داوا دەکرێت بڕیاری جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانی وریشە مورادی رابگیرێت


وێستگەنیوز-

ناوەندی قاهیرە بۆ توێژینەوەی کوردی لەدژی بڕیاری لەسێدارەدانی وریشە مورادی، چالاکوانی سیاسی کورد لەلایەن حکومەتی ئێرانەوە بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە.


لە بەیاننامەکەدا، ناوەندی قاهیرە بۆ توێژینەوەی کوردی داوا لە دەسەڵاتدارانی ئێران دەکات، پێداچوونەوە بەبڕیارەکەیاندا بکەن سەبارەت بە سزادانی چالاکوان (وریشە مورادی).

لە بەیاننامەکەدا ئەوەش هاتووە، "لەھەمان کاتتدا ناوەند دژایەتی و رەتکردنەوەی تەواوی خۆی بۆ ھەموو حوکم و بڕیارە ناڕەواکان لە دژی ئازادیخوازان و تێکۆشەران و چالاکوانانی کۆماری ئیسلامی ئێران دەردەبڕێت، داوا لە هەموو دامودەزگا و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ دەکات کە داوای کۆتاییهێنان بە جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە ناڕەوایە بکەن، هەروەها هەنگاوی خێرا بگرنەبەر بۆ گوشارخستنە سەر دەسەڵاتدارانی ئێران بۆ راگرتنی ئەو بڕیارە بگرنەبەر، هەروەها داوا لە حکومەتی وڵاتانی زلھێز دەکات هەنگاو بنێن و گوشار بخەنە سەر دەسەڵاتدارانی ئێران بۆ راگرتنی جێبەجێکردنی بڕیارەکە".

هەروەها ناوەندەکە، داوا لە هەموو بازنەکانی یاسایی، سیاسی، فێمینیست و رۆشنبیری دەکات، هەنگاو بنێن و ناڕەزایەتی خۆیان بۆ ئەم بڕیارە ناڕەوایە دەرببڕن و داوا بکەن جێبەجێکردنی حوکمەکە رابگیرێت.

رۆژی 10ی تشرینی دووەمی 2024، وریشە مورادی، چالاکوانی سیاسی کورد کە لە زیندانی ئێڤین لە تاران دەستبەسەرە لەلایەن دادگاوە بە تۆمەتی "بەغی" سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرچوو.




PM:10:37:14/11/2024


ئه‌م بابه‌ته 1064 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت