نێچیرڤان بارزانی له ئه‌نقه‌ره به‌دوای پاڵپشتێكی ناوچه‌یی ده‌گه‌ڕێت بۆ دوای قۆناغی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان
وێستگەنیوز-
سه‌ركردایه‌تی پارتی دیموكراتی كوردستان، پێش ده‌ستپێكردنی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان كه بڕیاره رۆژی یه‌ك شه‌ممه‌ی داهاتوو ئه‌نجامبدرێت، ده‌ستپێشخه‌ری خۆی ئه‌نجامدا و نێچیره‌ڤان بارزانی جێگری سه‌رۆكی پارتی و سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستانی نارد بۆ ئه‌نقه‌ره.
ئامانج له‌م هه‌نگاوه، پته‌وكردنی زیاتری په‌یوه‌ندییه‌كانه له‌گه‌ڵ توركیا، له‌سایه‌ی ئه‌و ترسه‌ی لای پارتی دروست بووه، به‌وه‌ی ئێران و هێزه هاوپه‌یمانه‌كانی كه ده‌سه‌ڵاتی عێراقی فیدراڵیان كۆنترۆڵ كردووه، لایه‌نگری نه‌یاره‌كه‌ی بكه‌ن كه یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستانه به سه‌رۆكایه‌تی پاڤڵ جه‌لال تاڵه‌بانی.
دوێنێ چوار شه‌ممه 16ی تشرینی یه‌كه‌می 2024، نێچیرڤان بارزانی به‌سیفه‌تی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، گه‌شته ئه‌نقه‌ره و له‌گه‌ڵ ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆگان سه‌رۆكی توركیا و ژماره‌یه‌ك له به‌رپرسه گه‌وره‌كانی توركیا كۆبوه‌وه.
به‌ڵام سه‌ردانه‌كه‌ی نێچیرڤان به سیفه‌تی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، ڕه‌هه‌نده حزبییه‌كه‌ی سه‌ردانه‌كه‌ی نه‌شارده‌وه. ئه‌گه‌ر سه‌رۆكی هه‌رێم، به‌ر له سه‌ردانه‌كه‌ی راوێژی له‌گه‌ڵ هاوبه‌شه‌كانی پارتی دیموكراستی كوردستان له حكومه‌تی هه‌رێمدا بكردایه، له‌سه‌رو هه‌مویانه یه‌كێتی نیشتیمانی، ئه‌وا رازینه‌ده‌بوون له‌م كاته هه‌ستیاره‌دا، ئه‌و سه‌ردانه ئه‌نجامبدات.
ئه‌و ترسه‌ی پارتی هه‌یه‌تی و هه‌ندێك له كه‌سایه‌تییه‌كانی حزبه‌كه گوزارشتیان لێكردووه، ئه‌وه‌یه فه‌رمانده‌ی میلیشیا و حزبه خاوه‌ن ده‌سه‌ڵاتداره‌كان له حكومه‌ته‌كه‌ی محه‌مه‌د شیاع سودانی، له‌گه‌ڵ حزبه‌كه‌ی تاڵه‌بانی، به نیازی پیلانێكن بۆ دوورخستنه‌وه‌ی پارتی دیموكراتی كوردستان له حوكمڕانی هه‌رێم.
یه‌كێتی له‌م هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردنه‌دا، دروشمی گۆڕینی ڕێڕه‌وی ده‌سه‌ڵاتی به‌رزكردبوه‌وه، ئه‌مه له كاتێكدا پارته نه‌یاره‌كه‌ی به‌رامبه‌ری، واته پارتی دیموكراتی كوردستان، متمانه‌ی ته‌واوی به خۆی هه‌یه كه ده‌توانێت له رێگه‌ی سندوقه‌كانی ده‌نگدانه‌وه، بگه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌ركردایه‌تی حكومه‌تی هه‌رێم و دیارترین و به‌رزترین پێگه سه‌ره‌كییه‌كانی ده‌سه‌ڵات وه‌ربگرێته‌وه.
به‌ڵام ئه‌و متمانه‌یه‌ی پارتی، ترسی سه‌ركردایه‌تی پارته‌كه‌ی بارزانی ناڕه‌وێنێته‌وه، له‌وه‌ی هێزه فه‌رمانڕه‌واكانی به‌غداد، هاریكاری له‌گه‌ڵ حزبه‌كه‌ی تاڵه‌بانی ده‌كه‌ن و دوای هه‌ڵبژاردن كێشه بۆ پارتی دروست ده‌كه‌ن و به‌ربه‌ست ده‌خه‌نه به‌رده‌م ئه‌وه‌ی پارتی دیسانه‌وه حكومه‌ت پێكبهێنێته‌وه.
ئه‌ڵبه‌ته ئه‌و هێزانه‌ی به‌غداد، چه‌ندین كه‌ره‌سته و ئامرازی سیاسی و دارایی جیاواز و ته‌نانه‌ت كه‌ره‌سته و ئامرازی یاسایی و دادگاییان له‌به‌رده‌ستدایه.
ئا له‌م پاشخانه‌وه، پێده‌چێت ئامانجی سه‌ره‌كی سه‌ردانه‌كه‌ی نێچیرڤان بۆ ئه‌نقه‌ره، گه‌ڕان بێت به دوای پاڵپشتێكی ناوچه‌یی هاوسه‌نگ، بۆ دوای قۆناغی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان. ئه‌مه دوای ئه‌وه‌ی نه‌خشه‌ی لایه‌نگری له هه‌رێمی كوردستان، بۆ وڵاتانی دراوسێ، به ته‌واوه‌تی روونبووه‌ته‌وه و له نێوان پارتی و یه‌كێتی دابه‌شبووه. پارتی بووه‌ته هاوپه‌یمانێكی ئاشكرای توركیا و هاوكاریه‌تی له شه‌ڕی توركیا دژ به گه‌ریلاكانی پارتی كرێكارانی كوردستان له‌سه‌ر خاكی هه‌رێم، ئه‌مه له‌لایه‌ك.
له‌لایه‌كی دیكه‌وه، یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان، له چوارچێوه‌ی به‌ره‌ی ئێران هه‌ژمار ده‌كرێت، هۆكاره‌كه‌شی بۆ ئه‌و په‌یوه‌ندییه تووند و باشه ده‌گه‌ڕێته‌وه كه سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك له فه‌رمانده‌ی حزبه‌كان و گروپه شیعییه‌كاندا هه‌یه‌تی، له نمونه‌ی رابه‌ری میلیشیاكانی عه‌سائیبی ئه‌هلی حه‌ق قه‌یس غه‌زعه‌لی و هادی عامری فه‌رمانده‌ی میلیشیاكانی به‌د‌ر.
له‌م هاوكێشه‌یه‌دا،توركیا هانی پارتی دیموكراتی كوردستان ده‌دات، په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵیدا باشتر و پته‌وتر بكات، چونكه توركیا له پشت ئه‌و په‌یوه‌ندییه باشه‌وه، سودێكی زۆری ده‌ستده‌كه‌وێت، له‌وانه به‌ده‌ستهێنانی جێگا پێیه‌ك بۆ ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی له عێراق، دۆزینه‌وه‌ی سه‌رزه‌مینێكی پته و بۆ كێبڕكێی ده‌سه‌ڵات له‌گه‌ڵ ئێران، ئه‌مه جگه له دیارترین ئه‌و سودانه‌ی توركیا له‌م په‌یوه‌ندییه‌وه به‌ده‌ستده‌هێنێت، ئه‌ویش بریتییه له دۆزینه‌وه‌ی هاوبه‌شێكی ناوخۆیی هاوسه‌نگ له رووی سیاسی و ئه‌منییه‌وه، بۆ روبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی به‌رده‌وامی پارتی كرێكاران كه زیاد له چوار ده‌یه‌یه ئه‌و روبه‌رووبوونه‌وه‌یه درێژه‌ی هه‌یه.
توركیا به‌و شێوه‌یه‌ی مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ پارتی ده‌كات، مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ یه‌كێتی ناكات و به چاوی نه‌یار و دوژمن له حزبه‌كه‌ی تاڵه‌بانی ده‌ڕوانێت، له تێڕوانین و دیدی توركیادا، یه‌كێتی هاوپه‌یمانی كورده یاخییه‌كانی دژ به رژێمه‌كه‌یه‌تی.پێشتر هێزه‌كانی توركیا، بۆردومانی فڕۆكه‌خانه‌ی شاری سلێمانی كرد كه به قه‌ڵای سه‌ره‌كی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان داده‌نرێت.
توركیا سه‌باره‌ت به‌و بۆردومانه ده‌ڵێت فرۆكه‌خانه‌كه كراوه‌یه، بۆ گواستنه‌وه‌ی چه‌كدارانی پارتی كرێكارانی كوردستان و گواستنه‌وه‌ی كه‌ره‌سته‌ی لۆجستی بۆ په‌كه‌كه.
ره‌جه‌ب ته‌یب ئۆردوگان له سه‌ردانه‌كه‌ی مانگی نیسانی رابردوو بۆ عێراق، سه‌ردانی شاری هه‌ولێری كرد كه به قه‌ڵای پارتی دیموكراتی كوردستان داده‌نرێت. كه‌چی له دوای هاتنی بۆ هه‌ولێر، سه‌ردانی سلێمانی نه‌كرد.
دوێنێ چوار شه‌ممه 16ی تشرینی یه‌كه‌می 2024، ئه‌ردۆگان له ئه‌نقه‌ره، له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان كۆبوه‌وه. به‌ڵام دوای كۆبوونه‌وه‌كه كه كۆبوونه‌وه‌یه‌كی داخرابوو، هیچی وا رانه‌گه‌یه‌نرا، ئه‌وه نه‌بێت میدیا ناوخۆییه‌كان باسیان له‌وه كردووه هه‌ردوو لا "رێكه‌وتوون له‌سه‌ر زه‌روره‌تی كاركردنی هاوبه‌ش بۆ رێگریكردن له فراوانبوونی بازنه‌ی ئاڵۆزییه‌كانی ناوچه‌كه و جه‌ختیان له گه‌شه‌پێدانی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان توركیا و عێراق و هه‌رێمی كوردستان كردووه‌ته‌وه".
په‌یوه‌ندییه چڕه‌كه‌ی نێوان هه‌ولێر و ئه‌نقه‌ره، وایكردووه پارتی له‌لایه‌ن یه‌كێتی و حزبه‌كانی عێراقه‌وه، ئه‌وانه‌یان هاوپه‌یمانی یه‌كێتین، رووبه‌ڕووی ره‌خنه‌ی زۆر ببێته‌وه، بگره ره‌خنه‌كان گه‌شتوونه‌ته ئاستی ئه‌وه‌ی پارتی به "به‌كرێگیراو/ العمالة"ی توركیا تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن و دژ به هاوزمانانی خۆی ده‌ستی له‌گه‌ڵ توركیا تێكه‌ڵكردووه.
ئه‌و تۆمه‌تانه له‌وێوه سه‌رچاوه‌ی گرتووه كه هاریكاری ئه‌منی نێوان پارته‌كه‌ی بارزانی و توركیا، تابێت له هه‌ڵكشان و زیادبووندایه و توركیا به‌م دواییانه، ئۆپه‌راسیۆنه سه‌ربازییه‌كانی دژ به چه‌كدارانی پارتی كرێكاران، له ناو خاكی كوردستانی عێراق، فراوانتر كردووه و هێزه‌كانیان توانیویانه بڕۆنه ناو پارێزگای دهۆك و له‌وێ ده‌ستیانكردووه به لێدانی رێگا و دانانی بنكه و باره‌گا.
هاوكات له‌كاتی ئاماده‌بوونی نێچیرڤان بارزانی له ئه‌نقه‌ره، لایه‌نه نه‌یاره‌كانی پارتی له عێراق، ده‌ستیانكرد به جووڵاندنی دۆسێی بوونی سه‌ربازی توركیا له دهۆك، له‌م باره‌یه‌وه وه‌عد قه‌دۆ، په‌رله‌مانتاری لیژنه‌ی ئه‌من و به‌رگری له په‌رله‌مانی عێراق، ئیدانه‌ی هاتنی هێزه‌كانی توركیای كرد بۆ ناو باكوری عێراق و به ده‌ستوه‌ردانێكی ناڕه‌وا و قبوڵنه‌كراو وه‌سفكرد.
له كاتی هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردن و وه‌ك ئاماده‌كارییه‌ك بۆ هه‌ڵبژاردنی رۆژی یه‌ك شه‌ممه‌ی داهتاتوو، په‌یوه‌ندییه هه‌رێمییه‌كانی هه‌ر یه‌كه له پارتی و یه‌كێتی، بووه مادده‌یه‌ك بۆ ریكلامكردن و هه‌ر حزبه‌ی ئه‌وی دیكه‌یانی به "به‌كرێگیراو" بۆ لایه‌نێكی ده‌ره‌كی وه‌سف ده‌كرد.
له‌م روه‌وه پاڤڵ تاڵه‌بانی له كاتی هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردنی حزبه‌كه‌ی، تۆمه‌تی زۆر تووندی ئاراسته‌ی سه‌ركرده‌كانی پارتی كرد و به فرۆشتنی ئێزیدییه‌كان و تێكدانی یه‌كڕیزی كورسدتان بۆ به‌رژه‌وه‌ندی داگیركه‌ران، تۆمه‌تباری كردن.
سه‌رۆكی یه‌كێتی له وتارێكیدا به سه‌ركردایه‌تی پارتی وت: "به‌هۆی هاوكاریكردنی ئێوه له‌گه‌ڵ هێزه داگیركه‌ره‌كان، چوار سه‌د گوند چوڵكراون"، له به‌رامبه‌ردا پارتی وه‌ڵامی ئه‌و تۆمه‌تانه‌ی دایه‌وه و نه‌یاره‌كه‌ی به‌وه تۆمه‌تبار كرد كه له عێراقدا ده‌ستی له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌دا تێكه‌ڵ كردووه كه سه‌ر به ئێرانن.
PM:07:54:17/10/2024
ئه‌م بابه‌ته 1208
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت