مەسرور بارزانی: بەنداوی گۆمەسپان دەبێتە ناوچەیەكی زۆر گرنگی گەشتیاریی و ئابووری


وێستگەنیوز_

ئەمڕۆ سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەنداوی (گۆمەسپان)ی كردەوە، هاوكات بەردی بناخەی جووتسایدی گۆمەسپان - سماقووڵیی دانا.

ئەمڕۆ چوارشەممە 16ـی تشرینی یەکەمی 2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەنداوی گۆمەسپانی كردەوە و هاوكات بەردی بناغەی جووتسایدی گۆمەسپان-سماقووڵی دانا.

لە وتارێكدا كە لە ڕێوڕەسمی هاوبەشی هەردوو پرۆژەدا پێشكەشی كرد، سەرۆكی حكومەت باسی لەوە كرد، دوای چەندین قۆناغ، كابینەی نۆیەم بڕیاری تەواوكردنی پرۆژەی بەنداوی گۆمەسپانیدا.

ئاماژەشی بەوە كرد كە ئەم بەنداوە دەبێتە هۆكارێكی زۆر باش و دڵخۆشكەر بۆ پەرەپێدانی گەشتیاریی لە ناوچەكە و فێنکبوونی گۆڕانی كەشوهەوا لە ناوچەكە و پەرەپێدانی سامانی ماسی و لە هەمووشی گرنگتر، دەبێتە ناوچەیەكی زۆر گرنگی گەشتیاریی لە دەوروبەری هەولێر كە هەموو خەڵكی دۆڵی خۆشناوەتی و ئەم دەڤەرە دەتوانن سوودی لێ ببینن.

لەبارەی ئاوی كۆكراوەی بەنداوەكە، مەسرور بارزانی گوتی، "ئەم ئاوە، ئاوی بارانە و وەرزییە، كە هەمیشە بەفیڕۆ دەڕۆیشت، ئێمە كە بڕیاری دروستكردنی بەنداوەكەمان دا، چەندین بیرۆكە هەبوو كە بتوانین سوودی لێ وەربگرین."

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا سەرۆکی حکومەت باسی لەوەکرد، "گومانم لەوەدا نییە كە بەنداوەکە دەبێتە شوێنێكی زۆر زۆر خۆش و خەڵك دەتوانن لە هەولێر و شارەكانی دیکەی كوردستان سەردانی بكەن. ماستەرپلانەكەم بینیوە، شتێكی زۆر نایاب و زۆر جوانە، هێشتا بە تەواوەتی نەگەیشتوونەتە قۆناخی كۆتایی، بەڵام كە تەواو دەبێت، ئەوكاتە یەكسەر دەست بە جێبەجێكردنی بەشەكانی ئەو ماستەرپلانەش دەكەین كە هەمووی جارێكی دیکە دەخرێتەوە خزمەتی هاووڵاتییانی كوردستان و هەلی كاری زۆر بۆ خەڵكی ناوچەكە دروست دەكات."

سەرۆكی حكومەت لەبارەی پرۆژەی دووەم كە دروستكردنی جووتسایدی گۆمەسپان - سماقووڵییە، رایگەیاند، "ئەركی ئەم پرۆژەیە بە كۆمپانیای (هێمن گرووپ) دراوە، هەروەك خۆشتان دەزانن چەندین پرۆژەی گەورە و ستراتیژییان لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان دروست كردووە، لە ماوەیەكی خێرا، بە توانایەكی باش و بە ستانداردێكی نێودەوڵەتی، هەر ئەمەش وایكردووە كە ئێمە بتوانین متمانەیەكی زیاتریان پێ بكەین و ئەو جۆرە پرۆژانە ئەوان جێبەجێی بكەن، كە بێگومان ئێمە لە تەواوكردن و جۆری كوالێتی دڵنیاین."

پرۆژەکە بەشی یەكەمی دروستكردنی جووتسایدی گۆمەسپان بۆ سماقووڵییە، بەڵام دوای ئەوە لە قۆناخی داهاتوودا، رێگەكە بە دەوری دەریاچەكەدا دەسووڕێت، ئەمەش دیسان هەر بۆ بابەتی گەشتیاری بۆ هاوڵاتیان بەكاردێت، هەروەها بەستنەوەی رێگەكانیش لە لایەكەوە لە نێوان هەولێر و ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین، هەروەها بەستنەوەی هەولێر بە سلێمانی كە ئەمە دەبێتە رێگەیەكی دیکە بە رێگەی دۆڵی سماقووڵییەوە.

سەبارەت بە بەشی دووەمی پڕۆژەکەش ئەوەی خستەڕوو، بەشەكەی دیکەی دیسان دەگەڕێتەوە بۆ كۆڕێ و هەر لەملاوە دەتوانن بچنەوە بۆ شەقڵاوە، یانیش هەر بە چیای سەفینەوە دەتوانن بچنەوە بۆ شەقڵاوە.


PM:01:19:16/10/2024


ئه‌م بابه‌ته 384 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو