شاسوار عەبدولواحید: هێزە ئەمنییەکان دەنگەکانی دەسەڵاتیان بۆ کەمتر لە نیوە کەمکردووەتەوە


وێستگەنیوز_

سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ رایگەیاند، زۆر سوپاسى هێزە ئەمنییەکان دەکەن کە سەربارى فشار و هەڕەشەکان لەسەریان، 30 هەزار کەسیان دەنگیان بە نەوەی نوێ داوە و دەنگەکانی دەسەڵاتیان بۆ کەمتر لە نیوە کەم کردووەتەوە.

شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ رایگەیاند، لە دەنگدانی تایبەتدا، نزیکەی 30 هەزار کەس لە هێزە ئەمنییەکان دەنگیان داوە بە نەوەی نوێ و ئەوەش سەرکەوتنێکی گەورەیە بۆ نەوەی نوێ.

ئاماژەی بەوەشکردووە، زۆر سوپاسی هێزە ئەمنییەکان دەکەین کە دەنگیان بە نەوەی نوێ داوە، سەرباری ئەو فشار و هەڕەشانەی کە لەسەریان بووە.

دەشڵێت، پێشتر دەنگی دەنگدانی تایبەت 400 هەزار دەنگ بوو ئێستا کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق کەمی کردووەتەوە بۆ 215 هەزار، نزیکەی 60 هەزار کەسیش دەنگەکانیان سووتاندووە، نزیکەی 20 هەزار کەس نەچووە بۆ دەنگدان، بەوپێیەیش دەنگەکانی دەسەڵات کەم بووەتەوە بۆ کەمتر لە نیوە.

ئەوەشی خستووەتەڕوو،" لە شەش ساڵی رابردوودا ئەوەی لەسەر شانمان بووە وەک جوڵانەوەی نەوەی نوێ ئەنجاممان داوە، ئێستاش ئەوەی کە ماوە و لەسەر شانی هاوڵاتیانی هەرێمە رۆژی یەکشەممە 20ـی 10 بەشداری دەنگدان بکەن".

شاسوار عەبدولواحید راشیگەیاند، " داواکارم لە هاوڵاتیانی هەرێم بە سەرجەم توێژەکانەوە لە رۆژی دەنگدانی گشتی بەشداری دەنگدان بکەن و دەنگ بدەن بە نەوەی نوێ بێ دودڵی، چونکە ئەمە دوایین دەرفەتە بۆ لابردنی دەسەڵات".


PM:07:53:18/10/2024


ئه‌م بابه‌ته 344 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت