قوباد تاڵه‌بانی و كونسوڵی گشتی ئه‌ڵمانیا پێكهێنانی حكومه‌تی نوێیان تاوتوێكرد
وێستگه‌نیوز-
جێگری سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان به كونسوڵی گشتی ئه‌ڵمانیای راگه‌یاند كه یه‌كێتی نیشتمانی خاوه‌ن پلان و دیدگایه‌كی چاكسازیخوازه بۆ پێكهێنانی حكومه‌ت و كراوه‌شه به‌ڕووی هه‌موو ئه‌وانه‌ی له‌و دیدگایه‌وه نزیكن و ئاماده‌ی كاری هاوبه‌شن.
نووسینگه‌ی راگه‌یاندنی جێگری سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان له راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه قوباد تاڵه‌بانی، جێگری سه‌رۆك وه‌زیران پێشوازی له ئه‌لبرێشت فۆن ڤیتكه، كونسوڵی گشتیی ئه‌ڵمانیا له هه‌ولێر كرد.
له‌دیداره‌كه‌دا كه ئه‌مڕۆ 4ی تشرینی دووه‌می 2024 له هه‌ولێر به‌ڕێوه‌چوو، هه‌ردوولا دۆخی هه‌رێمی كوردستانیان له پاش هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان و پرۆسه‌ی پێكهێنانی حكومه‌تی نوێی هه‌رێمی كوردستانیان؛ تاوتوێكرد.
به‌گوێری راگه‌یه‌ندراوه‌كه، قوباد تاڵه‌بانی ڕوونیكرده‌وه، یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان خاوه‌ن پلان و دیدگایه‌كی چاكسازیخوازه بۆ پێكهێنانی حكومه‌ت و كراوه‌شه به‌ڕووی هه‌موو ئه‌وانه‌ی له‌و دیدگایه‌وه نزیكن و ئاماده‌ی كاری هاوبه‌شن.
ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ڕوو كه "له دیداره‌كه‌دا هه‌ردوولا هاوڕابوون له‌سه‌ر گرنگی پێكهێنانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و په‌له‌كردن له‌و پرۆسه‌یه و پاراستنی پێگه و قه‌واره‌ی هه‌رێمی كوردستان".
له به‌شێكی تری دیداره‌كه‌دا قوباد تاڵه‌بانی، هیوای سه‌ركه‌وتنی بۆ كونسوڵی نوێی ئه‌ڵمانیا خواست و هه‌موو پشتیوانی و پشتگیرییه‌كی بۆ كاره‌كانی دووپاتكرده‌وه، ئه‌ویش لای خۆیه‌وه جه‌ختی به‌رده‌وامی ئه‌ڵمانیا له هاوكارییه‌كانی بۆ هه‌رێم كرده‌وه و تیشكی خسته سه‌ر گرنگی كاری هاوبه‌ش بۆ پێش‌گرتن و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی مه‌ترسییه هاوبه‌شه‌كان.
PM:07:50:04/11/2024
ئه‌م بابه‌ته 480
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت