بافڵ تاڵەبانی: یەکێتی حەزی بە کەشێکی دەوڵەمەندی سیاسی و دیپلۆماسی هەیە و لە رکابەر ناترسێت


وێستگەنیوز_ هێڤار هیوا

سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایگەیاند، باڵانسی هێزیان رێککردووەتەوە و پێکهێنانی حکومەتیش بەبێ یەکێتی بە "مەحاڵ" ناودەبات. 
 
لەمیانی بەشداریکردنی لە پانێڵێکی تایبەتی دیداری مێری؛ بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایگەیاند، "دوای هەڵبژاردن کۆتایی بە پرۆسەکە نەهاتووە، بەڵکو ئێستا قووڵایی پرۆسەکە دەستپێدەکات و دەکەوێتە سەر ئەوەی کام لایەن بەهێزە بۆ گفتوگۆ لەسەر پێکهێنانی حکومەت." ئاماژەی بەوەش کرد، "پرۆسەی هەڵبژاردنم بەدڵ بوو."
 
بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان باسی لەوەکرد کە بە بڕوای ئەو، "بانگەشەیەکی باشی هەڵبژاردن بەرێوەچوووە؛ و وەکو یەکێتی لە بانگەشەی هەڵبژاردن سەرکەوتووبین. دەشڵێت: ئەبێت لەمەودوا یەکتری بخوێنینەوە و گفتوگۆ بکەین.

بافڵ تاڵەبانی وتیشی: ئێمە هانی هاوڵاتیانمان دا بۆ ئەوەی بێنە سەر سندووقەکانی دەنگدان، بەڵام هەندێک لە حزبەکان لە بانگەشەی هەڵبژاردن ستراتیژییەتیان نەبوو.

سەبارەت بە کاتی پرۆسەی بانگەشەی هەڵبژاردن، سەرۆکی یەکێتی ئاشکرایدەکات، کە " 12 مایکی شکاندووە."

سەبارەت بە لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان و پرسی جیابوونەوەی بزووتنەوەی گۆڕان لە یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە ساڵی 2009، بافڵ تاڵەبانی دەڵێت: کاک نەوشیروان پرۆسەیەکی دەستپێکرد، کە باڵانسی هێزی لە کوردستان تێکدا. کارێکی کرد کە نەیتوانی تەواوی بکات. ڕوونیش بوو کە ناتوانێت، دواتریش زۆر هەوڵیدا کە لەگەڵ یەکێتی نزیک ببنەوە، بەڵام هەندێک کەس نەیاندەویست ئەوە رووبدات.

ئاماژەی بەوەشکرد: گۆڕان کە هاتە ناو حکومەت ئەو هێزەی نەما کە هەیبوو؛ هەر بۆیە شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جووڵانەوەی نەوەی نوێ تووشی هەمان سەرئێشەی گۆڕان دەبێت، لە کاتێکدا بەڵێن دەدات کە هەندێک شت بۆ خەڵک بکات. وتیشی: "خەڵکێک هەیە وا دەزانن کە لە دەرەوەی بابەتەکە بن دەتوانن چاکی بکەن، بەڵام نازانن دەبێت بێنە ناو بابەتەکە ئینجا ئیش بکەن."

جەختیشدەکاتەوە لەوەی، "لەناو سیاسەتدا کەس نییە بیەوێت شتی خراپ بکات، بەڵام بیروڕامان جیاوازە."

بافڵ تاڵەبانی ئاشکرایکرد، "یەکێتی نیشتیمانی ناترسێت لە رکابەر، کەشێکی دەوڵەمەندی سیاسی و دیپلۆماسی، بەڵکو ئێمە حەزمان لێیەتی."

سەبارەت بە نارەزایی لایەنە سیاسییەکان، بافڵ تاڵەبانی دەڵێت، "ئێمە پشتیوانی هەموو لایەنێکین کە هەستدەکات زوڵمی لێکراوە. چەند تێبینییەکمان لەسەر هەندێک لایەن هەیە بەڵام جارێ زووە بۆ ئەو باسە."

لە وەڵامی ئەوەی هێشتا حکومەت پێک نەهێندراوە، سەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان دەڵێت: "پارتی دەچێت بۆ لایەنەکان و دەیەوێت هاوپەیمانییەک دروستکات، ئەم بەیانییە باسی ئەوەم دەکرد وتم: ئەوان ئەو گۆرانیە دەڵێنەوە؛ کە 20 ساڵە دەیڵێنەوە، کاکە ئەو گۆرانیە زۆر داونلۆد کراوە، ئێستا لە یوتیوب بە بەلاش هەیە! بۆیە دەبێت بەرنامەکەیان بگۆڕێت."

"کەسێکی زیرەک پێی وتم، رێکخستنەوەی حزب وەک ئۆتۆمبێلێکی وەرزشی نییە یەکسەر سوکانەکەی بسورێنیت و پێچ بکاتەوە، بەڵکو کەشتییەکی گەورەیە و زۆر بە هێواشی دەسورێتەوە، بەڵام کە دەستیکرد بە سوڕانەوە؛ زەبری هێزی لەگەڵە. لە ئێستاشدا زەبری هێز لای یەکێتی، کاک شاسوار، عەلی حەمە ساڵح و کاک محەمەد حاجی مەحموودە." بافڵ تاڵەبانی وای وت.

هەروەها دووپاتیکردەوە، "من دەتوانم لەگەڵ گوڵێکی پلاستیکی رێکبکەوم! بەڵام هەندێک هەن لێم تێناگەن، ئەم گوڵە پلاستیکیە زیاتر تێدەگات."

هەروەها سەبارەت بە کەموکورتی لە حکومڕانیدا، بافڵ تاڵەبانی پێی وایە، "کەس نییە بێ هەڵە بێت، با دان بەوەدا بنێین.". لە هەمان کاتدا لە پەیامێکدا بۆ لایەنە سیاسییەکان وتی: کاکە کەس خراپی نەکردووە ئێمە بێ هەڵەین، هەموومان سوپەرمانین، باتمانین، تەڕەزانین، بەڵام با لەمڕۆوە شتێک بکەین لە دوێنێ باشتر بێت. با لەم پرەنسیبە سادەیەوە دەستپێبکەین."


PM:01:12:30/10/2024


ئه‌م بابه‌ته 716 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت