سه‌ڵاحه‌دین ده‌میرتاش: ئیدانه‌ی هێرشه‌كه‌ی ئه‌نقه‌ره ده‌كه‌م
وێستگه‌نیوز-
سه‌ڵاحه‌دین ده‌میرتاش سیاسه‌تمه‌داری كورد له‌زیندانه‌وه په‌یامێكی له‌سه‌ر هێرشه‌كه‌ی ئه‌نقه‌ره بڵاوكرده‌وه و رایگه‌یاند كه ئیدانه‌ی هێرشه‌كه ده‌كات و ئه‌گه‌ر توركیا رێگه‌ی سیاسه‌ت بكاته‌وه، پشتیوانی ده‌كات.
سه‌ڵاحه‌دین ده‌میرتاش له تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی (X) په‌یامێكی بڵاوكردووه‌ته‌وه و نووسیویه‌تی: "ئێمه هێرشه‌كه‌ی ئه‌نقه‌ره ئیدانه ده‌كه‌ین، خوای گه‌وره ره‌حم به‌و كه‌سانه بكات كه گیانیان له‌ده‌ستداوه، سه‌ره‌خۆشی و سه‌بووری خۆمان پێشكه‌شی كه‌سوكاریان ده‌كه‌ین. هیوای زوو چاكبوونه‌وه بۆ برینداره‌كان ده‌خوازین".
ده‌میرتاش نووسیویه‌تی: "ئه‌و عه‌قڵیه‌ته‌ی به خوێن هه‌وڵی راگرتنی چاره‌سه‌ری كێشه‌كانمان له ڕێگه‌ی قسه‌كردن و دیالۆگ و سیاسه‌ته‌وه ده‌دات، پێویسته بزانێت ئه‌گه‌ر ئۆجه‌لان ده‌ستپێشخه‌ری بكات و بیه‌وێت زه‌مینه بۆ سیاسه‌ت خۆش بكات، ئێمه به هه‌موو هێزمانه‌وه له پشتیه‌وه ده‌بین".
ده‌شڵێت: "هه‌رگیز رێگه ناده‌ین ده‌نگی ئه‌وانه‌ی ئاشتییان ده‌وێت سه‌ركوت بكرێت، گرنگ نییه ئاشتی له كێوه سه‌رچاوه‌ی گرتووه".
ئه‌م په‌یامه‌ی سه‌ڵاحه‌دین ده‌میرتاش دوای ئه‌وه دێت كه دوای نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه، 23ی تشرینی یه‌كه‌می 2024 هێرشكرایه سه‌ر كۆمپانیای پیشه‌سازی فڕۆكه‌وانی توركیا (توساش) له ئه‌نقه‌ره و ته‌قینه‌وه‌یه‌ك له ناوچه‌كه روویدا. پێش ئه‌وه‌ی ته‌قینه‌وه‌كه رووبدات، شه‌ڕه ته‌قه له‌نێوان چه‌كداره‌كان و هێزه ئه‌منییه‌كانی توركیادا روویدا. وه‌زیری ناوخۆی توركیا رایگه‌یاند، له هێرشه‌كه‌دا چوار كه‌س كوژران و 14 كه‌سی دیكه برینداربوون.
PM:09:33:23/10/2024
ئه‌م بابه‌ته 548
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت