بۆ ماوەی 48 کاتژمێر قەدەغەی هاتووچۆ دەبێت و رێنماییەکان بڵاوکرایەوە
وێستگەنیوز-
وەزارەتی پلاندانانی حكومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، بەمەبەستی ئەنجامدانی سەرژمێری گشتی، لەرۆژانی 20 و 21ی ئەم مانگە بۆ ماوەی 48 كاتژمێر قەدەغەی هاتووچۆ لە هەرێمی كوردستان رادەگەیەنرێت.
وەزارەتەكە رێنماییەكانی تایبەت بە ئەنجامدانی سەرژمێری گشتی بڵاوكردەوە، كە لەرۆژانی 20 و 21ی ئەم مانگە ئەنجامدەدرێت و لەو ماوەیەشدا هاتووچۆ قەدەغە دەكرێت، رێنماییەکان بریتین لە:
1- سەپاندنی قەدەغەی هاتووچۆ لە نیوەشەوی (19-20)ی تشرینی دووەم لە كاتژمێر (12:00)ی شەو دەست پێدەكات و تاكوو كاتژمێر (12:00)ی شەوی (22/21)ی تشرینی دووەم بەردەوام دەبێت بە هەرێمی كوردستانیشەوە.
2- جوڵەی هاونیشتمانییان و ئۆتۆمبێل لەكاتی جێبەجێكردنی قەدەغەی هاتووچۆ سنووردار دەكرێت (لە نێوان پارێزگاكان، قەزاكان و ناحیەكان و لە نێوان شارنشین و گوندنشین، یاخود لە نێوان ناحیە و قەزا و بە پێچەوانەوە)، جگە لە حاڵەتە مرۆیی و زۆر پێویستەكان و بارودۆخی سروشتی و ئەمنی.
3- لایەنە ئەمنییەكان و بەڕێوەبەرایەتییەكانی ئامار لە پارێزگاكان و ئیدارەكان سەرجەم (بژمێرەكان، بەڕێوەبەری گەڕەك/گوند و یاریدەدەرەكانیان، سەرپەرشتیاران و چاودێران) بە فەرمی ڕێگەیان پێدەدەرێت، هەروەها ڕێگە بە فەرمانبەرانی وەزارەتی پلاندانان دەدرێت بۆ جوڵە و هاتوچۆكردن بۆ مەبەستی كاری سەرژمێری. بە هەمان شێوە، ڕۆژنامەنووسان و ڕاگەیاندكاران كە لایەنە فەرمییەكان ڕێگەیان پێ داوە و سەندیكای ڕۆژنامەنووسان و هەڵگری باجی ناساندنن لە دوو ڕۆژی قەدەغەی هاتوچۆدا ڕێگەپێدراون.
4- هەموو ئەو كەسانەی كە ئەركیان پێ سپێردراوە و لە ئێشگگریدان لە قەدەغەی هاتوچۆ بەدەرن، وەك كارمەندانی تەندروستی و پزیشكی و خزمەتگوزاری كە لە فەرمانگە و دامەزراوە حكومییەكانن و بە پێی مۆڵەتی فەرمیی فەرمانگەكە و پێش ڕێكەوتی قەدەغەی هاتووچۆ بۆ بەرژەوەندیی گشتی داوای كار و ئامادەبوونیان لێكراوە.
5- هاتوچۆی ئۆتۆمبێلی فریاكەوتن، بەرگریی شارستانی، دەوریەی هاتوچۆ و فریاگوزاری و ئۆتۆمبێلەكانی بەڕێوەبەرایەتیی شارەوانی و خزمەتگوزارییەكان لە قەدەغەی هاتووچۆ بەدەرن.
6- قەدەغەی هاتووچۆ باڵیۆزخانەكان، نێردە دیبلۆماسییەكان، دەزگا نێودەوڵەتییەكان و ڕێكخراوەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان ناگرێتەوە.
PM:09:47:14/11/2024
ئهم بابهته 4108
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت