فازڵ میرانی: یەک هێزی پێشمەرگە ئاسان نییە و مەحاڵیش نییە


وێستگەنیوز-


بەرپرسی دەستەی کارگێری مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان رایدەگەیەنێت، یەک هێزی پێشمەرگە ئاسان نییە و مەحاڵیش نییە، ئاماژەی بەوەشکرد، دەخوازم سلێمانی بگەڕێتەوە شارە حەیاتەکەی جاران.


فازڵ میرانی، بەرپرسی دەستەی کارگێری مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەرنامەی بۆ هەمووانی کوردستان24 رایگەیاند، "کوردستان پێویستی بە کردارە نەک گوتار، لە عێراق هەر کاتێک شۆڕشی کورد بەهێز بووبێت و عێراق بێ هێز بووبێت، کرانەوە دروست بووە و تەنازولیان کردووە، عێراق وڵاتێکی بەهێز نییە، بەڵام بەرامبەر بە ئێمە خۆی بەهێز دەبینێت، چونکە ئێمە لەنێو خۆماندا بێ هێزین".


ئاماژەی بەوەکرد، "هاتنی محەمەد شیاع سوودانی بۆ کوردستان ئاماژەیەک بوو بۆ ئەوەی بە کورد بڵێت هاتووم یارمەتی ئێوە بدەم، هاوکات بۆ ئەوەی نیشانی تورکیا و ئێرانی بدات کە ئێمە لە عێراق زمانێکی هاوبەشمان هەیە، بە ئیدارەی ئەمەریکی نوێش بڵێت: پەیوەندییەکانی کوردستان و بەغدا باشە".


فازڵ میرانی وتی، "ئێمە وەک پارتی پشتیوانی چارەسەریی کێشەی کورد بووینە لە پارچەکانی دیکە بەشێوەیەکی ئاشتی، خۆشمان نەکردووەتە بەدیلی هیچ حزبێک لەو پارچانە".


لەبارەی دانووستانەکانی دوای هەڵبژاردن، فازڵ میرانی وتی، "پێویستە پێشتر تیشک بخەینە سەر پێکهێنانی پەرلەمان، سەرۆکی هەرێم هەڵبژێرین، دوای ئەوە حکومەت هێواش هێواش دروست بکەین پێویستە بەپێی تواناکان لایەنەکان خواستیان هەبێت".


وتیشی، "شتێک نییە ڕێگریی لە دروستبوونی حکومەت بکات بە مەرجی ئەوەی بەرژەوەندی وڵات و میللەت لەسەرووی بەرژەوەندیی حزبەکان بێت".


لەبارەی شاری سلێمانییەوە میرانی ئاماژەی بەوەدا، "دەخوازم سلێمانی بگەڕێتەوە شارە حەیاتەکەی جاران".


بەرپرسی دەستەی کارگێری مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان جەختیشی لەوەکردەوە، "یەک هێزی پێشمەرگە ئاسان نییە و مەحاڵیش نییە".










PM:10:18:16/11/2024


ئه‌م بابه‌ته 1552 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت