"وه‌فدێكی‌ یه‌كێتی‌ بۆ ته‌وتینی‌ مووچه‌ له‌گه‌ڵ‌ سودانی‌ و پارێزگاری بانكی ناوه‌ندی عێراق كۆبۆوه‌"


وێستگه‌نیوز-

وه‌فدێكی‌ یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان بۆ ته‌وتینكردنی‌ مووچه‌ی‌ فه‌رمانبه‌رانی‌ هه‌رێم له‌گه‌ڵ‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ عێراق و پارێزگاری بانكی ناوه‌ندی كۆبۆوه‌.

د.نه‌رمین مه‌عروف ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی‌ عێراق له‌سه‌ر فراكسیۆنی‌ یه‌كێتی‌، له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌دا كه‌ "له‌ به‌رده‌وامی هه‌وڵه‌كان بۆ داكۆكیكردن له‌ مافی هاوڵاتیانی هه‌رێم به‌ گشتی و موچه‌خۆران به‌ تایبه‌تی، ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 2024/11/4  د.خالد شوانی وه‌زیری داد، و هه‌ردوو په‌رله‌مانتاری فراكسیۆنی یه‌كێتی له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران دكتۆره‌ نه‌رمین معروف و  كاروان یاروه‌یس له‌ شاری به‌غدا له‌گه‌ڵ عه‌لی عه‌لاق پارێزگاری بانكی ناوه‌ندی عێراق كۆبۆونه‌وه‌ به‌مه‌به‌ستی به‌دواداچوون بۆ جێبه‌جێكردنی بڕیاری دادگای باڵای فیدرالی له‌باره‌ی ته‌وتینی مووچه‌ی موچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستان..".

د.نه‌رمین مه‌عروف ده‌ڵێت: "له‌كۆبونه‌وه‌كه‌دا نووسراوی فراكسیۆنی یه‌كێتی و یاداشت و ئیمزای چوار فراكسیۆنی كوردستانی و (138) په‌رله‌مانتار و سه‌رۆكی فراكسیۆنی عێراقی پێشكه‌ش به‌ پارێزگاری بانكی ناوه‌ندی كرا، كه‌ پشتیوانیی داواكاری مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ن بۆ جێبه‌جێكردنی بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی بۆ ته‌وتین له‌رێگای بانكه‌ فیدراڵییه‌كانه‌وه‌..".

ئه‌وه‌شی‌ خسته‌ڕوو كه‌ "دواتر  و له‌ دیدارێكی تایبه‌تدا وه‌فده‌كه‌ له‌گه‌ڵ سه‌رۆك وه‌زیرانی فیدڕاڵ محه‌مه‌د شیاع سودانی كۆبوونه‌وه‌ بۆ گفتوگۆی چه‌ند پرسێكی دارایی كه‌ جێبه‌جێكردنی بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی له‌باره‌ی ته‌وتینی مووچه‌ی مووچه‌خۆرانی هه‌رێم ته‌وه‌ری سه‌ره‌كی كۆبونه‌وه‌كه‌ بوو".


PM:08:45:04/11/2024


ئه‌م بابه‌ته 1344 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت