بڕیارە کێ یەکەم کۆبوونەوەی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەببات ؟


وێستگەنیوز_

لە دوای پرۆسەی دەنگدانی گشتی و تایبەتی بۆ شەشەمین خولی پەرلەمانی کوردستان لە 18 و 20ی تشرینی یەکەمدا بەڕێوەچوو، بڕیارە کێ لە کاندیدە سەرکەوتووەکان سەرپەرشتی یەکەم کۆبوونەوەی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بگرێتە ئەوستۆ ؟ 

وریا سەعدی، راوێژکاری یاسایی پەرلەمانی کوردستان ئەمڕۆ چوارشەممە 23ی تشرینی یەکەم، رایگەیاندووە، "دوای ئەوەی کۆمیسیۆن ئەنجامەکەی پەسەند کرد، سەرۆکی هەرێمی کوردستان داوا دەکات لە 10 رۆژدا یەکەم دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجامبدرێت." 

وریا سەعدی وتیشی، "بەگوێرەی یاسا، دوای سوێندخواردنی کاندیدە سەرکەوتووەکان لە پەرلەمانی کوردستان، بەتەمەنترین ئەندامی پەرلەمان سەرپەرشتی کۆبوونەوەکان دەکات و دواتر دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ پۆستەکانی سەرۆکی پەرلەمان و جێگری سەرۆک و سکرتێر دەکاتەوە."

بەگوێرەی ئەنجامی کۆمیسیۆن، محەممەد سلێمان محەممەد، کاندیدی سەرکەوتووی نەوەی نوێ بۆ پەرلەمانی کوردستان، بەتەمەنترین کاندیدی سەرکەوتووە و یەکەم کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەدەبات.

بەگوێرەی بڕگەی 1 لە مادەی 13ی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان، کاندیدە سەرکەوتووەکان دوای سوێندخواردن بە فەرمی دەبنە پەرلەمانتار و هەموو مافێکی ئەندامێتییان دەبێت و هەموو ئەرکێکیشیان دەکەوێتە ئەستۆ.


PM:12:30:23/10/2024


ئه‌م بابه‌ته 564 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو