پرۆسەی دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەستیپێکرد


وێستگەنیوز-

بەیانی ئەمڕۆ هەینی 18ی تشرینی یەکەمی 2024، کاتژمێر 7:00 پرۆسەی دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەستیپێکرد.


کۆی گشتیی دەنگدەرانی تایبەت 215 هەزار و 960 کەسن کە دەکاتە رێژەی 7.4٪ـی کۆی دەنگدەران.

کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند ، "هەر دەنگدەرێکی دەنگدانی تایبەت، کارتی بایۆمەتری کۆدکراوی تایبەت بە خۆی هەیە و دوای دەنگدان لێیان وەردەگیرێتەوە، خۆ ئەگەر رادەستیشی نەکردبێت، ناتوانێت لە دەنگدانی گشتی بەکاری بهێنێت، چونکە ئەو ئامێرەی لە دەنگدانی گشتی بۆ دڵنیابوونەوە لە زانیارییەکانی دەنگدەر بەکاردەهێنرێت، کارتی بایۆمەتری دەنگدەرانی دەنگدانی تایبەت ناخوێنێتەوە".

ژمارەی بنکە و وێستگەکان بۆ دەنگدانی تایبەت

لە دەنگدانی تایبەتدا 165 ناوەندی دەنگدان لە 9 پارێزگا کراوە دەبن، چوار بازنە لە هەرێمی کوردستان، لەگەڵ بنکەکانی دەنگدان، لە سەڵاحەدین، بەغدا، واست، کەرکوک، نەینەوا.

کۆی گشتی 747 وێستگەی دەنگدان بۆ دەنگدانی تایبەت دادەنرێن لەو 165 بنکەیەی بۆ ئەو هەڵبژاردنە دانراوە.

رێنماییەکانی کۆمیسیۆن:

کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لەبارەی دەنگدانی تایبەت دەڵێت:

- پێش ئەوەی کاغەزی دەنگدان بە دەنگدەر بدرێت، پێویستە مۆر لەسەر ناوی ئەو پارێزگایەی دەنگدەرەکەی لێیە بدرێت. بۆ نموونە، ئەگەر دەنگدەر لە بازنەی سلێمانی دەنگی دا، ئەوا دەبێت مۆر لە چوارگۆشەی بازنەی سلێمانی بدرێت، ئینجا کاغەزی دەنگدان بدرێتە دەنگدەر.

- لە کاتی دەنگداندا پێویستە دەنگدەر قەڵەمی مۆری نیشانەکردن بەکاربهێنێت.

- ئەگەر دەنگدەر تەنیا بۆ حزبێک یان هاوپەیمانییەک دەنگ بدات، "ئەوا بە قەڵەمی نیشانکردن، نیشانەیەک لەنێو ئەو چوارگۆشەی ئەو لایەنە بدات کە دەنگی پێ دەدات، بەڵام ئەگەر دەنگدەر دەنگی بە بەربژێرێژێکی دیاریکراو لەنێو لیستێک دا، ئەوا بە قەڵەمەکە دەبێت دوو نیشانە دابنێت، "یەکەم نیشانە لەنێو چوارگۆشەی لایەنەکە و دووەمیش نیشانەیەکی دیکە دەبێت لەو چوارگۆشەیە بدات کە ژمارەی بەربژێرەکەی لەسەر نووسراوە".

- ئەگەر دەنگدەر دەنگ بە بەربژێری سەربەخۆ بدات، ئەوا دەبێت نیشانەی دەنگدانەکەی لە چوارگۆشەی تەنیشت ناوی بەربژێرە سەربەخۆکە بدات.






AM:07:09:18/10/2024


ئه‌م بابه‌ته 240 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت