قوباد تاڵەبانی: هەموو لایەک دڵنیادەکەینەوە کە توڵەی خوێنی شەهید محەمەد لە تیرۆریستان دەکەینەوە


وێستگەنیوز_

قوباد تاڵەبانی رایگەیاند، تۆڵەى خوێنى شەهید محەمەد رەشید ژاڵەیى دەکەینەوە کە لە ئۆپەراسیۆنەکانى ئاسایشى هەرێم لەکاتى رووبەڕووبوونەوەى تیرۆرستانى داعش شەهید بوو.

شەوی رابردوو شانەی راگەیاندنی ئەمنی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق رایگەیاند، بە هاوکاری دەزگا ئەمنییەکانی پارێزگای سلێمانی و بە بەکارهێنانی فڕۆکەی جەنگیی F-16، ئەشکەوتێکیان لە سنووری ناحیەی شوان لە پارێزگای کەرکووک بۆردوومان کردووە، کە چوار چەکداری نەناسراوی تێدا بووە.

دوای بۆردوومانەکە هێزێکی ئۆپەراسیۆنەکانی ئاسایشی سلێمانی بە هەماهەنگی لەگەڵ هێزە عێراقییەکان بۆ کێوماڵ چوونەتە شوێنی بۆردوومانەکە، دواتر پێکدادان دروستبووە و ئەندامێکی هێزەکانی ئاسایشی سلێمانی بەشی ئۆپەراسیۆن شەهید بووە.

بەو بۆنەیەوە، قوباد تاڵەبانی،جێگری سەرۆک وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا دەڵێت: جارێکیتر دەستی رەش و چەپەڵی تیرۆر، پێشمەرگە و پارێزەرێکی دیکەی نیشتمانی لێ ستاندین.

ئاماژەی بەوەشکردووە، "شەهیدبوونی پێشمەرگەی ئازا كاك محەمەد رەشید ژاڵەیی، كارمەندی هێزەكانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئۆپەراسیۆنەکانی دەزگای ئاسایشی هەرێم لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریستانی داعش دڵگران و غەمباری کردین.

قوباد تاڵەبانی جەختدەکاتەوە لەوەی، "هەموو لایەک دڵنیا دەکەینەوە کە توڵەی خوێنی شەهید محەمەد لە تیرۆریستان دەکەینەوە و لە ئاست خێزان و کەسوکارە سەربەرزەکەشیدا بە وەفا دەبین. خوای گەورە روحی ئەم شەهیدە بە بەهەشت شاد بکات و سەبوری و ئارامی بە هەموو لایەک ببەخشێت."


PM:01:14:18/10/2024


ئه‌م بابه‌ته 260 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت