پۆلیس زانیاری‌ ده‌رباره‌ی‌ شه‌ڕه‌كه‌ی‌ دووگۆمان بڵاوده‌كاته‌وه‌


وێستگه‌نیوز-
به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پۆلیسی ڕاپه‌ڕین رایگه‌یاند كه‌ له‌سه‌ر كێشه‌یه‌كی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ له‌ گوندی‌ دووگۆمان شه‌ڕ له‌نێوان دوو بنه‌ماڵه‌دا روویدا و كه‌سێك به‌ ئۆتۆمبێله‌كه‌ی‌ سێ‌ كه‌سی‌ شێلا و یه‌كێكیانی‌ كوشت، ده‌شڵێت: "شه‌ش تۆمه‌تبار ده‌ستگیركران".

پۆلیسی ڕاپه‌ڕین له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌دا كه‌ "دوای ئه‌وه‌ی به‌هۆی گرژی نێوان دوو بنه‌ماڵه‌ له‌ گوندی دوو گۆمان هاوڵاتیه‌ك گیانی له‌ده‌ست دا و دوانی تریش بریندار بوون كه‌ سه‌رجه‌میان بران، ده‌ستبه‌جێ ده‌ستكرا به‌ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ رووداوه‌كه‌".

پۆلیس ده‌ڵێت: "دوای ئاشكراكردنی ناسنامه‌یان، به‌بڕیاری دادوه‌ری دادگای لێكۆڵینه‌وه‌ 6 تۆمه‌تبار له‌لایه‌ن هێزه‌كانی ئاسایشی ڕاپه‌ڕین و پۆلیس ده‌ستگیركران و به‌ مادده‌ی 406 له‌ یاسایی سزادانی عیراقی ڕاگیركران".

ئه‌وه‌شی‌ خسته‌ڕوو كه‌ "له‌ناویاندا تۆمه‌تباری سه‌ره‌كی هه‌یه‌ كه‌ هه‌ستاوه‌ به‌ شێلانی ئه‌و سێ برایه‌ و ده‌ستیش گیراوه‌ به‌سه‌ر ئۆتۆمبێله‌كه‌یدا له‌ جۆری (نیسان/ ده‌بڵ پیك اب)".

پۆلیسی ڕاپه‌ڕین راشیگه‌یاند كه‌ "هاوكات بارودۆخه‌كه‌ له‌لایه‌ن هێزه‌كانمان به‌ هاوكاری ئۆپراسیۆنه‌كانی ئاسایش و ئاسایشی راپه‌ڕین كۆنتڕۆڵ كراوه‌".

ئه‌و هاوڵاتییه‌ی‌ له‌و رووداوه‌دا كوژرا ناوی "عەلی فەقێ"یه‌ ، کە پێشەی پێشمەرگەیە و خێزاندارە و خاوەنی دوو منداڵە.


PM:09:38:11/11/2024


ئه‌م بابه‌ته 2664 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت