لقی دهۆکی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان: رێژەی دەنگدان لە دهۆک لە هەر سێ پارێزگاکەی دیکە بەرزترینە


وێستگەنیوز_

بەرپرسێکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەڵێت، بەراورد بە سێ پارێزگاکانی دیکە زۆرترین رێژەی بەشداری لە شاری دهۆک تۆمارکراوە و رێژەی بەشداریکردن لە دەنگدانی تایبەت 97.5% بووە. 
 
ئەمرۆ هەینی، 18ـی 10ـی 2024، خالید عەباس، بەڕێوەبەری لقی دهۆکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند: "نزیکەی 40 هەزار دەنگدەرمان بۆ دەنگدانی تایبەت هەیە کە دابەشی سەر 33 بنکەی دەنگدان کراون، رێژەی بەشداری لە دەنگدانی تایبەت تاوەکو کاتژمێر 04:00ـی ئێوارە 97.5% بووە کە بەراورد بە هەر سێ پاریزگاکانی دیکە بەرزترینە."
 
ئاماژەی بەوەشکرد، "تاوەکو کاتژمێر 2:30 لە هەر 33 بنکەکانمان هیچ سکاڵایەک تۆمارنەکراوە، بابەتی بردنە ژوورەوەی مۆبایلیش لیژنەی ئەمنی بڕیاریداوە کە بردنە ژوورەوەی مۆبایل قەردەخەیە بۆیە ئەرکی ئێمەیە وەکو کۆمیسیۆن و وەکو لیژنەی ئەمنیش کە رێگە نەدەین مۆبایل بچێتە ژوورەوە."
 
هەروەها لەبارەی لەکارکەوتنی ئامێرەکانی دەنگدان دەڵێت: "بەگوێرەی بڕیاری ئەنجوومەنی کۆمیسیاران، دەبوو 30٪ ئامێری یەدەگ بۆ بنکەکان بنێردرایە، بەڵام بۆ پارێزگای دهۆک 50٪ هاتووە، هەمووشی پێشوەختە تاقیکراونەتەوە و تاوەکو ئێستا هیچ کێشەیەک لە ئامێرەکان دروستنەبووە."



PM:05:17:18/10/2024


ئه‌م بابه‌ته 232 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت