بڕی وه‌رگرتنی به‌رهه‌می گه‌نمی جوتیاران بۆ ساڵی 2025 دیاریكرا


وێستگه‌نیوز-
له‌ كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی ئابووری ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عیراق كه‌ تایبه‌ت بوو به‌ پلانی كشتوكاڵی عێراق و هه‌رێمی كوردستان، بڕی وه‌رگرتنی به‌رهه‌می گه‌نمی جوتیاران بۆ ساڵی 2025 دیاریكرا و بڕیاردرا به‌ڕێژه‌ی‌ سه‌دا 50 كه‌مبكرێته‌وه‌.

به‌گوێره‌ی‌ راگه‌یه‌ندراوێكی‌ وه‌زاره‌تی‌ پلاندانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان،  رۆژی 28 ی 10ی 2024 له‌ شاری به‌غدا ئه‌ندازیار ئه‌یوب سه‌باح گه‌ردی به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی پلانی ستراتیجی به‌نوێنه‌رایه‌تی وه‌زاره‌تی پلاندانانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌شداربوو له‌ كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی ئابووری ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عیراق كه‌ تایبه‌ت بوو به‌ پلانی كشتوكالی عێراق و هه‌رێمی كوردستان كه‌ تایبه‌ت بوو به‌پرسی وه‌رگرتنی به‌رهه‌می گه‌نمی جوتیاران  له‌ سایلۆكان له‌و پلانه‌ی كه‌دانراوه‌ بۆ ساڵی 2025.

ئاماژه‌ به‌وه‌شدراوه‌ كه‌ "دوابه‌دوای گفتوگۆ و پێداگری زۆری تیمی ته‌كنیكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، دواجار حكومه‌تی فیدڕاڵ به‌م شێوه‌ی خواره‌وه‌ بڕیاریدا: بۆ هه‌ر ته‌نێك بڕی 850 هه‌زار دینار دیاریكراوه‌ ،‌ پلانی نسبه‌ی وه‌رگرتن بۆ رێژه‌ی نزیكه‌ی( ٪ 50) له‌ ئاستی عێراق و هه‌رێم كه‌مكراوه‌ته‌وه‌. له‌سه‌ر ئاستی عێراق ئه‌مساڵ به‌گشتی ته‌نها 3,600,000 سێ ملیۆن و شه‌شسه‌د هه‌زار تۆن گه‌نم وه‌رده‌گرێته‌وه‌ و به‌شی هه‌رێمی كوردستان ته‌نها 400 هه‌زار تۆن دیاریكراوه‌، به‌ به‌راود به‌ساڵی رابڕدوو كه‌ زیاتر له‌ 6 ملیۆن تۆن گه‌نم وه‌رگیراوه‌ و به‌شی هه‌رێمی كوردستانیش له‌ پلانی وه‌رگرتنی ساڵی رابردوو بریتیبوو له‌ نزیكه‌ی 700 هه‌زار تۆن گه‌نم".

ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ڕوو كه‌ "به‌هۆی ئه‌م هۆكارانه‌ی خواره‌وه‌ حكومه‌تی فیدراڵ بڕیاری وه‌رگرتنی گه‌نمی له‌ سایلۆكان كه‌مكردۆته‌وه‌:

1/كێشه‌ی بودجه‌ و میزانیه‌ له‌ عێراق به‌شێوه‌یه‌كی گشتی و مانه‌وه‌ی پاره‌ی شایسته‌ی جوتیاران كه‌ بریتیه‌ له‌ 803 ملیار دینار كه‌ تاوه‌كو ئێستا سه‌رف نه‌كراوه‌ بۆ جوتیارانی عێراق و هه‌رێمی كوردستان.

2/كێشه‌ی گۆڕانكارییه‌كانی كه‌ش و هه‌وا و مه‌ترسیه‌كان و ئاماژه‌كانی كه‌مبوونه‌وه‌ی سه‌رچاوه‌كانی ئاو و دیارده‌ی وشكه‌ساڵی و به‌بیابانبوونی به‌شێك له‌ زه‌وییه‌ كشتوكاڵییه‌كانی ناوه‌ڕاست و خوارووی عێراق.

3/بابه‌تی كێشه‌ی مانه‌وه‌ی گه‌نمی وه‌رگیراوه‌ له‌ سایلۆكانی حكومه‌تی عێراقی و توانای خه‌زنی گه‌نم له‌ سایلۆكان كه‌ ساڵی رابردوو زیاتر له‌ 6 ملیۆن تۆن گه‌نم وه‌رگیراوه‌ته‌وه‌.

روونیشیكراوه‌ته‌وه‌ كه‌ "له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایانه‌ ڕێژه‌ی وه‌رگرتنی گه‌نم كه‌میكردووه‌ له‌ داچاندنی گه‌نم له‌هه‌رێمی كوردستان و عێراق به‌ گشتی به‌ڕێژه‌ی سه‌دا 50 ،كه‌ ده‌كاته‌ ڕێژه‌ی كه‌مكردنه‌وه‌ی داچاندنی گه‌نم له‌ نۆ ملیۆن دۆنم زه‌وی بۆ چوار‌ ملیۆن و هه‌شت سه‌د هه‌زار دۆنم زه‌وی".

راشیگه‌یاندووه‌ كه‌ "كه‌ ئه‌م ڕێژه‌ له‌ ئاستی خواستی وه‌زاره‌ت و لێژنه‌ی دانوسانی هه‌رێم نه‌بووه‌، به‌ڵام له‌ هه‌مانكاتدا بڕی 400 هه‌زار تۆن گه‌نم دیاریكراوه بۆ هه‌رێمی كوردستان، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا پێشنیاركراوه‌ كه‌ له‌ به‌غدا بڕی زیاده‌ی گه‌نمی ده‌ره‌وه‌ی پلانی راگه‌یه‌ندراوی وه‌رگرتن، به‌نرخی بۆرسه‌ی جیهانی وه‌ربگیرێته‌وه‌، هه‌روه‌ها له‌ ئاستی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێم لیژنه‌ی تایبه‌تمه‌ند كه‌ پێكهاتووه‌ له‌ فه‌رمانگه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم، به‌پێی ناوه‌رۆكی گرێبه‌ستی پڕۆژه‌ی نیشتیمانی به‌بازاڕكردنی گه‌نمی جوتیاران له‌گه‌ڵ كه‌رتی تایبه‌ت، بڕی گه‌نمی زیاده‌ی جوتیارانی هه‌رێمی كوردستان وه‌ربگرنه‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی چاره‌سه‌ری كێشه‌ی به‌بازاڕكردنی به‌شێكی زۆری به‌رهه‌می جوتیارانی هه‌رێمی كوردستان بكرێت".


PM:10:46:30/10/2024


ئه‌م بابه‌ته 2676 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت