سودانی‌ بۆ ره‌وتی‌ هه‌ڵوێست: كارده‌كه‌ین خه‌ڵكی هه‌رێم هاوشێوه‌ی عێراق له‌ نه‌وت سودمه‌ندببن


وێستگه‌نیوز-
سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ عێراق له‌میانی‌ كۆبوونه‌وه‌ی‌ له‌گه‌ڵ‌ سه‌رۆكی‌ ره‌وتی‌ هه‌ڵوێست داوایكرد كه‌ ئه‌و هێزانه‌ی كه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كاندا سه‌ركه‌وتوو بوون، به‌شداری بكه‌ن له‌ پێكهێنانی حكومه‌تی نوێ، وتووشیه‌تی‌: "كارده‌كه‌ین خه‌ڵكی هه‌رێم هاوشێوه‌ی عێراق له‌ نه‌وت و سوته‌مه‌نی سودمه‌ندببن".

له‌ سه‌ردانه‌كه‌یدا بۆ هه‌رێمی‌ كوردستان، محه‌مه‌د شیاع سودانی‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ عێراق و له‌داوهه‌مین كۆبوونه‌وه‌یدا له‌گه‌ڵ‌ عه‌لی‌ حه‌مه‌ ساڵح سه‌رۆكی‌ ره‌وتی‌ هه‌ڵوێستی‌ نیشتمانی‌ و ژماره‌یه‌ك ئه‌ندامی‌ ره‌وته‌كه‌ كۆبۆوه‌.

وه‌ك نووسینگه‌ی‌ راگه‌یاندنه‌كه‌ی‌ ده‌ڵێت: "له‌ میانی دیداره‌كه‌دا سودانی پیرۆزبایی سه‌ركه‌وتنی پڕۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی هه‌رێمی كوردستانی كرد و جه‌ختی له‌ دروستكردنی كه‌شێكی ئه‌رێنی كرده‌وه‌ له‌پێناو گفتوگۆ و لێكتێگه‌یشتنی‌ زیاتر له‌ نێوان ئه‌و هێزانه‌ی كه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كاندا سه‌ركه‌وتوو بوون".

هاوكات سودانی‌ هانی‌ هه‌مووانی‌ دا كه‌ به‌شداری بكه‌ن له‌ پێكهێنانی حكومه‌تی نوێ، و به‌دیهێنانی خواسته‌كانی هاوڵاتیانی هه‌رێم بۆ باشتركردنی بارودۆخه‌كانیان و دابینكردنی پێداویستیه‌كانیان.

"لای‌ خۆیه‌وه‌ عه‌لی‌ حه‌مه‌ ساڵح سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ ده‌ستپێشخه‌رییه‌كه‌ی سه‌رۆك وه‌زیران ده‌ربڕی بۆ دیداری له‌گه‌ڵ هێز و چالاكییه‌ سیاسییه‌ جیاوازه‌كان، جه‌ختی له‌ پشتیوانی حكومه‌ت و ئامانجه‌كانی كرده‌وه‌ كه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی‌ پێشخستنی وڵات و چه‌سپاندنی‌ سه‌قامگیرییه‌"، راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ واده‌ڵێت.

هاوكات عه‌لی‌ حه‌مه‌ ساڵح سه‌رۆكی‌ ره‌وتی‌ هه‌ڵوێست له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا باسی‌ له‌وه‌ كرد كه‌ "له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌دا ره‌وتی هه‌ڵوێست چه‌ندین دۆسیه‌ی گرنگی خسته‌ڕوو و به‌ورده‌كاریه‌وه‌ باسی دۆخی مووچه‌ و گرفتی خه‌ڵكی كوردستان كرا. داخوازی مامۆستایان و فه‌رمانبه‌رانی كوردستان باسكرا به‌تایبه‌ت چاره‌سه‌ری گرفتی موچه‌و جێبه‌جێكردنی (ته‌وتین). ڕه‌وتی هه‌ڵوێست ئاشكرایكرد ته‌وتین چاره‌سه‌ری گرفتی موچه‌ ده‌كات".

ئه‌وه‌شی‌ خسته‌ڕوو كه‌ "ره‌وتی هه‌ڵوێست له‌ راپۆرتێكیدا ره‌خنه‌و سه‌رنجه‌كانی خۆی بۆ هه‌ڵبژاردنی كوردستان و ئه‌و ساخته‌كاریه‌ی كراوه‌ خسته‌ڕوو. هیوای خواست به‌شێوه‌یه‌كی دادپه‌روه‌رانه‌ سكاڵاكان یه‌كلا ببێته‌وه‌".

ده‌شڵێت: "له‌لایه‌كی تره‌وه‌، خواستی مامۆستایانی وانه‌بێژو گرێبه‌ست و یه‌كه‌مه‌كانی زانكۆو سه‌رجه‌م توێژه‌كانیتر گه‌یه‌نرایه‌ سه‌رۆكوه‌زیران".

عه‌لی‌ حه‌مه‌ ساڵح ده‌ڵێت: "ره‌وتی هه‌ڵوێست پێیوایه‌ بژارده‌ی دروست ئه‌وه‌یه‌ باج و رسومات له‌ هه‌رێمی كوردستان پێویسته‌ هاوشێوه‌ی شاره‌كانی دیكه‌ی عێراق بێت. ئێستا باج و ڕسومات له‌ هه‌رێمی كوردستان به‌راورد به‌عێراق زۆر زیاتره‌، و نرخی  نه‌وت و به‌نزین له‌ هه‌رێم به‌راورد به‌عێراق زۆر زۆرگرانتره‌، له‌ هه‌مانكاتدا گرفتی گه‌وره‌ی بێ موچه‌ی و بێ بازاڕیه‌".

ده‌شڵێت: "سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق، پیرۆزبایی دروستبوونی ره‌وتی هه‌ڵوێستی كرد و به‌ده‌ستهێنانی (چوار كورسی) له‌ هه‌نگاوی یه‌كه‌م به‌ گرنگ زانی و هیوای سه‌ركه‌وتنی خواست له‌ هه‌نگاوه‌كانی ئاینده‌دا..".

سه‌رۆكی‌ ره‌وتی‌ هه‌ڵوێست ئاماژه‌شی‌ به‌وه‌دا كه‌ "سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق ڕایگه‌یاند: مه‌به‌ستیانه‌ چاره‌سه‌ری بنه‌ڕه‌تی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان بكرێت، نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان هه‌نارده‌ بكرێت و ئه‌م كاره‌ش به‌پێی یاسا به‌ركاره‌كان ده‌بێت…".

وه‌ك عه‌لی‌ حه‌مه‌ ساڵح ده‌ڵێت: "سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق رایگه‌یاند كه‌ كارده‌كه‌ین خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان هاوشێوه‌ی عێراق له‌ نه‌وت و سوته‌مه‌نی سودمه‌ندببن".



PM:10:30:13/11/2024


ئه‌م بابه‌ته 584 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت