کورسییەکانی کۆمەڵی دادگەریی چۆن دابەشدەکرێت بەسەر لایەنەکانی دیکەدا؟


وێستگەنیوز- سازگار ئەحمەد


ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە 26ی تشرینی یەکەمی 2024، عەلی باپیر، سەرۆکی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان ئاشکرایکرد، "100% دڵنیابووینەوە لەوەی ساختەکاری زۆر لە هەڵبژاردن کراوە، بۆیە ئێمە ئەم پەرلەمانە بەشایستەى خۆمان نازانین و بەشداریی تێدا ناكەین".


بەپێی ئەنجامی بەراییەکانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بێت، کۆمەڵی دادگەریی کوردستان لە هەڵبژردانی پەرلەمانی کوردستان بووەتە خاوەنی سێ کورسی لە بازنەی هەولێر یەک کورسی و سلێمانییش دوو کورسی.


لەبارەی دابەشبوونی کورسییەکانی کۆمەڵی دادگەریی هۆگر چەتۆ، سەرۆكی تۆڕی شەمس و شارەزای كاروباری هەڵبژاردن بە وێستگەنیوزی راگەیاند، "بڕیاری کشانەوە لە پەرلەمانی تاوەکو پەسەندکردنی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردن هیچ بەهایەکی نییە، کاتێکیش ئەنجامەکان پەسەندکرا دەبێت سەرجەم کاندیدە براوەکانی کۆمەڵەی دادگەریی بڕیاری کشانەوە پەسەند بکەن، ئەوکاتە بەپێی باقی ئەقوا کۆمسیۆن کورسییەکان لە بازنەکان دابەش دەکات".


ئاماژەی بەوەشکرد، "بەپێی باقی ئەقوا کورسییەکەی بازنەی هەولێر و کورسییەکی بازنەی سلێمانی بۆ پارتی دەبێت و کورسییەکەی دیکەی سلێمانیش بۆ یەکێتی دەبێت".


بەپێی ئەو دابەشکردنە بێت ژمارەی کورسییەکانی پارتی بۆ 41 کورسی و یەکێتی بۆ 24 کورسی بەرزدەبێتەوە.


روونیشیکردەوە، "ئەگەر ئەو گۆڕانکارییە ببێت بەپێی ریزبەندی کاندیدە ژنەکان لاهور شێخ جەنگی کاندیدی بەرەی گەل دەگۆڕێت بۆ ژنێک کە زۆرترین دەنگی هەیە".


بەپێی یاسای هەڵبژاردن بێت، ئەگەر لە کۆتا دەرەنجامی هەڵبژاردن کۆتای ژن دەستەبەر نەبوو کە 11 کورسییە، ئەوا کاندیدێکی پیاوێکی سەرکەوتوو یان زیاتری هەر لیستێکی کراوە دەگۆڕدرێت ئەو ژنە کاندیدەی زۆرترین دەنگی هێناوە.




PM:08:19:26/10/2024


ئه‌م بابه‌ته 2616 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو