ده‌سته‌ی مافی مرۆڤ و سه‌نته‌ری‌ میترۆ ئیدانه‌ی‌ هێرشكردنه‌سه‌ر رۆژنامه‌نووس وریا عه‌بدولخالق ده‌كه‌ن


وێستگه‌نیوز-
ده‌سته‌ی سه‌ربه‌خۆی مافی مرۆڤی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان رایگه‌یاند كه‌ هێرش كردنه‌ سه‌ر رۆژنامه‌نووس وریا عه‌بدولخالق پێشهاتێكی‌ مه‌ترسیداره‌ و ئیدانه‌ی‌ ده‌كات، هاوكات سه‌نته‌ری‌ میترۆ وێڕای‌ ئیدانه‌كردنی‌ ئه‌و كاره‌، رایگه‌یاند كه‌ "هێرشكه‌ران ده‌ستگیركراون".


ده‌سته‌ی سه‌ربه‌خۆی مافی مرۆڤی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌دا كه‌ "به‌داخه‌وه‌ چه‌ند چه‌كدارێك هێرش ده‌كه‌نه‌ سه‌ر ڕۆژنامه‌نوسی ده‌زگای میدیایی بوار وریا عبدالخالق به‌هۆی بڵاوكردنه‌وه‌ی هه‌واڵێك له‌سایتی بوار له‌سه‌ر ئه‌فسه‌رێكی پێشمه‌رگه‌ له‌ سنوری چه‌مچه‌ماڵ كه‌بۆته‌ هۆی ڕێگری له‌پڕۆژه‌یه‌كی خزمه‌تگوزاری، وه‌ك له‌ڕاگه‌یاندنی ده‌زگای میدیایی بوار هاتوه‌ چه‌ند چه‌كدارێكی پاسه‌وانی ئه‌و ئه‌فسه‌ره‌ په‌لاماری ئه‌و ڕۆژنامه‌نوسه‌ ده‌ده‌ن و برینداری ده‌كه‌ن".

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه‌ كه‌ "ئێمه‌ له‌ده‌سته‌ی سه‌ربه‌خۆی مافی مرۆڤ وێڕای دڵگرانیمان له‌و ڕه‌فتاره‌ له‌هه‌مان كاتدا ئیدانه‌ی ئه‌و په‌لاماره‌ ده‌كه‌ین بۆ سه‌ر ئه‌و ڕۆژنامه‌نوسه‌ به‌تایبه‌ت كه‌ له‌لایه‌ن خه‌ڵكانێكی چه‌كدارو ناسراو بوه‌ ئه‌وه‌ پێشهاتێكی مه‌ترسیداره‌ بۆ سه‌ر كاری ڕۆژنامه‌گه‌ری و ئازادی ڕاده‌ربڕین و نوسین".

ده‌سته‌ی‌ مافی‌ مرۆڤ ده‌ڵێت: "ئه‌و ره‌فتاره‌ دووره‌ له‌ هه‌موو به‌هاو ئاكارێكی مه‌ده‌نی یاسایی و كلتوری و پیشه‌یی".

ده‌سته‌كه‌ داواكاره‌ له‌ ده‌زگا یاسایی و ئه‌منیه‌كان "تۆمه‌تباران بدۆزنه‌وه‌ و ڕاده‌ستی یاسا بكرێن و سزای خۆیان وه‌ربگرن و هه‌رچی هه‌وڵ هه‌یه‌ بدرێ بۆ ڕێگری كردن له‌ دووباره‌ بونه‌وه‌ی ئه‌و حاڵه‌تانه‌"، راشیگه‌یاندووه‌ كه‌ "وه‌ك ده‌سته‌ش له‌نزیكه‌وه‌ چاودێری ئه‌و دۆسیه‌یه‌ ده‌كه‌ین".

هاوكات سه‌نته‌ری میترۆ بۆ داكۆكی له‌مافی رۆژنامه‌نوسان له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌دا كه‌ "وریا عه‌بدولخالق كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ رۆژنامه‌نووسه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و له‌ئێستادا له‌ سایتی بواری سه‌ر به‌ده‌زگای میدیایی بوار كار ده‌كات، ئه‌مڕۆ له‌لایه‌ن دوو كه‌سه‌وه‌ رووبه‌ڕووی هێرش و په‌لاماردانی جه‌سته‌یی بۆته‌وه‌".

میترۆ ده‌ڵێت: "ئه‌م هێرش و په‌لاماره‌ و هه‌موو جۆره‌ ده‌ستدرێژییه‌ك بۆ سه‌ر رۆژنامه‌نوسان كه‌ هه‌ر ئامانجێكی له‌پشته‌وه‌ بێت ئیدانه‌ ده‌كه‌ین و داوای كۆتایی پێهێنانی ده‌كه‌ین".

راشیگه‌یاندووه‌ كه‌ بۆ به‌دواداچون له‌باره‌ی ئه‌م كه‌یسه‌وه‌ سه‌نته‌ری‌ میترۆ په‌یوه‌ندی كرد به‌ نوسینگه‌ی قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆك وه‌زیرانه‌وه‌ و ئه‌وان دڵنیاییاندا كه‌ ئه‌و كه‌سانه‌ی هێرشه‌كه‌یان كردۆته‌ سه‌ر رۆژنامه‌نووس وریا عه‌بدلخالق ده‌ستگیر كراون به‌پێی رێوشوێن و رێكاره‌ به‌ركاره‌كان.





PM:11:50:04/11/2024




ئه‌م بابه‌ته 2088 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت