی كوردستان نییه‌، پێویسته‌ خانه‌واده‌كه‌ی به‌ڵگه‌نامه‌ پێویسته‌كانی وه‌كو كارتی نیشتیمانی، یان ناسنامه‌ی باری شارستانی و ڕه‌گه‌زنامه‌، له‌ لای خۆیان ئاماده‌ بكه‌ن و پێشكه‌شی بژمێری بكه‌ن بۆ تۆمار كردن.

چواره‌م: به‌مه‌به‌ستی جێبه‌جێكردنی پرۆسه‌ی سه‌رژمێری، كاتژمێر 12ی شه‌وی 19 له‌سه‌ر 20 تا كاتژمێر 12ی شه‌وی 21 له‌سه‌ر 22ی تشرینی دووه‌می 2024، له‌ سه‌رتاسه‌ری عێراق به‌ هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ ڕاده‌گه‌یه‌ندرێ. هاووڵاتیان پێویست له‌ ماڵه‌كانیان بمێننه‌وه‌ و چاوه‌ڕێی بژمێره‌كان بكه‌ن تا سه‌ردانیان بكه‌ن و زانیارییه‌كانیان به‌ دروستی تۆمار بكه‌ن. هاتنه‌ ده‌ره‌وه‌ و هاتووچۆی ناوشاره‌كان و نێوان شاره‌كان سنووردار ده‌بێت و ته‌نها تیمه‌كانی پۆلیس، ئاسایش، هاتوچۆ، به‌رگری شارستانی، تیمه‌كانی ته‌ندروستی، كارمه‌ندانی ته‌كنیكی كۆمپانیاكانی بواری گه‌یاندن، كارمه‌ندانی ئێشكگری كۆمپانیای بواری نه‌وت و وزه‌، ده‌رمانخانه‌كانی ئێشكگر، رۆژنامه‌نووسان، نانه‌واخانه‌ و سوپه‌رماركێته‌كان بۆ خۆراكی سه‌ره‌كی، به‌ سنوورداری كراوه‌ ده‌بن. هه‌ر داموده‌زگایه‌كی دیكه‌ی كه‌رتی گشتی و تایبه‌ت كه‌ سروشتی كاره‌كانیان پێویست ده‌كات، به‌ سنوورداری ڕێگای هاتوچۆیان پێ ده‌درێت. نوێنه‌ران و كارمه‌ندانی نێرده‌ دیبلۆماسییه‌كان و دامه‌زراوه‌كانی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان و ڕێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و كه‌سانی بیانی نیشته‌جێی هه‌رێمی كوردستان له‌ قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ ڕیزپه‌ڕ ده‌كرێن.

پێنجه‌م: فڕۆكه‌خانه‌ و ده‌روازه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان بۆ گه‌شتیاری و هاتن و جوڵه‌ی بازرگانی كراوه‌ ده‌بن.

شه‌شه‌م: ده‌سه‌ڵات ده‌درێته‌ پارێزگار و سه‌رپه‌رشتیارانی ئیداره‌ سه‌ربه‌خۆكان به‌ مه‌به‌ستی دۆزینه‌وه‌ی میكانیزمی گونجاو بۆ جێبه‌جێكردنی قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ و هاوكاریكردنی تیمه‌كانی سه‌رژمێری بۆ ئه‌وه‌ی كاره‌كانیان به‌ دروستی ئه‌نجام بده‌ن.




PM:07:20:17/11/2024


ئه‌م بابه‌ته 1580 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت