محه‌مه‌د حه‌كیم: پارتی وه‌فدێكی نارده‌ لای‌ كۆمه‌ڵی‌ دادگه‌ری‌


وێستگه‌نیوز-
وته‌بێژی‌ كۆمه‌ڵی‌ دادگه‌ری‌ به‌ وێستگه‌نیوزی‌ راگه‌یاند كه‌ به‌ مه‌به‌ستی‌ خستنه‌ڕووی‌ نیگه‌رانیی مه‌سعود بارزانی له‌ بڕیاری كشانه‌وه‌ی كۆمه‌ڵی دادگه‌ریی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان، پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان وه‌فدێكی‌ نارده‌ لای عه‌لی‌ باپیر. ده‌شڵێت: "كۆمه‌ڵی‌  دادگه‌ری‌ سووره‌ له‌سه‌ر بڕیاره‌كه‌ی‌".


محه‌مه‌د حه‌كیم وته‌بێژی كۆمه‌ڵی دادگه‌ریی كوردستان له‌ لێدوانێكی‌ تایبه‌تدا به‌ وێستگه‌نیوزی‌ وت كه‌ له‌ چه‌ند رۆژی رابردوودا وه‌فدێكی‌ باڵای‌ پارتی‌ كه‌ پێكهاتبوون له‌ هۆشیار زێباری‌ و پشتیوان سادق ئه‌ندامانی‌ مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌ پارتی‌ سه‌ردانی‌ عه‌لی‌ باپیر سه‌رۆكی‌ كۆمه‌ڵ-یان كردووه‌.محه‌مه‌د حه‌كیم وتی‌: "وه‌فده‌كه‌ی‌ پارتی‌ سڵاو و رێزی‌ كاك مه‌سعود و مه‌كته‌ب سیاسییان پێبووه‌ و وتوویانه‌ كه‌ نیگه‌رانن و به‌په‌رۆشن بۆ هه‌ڵوێستی‌ كۆمه‌ڵ‌ سه‌باره‌ت به‌ به‌شداری نه‌كردنی‌ په‌رله‌مان و پرسیویانه‌ ئایا ئه‌مه‌ كۆتا بڕیاره‌".

وتیشی‌: "سه‌رۆكی‌ كۆمه‌ڵ‌ بۆی‌ روونكردوونه‌ته‌وه‌ كه‌ ساخته‌كاریمان لێكراوه‌ و ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ دیزاین كراوه‌ و ئه‌وه‌ی‌ به‌ده‌ستهاتووه‌ مافی‌ خۆمان نییه‌، به‌ڵگه‌یه‌كی‌ زۆر هه‌یه‌ و تانه‌مان له‌ ئه‌نجامه‌كان داوه‌ و ئه‌مه‌ش یه‌كه‌مجار نییه‌ بۆیه‌ ناچاربووین ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ وه‌ربگرین و بایكۆتی‌ په‌رله‌مان بكه‌ین".

ئه‌وه‌شی‌ خسته‌ڕوو كه‌ "سه‌رۆكی‌ كۆمه‌ڵ‌ به‌ وه‌فده‌كه‌ی‌ پارتی‌ راگه‌یاندووه‌ كه‌ بایكۆتكردنی‌ په‌رله‌مان بڕیاری‌ كۆتایی كۆمه‌ڵی‌ دادگه‌ری-یه‌".

وته‌بێژی‌ كۆمه‌ڵی‌  دادگه‌ری‌ راشیگه‌یاند كه‌ "ئه‌و قسانه‌شی‌ كه‌ باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا باسی‌  حكومه‌ت كراوه‌، ئه‌سڵ‌ و ئه‌ساسی‌ نییه‌".

له‌ دوای‌ راگه‌یاندنی‌ ئه‌نجامی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ خولی‌ شه‌شه‌می‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان، لایه‌نه‌كانی‌ (كۆمه‌ڵی دادگه‌ریی- بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان- ره‌وتی هه‌ڵوێست- به‌ره‌ی گه‌ل- یه‌كگرتووی ئیسلامی- بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامی - بزوتنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی ئیسلامی) نیگه‌رانی‌ خۆیان ده‌ربڕی‌ و رایانگه‌یاند كه‌ ساخته‌كاری‌ كراوه‌ و ره‌تیان كرده‌وه‌.

له‌نێو ئه‌و لایه‌نانه‌شدا كۆمه‌ڵی دادگه‌ریی كه‌ سێ‌ كورسی‌ به‌ده‌ستهێناوه‌ بڕیاریداوه‌ به‌شداری‌ په‌رله‌مانی نوێ نه‌كات و بكشێته‌وه‌.



PM:05:42:05/11/2024


ئه‌م بابه‌ته 5592 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو