ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی لاهور شێخ جەنگی و عەلی باپیر بڵاوکرایەوە


وێستگەنیوز-


ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە 26ی تشرینی یەکەمی 2024، لاهور شێخ جەنگی، سەرۆکی بەرەی گەل سەردانی عەلی باپیر، سەرۆکی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان کرد و کۆبوونەوە.


بەپێی راگەیەندراوی لاهور شێخ جەنگی بێت لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیان کردووە.


دەقی راگەیەندراوی لاهور شێخ جەنگی:


ئێوارەی ئەمڕۆ لە شاری سلێمانی سەردانی بەڕێز مامۆستا عەلی باپیر سەرۆکی کۆمەڵی دادگەری-م کرد، پێکەوە ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ٢٠ی ئۆکتۆبەرمان تاوتوێکرد، گفتوگۆیەکی بەرهەمدارمان کرد سەبارەت بەو ساختەکاری و کێشانەی لە هەموو هەڵبژاردنێکدا حزبە دەسەڵاتدارەکانی هەرێم بەرامبەر پرۆسەی دیموکراسی و ناوبانگی هەرێمی کوردستان نا بەرپرسیارانە ئەنجامی دەدەن.


پێکەوە هەڵوەستەمان کرد لەسەر ئەو بنەما جێگیرەی کە شەرعیەتی راستەقینەی هێزە سیاسیەکانی هەرێمی کوردستان پەیوەستە بە ڕادەی پابەندبونیان بە پاراستنی دیموکراسی و مافی مرۆڤ و داکۆکیکردن لە بەرژەوەندی خەڵک و پارێزگاریکردن لە ناو و ناوبانگی هەرێمی کوردستان و حوکمڕانییەکەی نەک هەڵبژاردنێک کە رەنگدانەوەی حەقیقەتی دەنگ و ڕەنگی خەڵکی هەرێمی کوردستان نەبێت.


لەگەڵ جەنابی مامۆستا عەلی باپیر هاوڕابوین لەسەر پارێزگاریکردن لە چاکەی گشتی و پاراستنی مافەکانی خەڵکی کوردستان و دەنگ و ئیرادەی راستەقینەی هاوڵاتیان لە هەموو ئاستەکاندا و جەختمان لەسەر ئەو راستییە کردەوە کە ئامانجی لە پێشینەمان پارێزگاریکردنە لە ئیرادەی ئازادانەی دەنگدەرانی هەرێمی کوردستان.







PM:10:26:26/10/2024






ئه‌م بابه‌ته 1952 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو