هۆگر چەتۆ: ئەو کێشانەی ئەمڕۆ روویاندا لە دەنگدانی گشتییدا ئەگەری روودانیان کەمە


وێستگەنیوز-


رێکخەری تۆڕی شەمس بۆ چاودێریی هەڵبژاردنەکان ئاماژەی بەوەکرد، پرۆسەی هەڵبژاردنی تایبەت لە رووی هونەرییەوە زۆر بە باشی بەڕێوەچووە و هیچ کێشەی نەبووە.


ئەمڕۆ هەینی 18ی تشرینی یەکەمی 2024، هۆگر چەتۆ، رێکخەری تۆڕی شەمس بۆ چاودێریی هەڵبژاردنەکان بە وێستگەنیوزی راگەیاند، "لە رووی هونەرییەوە پرۆسەی هەڵبژاردنی تایبەت زۆر بە باشی بەڕێوەچوو و بنکەکان هەمووی لەکاتی خۆیدا کرایەوە و رێکارەکان وەک خۆی جێبەجێکراوە".


راشیگەیاند، "لە رووی سەرپێچییەوە پرۆسەی دەنگدان بە باشی بەڕێوەچوو، بەڵام هەندێک تێبینی هەبوو کە نەدەکرا مۆبایل ببرێتە ژوورەوە تاوەکو خەڵک ناچار نەکرێت رەسمی دەنگەکەی بگرێت، بەڵام لە بەشێک لە بنکەکان مۆبایل برایە ژوورەوە، هەروەها بەپێی رێنماییەکان نابێت لە نزیک بنکەکانی دەنگدان ریکلام بکرێت، وەک بینیمان لە نزیک بەشێک لە بنکەکان کارتی دەنگدان دابەش دەکرا".


رێکخەری تۆڕی شەمس بۆ چاودێریی هەڵبژاردنەکان ئاماژەی بەوەکرد، "بۆ دەنگدانی ئەمڕۆ کە تایبەت بوو کۆمسیۆن لە هەر وێستگەیەک 300 کەسی داناوە و لە دەنگدانی گشتی بۆ هەر وێستگەیەک 450 کەس دانراوە، هەروەها رێژەی دەنگدان لە تایبەتدا بەرزە، بەڵام لە دەنگدانی گشتی ناگاتە لە %50، بۆیە ئەو کێشانەی ئەمڕۆ روویاندا لە دەنگدانی گشتییدا ئەگەری روودانیان کەمە".


بەیانی ئەمڕۆ هەینی 18ی تشرینی یەکەمی 2024، کاتژمێر 7:00 پرۆسەی دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەستیپێکرد و کاتژمێر 6:00ی ئێوارە کۆتایی دێت.



PM:02:06:18/10/2024


ئه‌م بابه‌ته 312 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت