مەسعود بارزانی بۆ باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق: پارتی ڤیتۆی لەسەر هیچ لایەنێك نییە
وێستگەنیوز-
بارەگای بارزانی بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ دووشەممە، 4ی تشرینی دووەمی 2024 مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە سەلاحەدین پێشوازی لە ئەلینا رۆمانۆسكی، باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق كرد.
لە دیدارەكەدا كە ستێڤ بیتنەر، كونسوڵی گشتیی ئەمەریكا لە هەولێریش ئامادەی بوو، باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق پیرۆزبایی سەركەوتنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە مەسعود بارزانی كرد و جەختیشی لەوە كردەوە كە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە كەشێكی دیموكراسیانە و ئارامدا و لەو بارودۆخە ئاڵۆزەی ناوچەكە پێیدا تێدەپەڕێ، وێنەیەكی شاییستەی هەرێمی كوردستانی پێشانی هەموو لایەك دا.
هەر لەدیدارەکەدا، سەرۆكی پارتی سوپاسی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان كرد، كە سەرباری بوونی كۆمەڵێك كێشەی تەكنیكی بەڵام رۆڵی بەرچاویان لە سەركەوتنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا هەبووە، لە بەشێكی تری ئەو دیدارەدا باس لە هەنگاوەكانی پێكهێنانی حكومەتی تازەی هەرێم و دانوساندنی نێوان لایەنەكان كرا و مەسعود بارزانی ئاماژەی بەوە دا، كە پارتی تیمێكی بۆ گفتوگۆ لەگەڵ لایەنەكان لەسەر پێكهێنانی حكومەت و ئەجێندای حكومەتی داهاتوو پێكهێناوە و راشیگەیاند، "پارتی ڤیتۆی لەسەر هیچ لایەنێك نییە".
هەر لەو كۆبوونەوەیەدا رۆشنایی خرایە سەر بارودۆخی سیاسی و ئەمنیی ناوچەكە و دوایین پێشهاتەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەروەها بیروڕا لەبارەی پڕۆسەی سیاسیی عێراق و هەڵبژاردنی سەرۆكی نوێی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئاڵوگۆڕ كرا.
PM:03:18:04/11/2024
ئهم بابهته 740
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت