به‌رپرسێكی پارتی بۆ یه‌كێتی: ئاڕپیجیتان پێوه‌ده‌نێین


وێستگه‌نیوز-
به‌رپرسی لقی چواری پارتی دیموكراتی‌ كوردستان رایگه‌یاند كه‌ ئه‌گه‌ر یه‌كێتی بیه‌وێت به‌ بلدۆزه‌ر باره‌گاكانیان بڕوخێنێت، ئه‌وانیش ئاڕپیجی به‌ بلدۆزه‌ره‌كانیانه‌وه‌ ده‌نێن.


ئاری هه‌رسین، به‌رپرسی لقی چواری پارتی له‌لێدوانێكدا ده‌ڵێت: "یه‌كێتی نه‌ك ته‌نیا هاوبه‌شی حكومه‌ت بووه‌، به‌ڵكو فه‌رمانڕه‌وای ره‌های سنووری سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه‌ بووه‌".

وتیشی‌: "ئۆباڵی هه‌رچی كه‌موكوڕیی ئه‌و ناوچانه‌یه‌ له‌ ئه‌ستۆی یه‌كێتییه‌، جێگری سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و جێگری سه‌رۆكی حكومه‌ت، هاوكات سه‌رۆكی په‌رله‌مان و چه‌ندین وه‌زیری نێو حكومه‌ت یه‌كێتین، ئیتر به‌شداریی له‌مه‌ زیاتر چییه‌؟".

ئاری هه‌رسین له‌باره‌ی پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی هه‌رێم ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌دا كه‌ "ده‌رگای پارتی به‌ڕووی هه‌موو لایه‌نه‌كدا كراوه‌یه‌ و ڤیتۆمان له‌سه‌ر هیچ لایه‌نێك نییه‌".

ئه‌م قسانه‌ی ئاری هه‌رسین له‌كاتێكدایه‌، نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ بافڵ تاڵه‌بانی له‌ میانه‌ی به‌شداریكردنی له‌ دیداری مێری باسی له‌وه‌كرد، له‌ هه‌ولێر و دهۆك هه‌ڕه‌شه‌ له‌ كادیرانی یه‌كێتی ده‌كرێت و ته‌نانه‌ت رێگه‌ ناده‌ن منداڵه‌كانیشیان له‌ قوتابخانه‌كان بخوێنن، بۆیه‌ یه‌كێتیش ده‌توانێت له‌ سلێمانی باره‌گاكانی پارتی و ماڵی كادیرانی حزبه‌كه‌ به‌ بلدۆزه‌ر بڕوخێنێت، به‌ڵام نایكات.


PM:11:19:30/10/2024


ئه‌م بابه‌ته 4120 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت