240 ساڵ تەمەنی سلێمانی.. پایتەختی رۆشنبیری كوردستان و شاری داهێنەری ئەدەبی جیهانی


وێستگەنیوز_ هێڤار هیوا

ئەمرۆ پێنجشەممە 14ـی 11ـی 2024، یادی دامەزرانی سلێمانی'ـیە، كە بە پایتەختی رۆشنبیری هەرێمی كوردستان و شاری داهێنەری ئەدەبی جیهانی دادەنرێت. سلێمانی کە بە 'شارە حەیاتەکە' ناسراوە، 240 ساڵ لەمەوبەر لەسەر دەستی ئیبراهیم پاشای بابان لە 14ی تشرینی دووەمی 1784 دامەزراوە.

شاری سلێمانی لە ساڵی 1784 لەلایەن ئیبراهیم پاشای بابانەوە ئاوەدانكراوەتەوە، ئیبراهیم پاشا شارەكەی بەناوی باوكییەوە واتە سلێمان پاشا‌ ناوناوە، سلێمانی جگە لە‌وەی دەبێتە پایتەختی میرنشینی بابان لەهەمانكاتدا دەبێتە مەڵبەندێكی بازرگانی و ڕۆشنبیری ناوچەكە. چەندان شاعیر و نووسەر و بازرگان و کاربەدەست و شۆڕشگێڕی گەورەی تێدا هەڵکەوتووە و شوێنپەنجەیان دیاربووە لە ناوچەکە و کوردستان و تەنانەت عێراقدا.

دواتر شێوەزار-دیالێکتی سۆرانی لەناوچەكەدا پەرە دەستێنێت و دەبێتە زمانی خوێندن و نووسین بە جورێك كە بەشە دیالێكتی گۆرانی لەناوچەكەدا بەرەو كەمبوون و نەمان دەچێت. پاش ڕووخانی میرنشینی بابان لەساڵی 1851ـوە و لەناوچوونی دەوڵەتی عوسمانی لە جەنگی یەكەمی جیهانی، شاری سلێمانی دەخرێتە سەر كۆماری عێراقی ئەمڕۆ. لە ساڵی 1922 تا 1924 سلێمانی پایتەختی دەوڵەتەكەی مەلیك مەحمود بووە. ‌سلێمانی جگە لەوەی لانكەی ڕۆشنبیرو تێكۆشەران بووە، مەڵبەندی هەڵگیرسانی شۆڕش و ڕاپەڕینش بووە لەمێژووی كوردستاندا.

سەرباری ئەوەی سلێمانی بە پایتەختی رۆشنبیری ناسراوە، هاوکات لە ساڵی 2019ـدا لە هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی ئاشکرایکرد، لەسەر بانگهێشت و میوانداریی فەرمیی تۆڕی شارە داهێنەرە ئەدەبییەکانی یونسکۆ لە جیهاندا و ڕێکخەری شاری داهێنەری ئەدەبی یونسکۆ، بەشدارییانکردووە لە کۆنفرانسی ساڵانەی شارە داهێنەرە ئەدەبییەکانی یونسکۆ لە جیهاندا، لە شاری کوبێکی کەنەدا و تێیدا: ڕێکخراوی یونسکۆ بڕیاریدا شاری سلێمانی وەک شاری داهێنەری ئەدەبی بناسێنێت و شارەکە بووە ئەندامێکی تۆڕی جیهانی 246 شاری داهێنەری یونسکۆ.

پارێزگای‌ سلێمانی‌ لە چەند شارۆچكەیەك پێكهاتووە وەک، شارۆچكەی‌ پێنجوێن كە دەرزوازەیەكی‌ گەورەیە لە سەر سنوری‌ ئێران-عێراق، پاش ئەویش چەمچەماڵ بەپلەی‌ دووەم دێت كە دەروازەی‌ دووەمی‌ شارەو رووە ناوچەكانی‌ خوارووی‌ عێراقە. هاوکات، بە شارباژێڕی سەخت و تەخت، قەرەداغ‌ و چیا بڵندەکان دەورە دراوە، کە ئەمەش یەکێکە لە هۆکارەکانی مانەوەی ئەم شارە و وەک دیارییەکی سروشت؛ ئەم هەڵکەوتە جوگرافییەی ناودەبرێت.

سلێمانی‌ بە هاوینە هەوارەكانی‌‌ وەكو: هاوینەهەواری‌ ئەحمەد ئاوا، سەرچنار، دوكان، سەرتەكی‌ بەمۆ، كونەماسی‌، ئەزمەڕ و قەرەداغ بەناوبانگە و چەندین هاوینە هەواری‌ دڵرفێنی‌ دیكەشی هەیە. 

پارێزگای‌ سلێمانی‌ دوو بەنداوی‌ گەورەی‌ تێدایە وەك بەنداوی‌ دوكان و دەربەندیخان كە ئەوانیش وەك ناوچەیەكی‌ گەشتیاری‌ ناوزەند دەكرێن و بەهاران خەڵكێكی‌ زۆر روویان تێدەكات. لە ناو شاری‌ سلێمانیدا چەند مەزارگەی‌ بەناوبانگی‌ تێدایەو وەك مەزارگەی‌ كاك ئەحمەدی‌ شێخ و شێخ مەحمودی‌ حەفید كە لە ناو مزگەوتی‌ گەورەی‌ شاری‌ سلێمانیدان. هەرچەندە سلێمانی‌ بە پایتەختی‌ رۆشنبیری‌ كوردستان دادەنرێت بەهۆی‌ ئەو رۆشنبیرییە فراوان و دێرینەی‌ كە هەیەتی‌، بە شاری‌ هەڵمەت و‌ قوربانیش ناوی‌ دەركردووە.
 
سلێمانی‌ گەورەترین زانكۆی‌ تێدایە لە هەرێمی‌ كوردستاندا كە بە زانكۆی‌ سلێمانی‌ ناسراوە، گەلێك شوێنەواری‌ دێرین و مێژویش هەن لەم پارێزگایەدا، وەكو گردی‌ یاسن تەپە، ئەشكەوتی‌ قزقاپان، ئەشكەوتی‌ هەزارمێرد، ئەشکەوتی زەرزی و چەندانی دیکە.

شاری‌ سلێمانی‌ لەپاش راپەڕینی ئاداری‌ ساڵی‌ 1991ـەكەوە فراوان بوون و پێشكەوتنێكی‌ باشی بەخۆوە دیوە.

لە رووپێویەکدا کە ساڵی 2021 بڵاوكراوەتەوە، بەو پێیەی لەساڵی 1991ـدا پارێزگای سلێمانی لە (سلێمانی، هەڵەبجە، گەرمیان، ڕاپەڕین)و یەكە كارگێڕییەكانی تری پێكهاتووە و ژمارەی دانیشتوانی 951 هەزار و 723 كەس بووە، هەربۆیە كۆی ژمارەی دانیشتوانی ساڵی 2021ــیش بە كۆی ئەو ناوچانە خەمڵێنراوە كە دەكاتە دوو ملیۆن و 546 هەزار و 162 کەس.

سلێمانی گەورەترین پارێزگای عێراقە لەڕووی ژمارەی یەكەی كارگێڕییەوە و كۆی گشتی ڕووبەری سلێمانی بە ئیدارەی گەرمیان و ڕاپەڕین و پارێزگا هەڵەبجەوە 210 هەزار و 71 كیلۆمەتر دووجایە. بەپێی ئاماژەكانی گەشەپێدانی هەزارە (Millennium Development Goals) لە 1990 بۆ 2015 سلێمانی پێشەنگی هەرێمی كوردستان و عێراقە.  

بەرزیی شارەكە لەڕووی دەریاوە 853 مەترە؛ و تێكڕای ڕێژەی ساڵانەی بارانبارین 826.3 ملیمەتر و تێكڕای ساڵانەی شێ لەنێوان 26.8% بۆ 82.5% كە دەكاتە 52.28%، تێكڕای ساڵانەی پلەی گەرما لەنێوان 8 بۆ 33.7 پلەدایە.

هەر بەپێی ئەو ئامارەی ساڵی 2021، رێژەی هاوڵاتیانی شارنشین دوو ملیۆن و 162 هەزار و 218 کەسە بەڕێژەی 85% و هەروەها دانیشتوانی گوند و گوندنشینان ژمارەیان دەگاتە 383 هەزار و 944 کەس بە رێژەی 15%\.

لە ئێستاشدا، بەپێی ئامارێکی بەرواری 13ـی 8ـی 2022 کە شارەوانی سلێمانی بڵاویکردووەتەوە، لەدوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس و بەهۆی دابەشكردنی زەوی و فراوانبونی شارەوە، ژمارەی گەڕەكەكانی سلێمانی بۆ 157 گەڕەك زیادیكرد، كە هەمووی  ژمارەكراوە، وە لە ساڵانی دوایدا ژمارەیەكی زۆر لە گەڕەك و 57 گوند هاتوونەتە سەر سنووری شارەوانی سلێمانی. 


AM:09:47:14/11/2024


ئه‌م بابه‌ته 348 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت