لە دوا ساتەکانی بانگەشەی هەڵبژاردن لایەنەکان پەیامی جیاوازیان هەیە بۆ دەنگدەران
وێستگەنیوز-
ئەمشەو کاتژمێر 12:00 بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کۆتایی دێت و ئەمڕۆ سێشەممە 15ی تشرینی یەکەمی 2024 لایەنەکان لە رێگەی سەرۆکی حزبەکانیانەوە دوایین پەیامیان لەبارەی هەڵبژاردنەوە پێشکەشکرد.
مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە مەراسیمی بانگەشەی لیستی پارتی لە هەولێر رایگەیاند، "داوا لە خەڵک دەکەم لە 20ی مانگ دەگبدەنە پارتی بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان لە دەستێکی ئەمیندا بمێنێتەوە".
لە میانەی پەیامەکەیدا مەسعود بارزانی ئاماژەی بەوەدا، "كۆتایی بەهاوپەیمانی لەگەڵ مافیا و تیرۆر دەهێنین".
بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە مەراسیمی بانگەشەی لیستی یەکێتی لە هەولێر وتی، "ئەم هەڵبژاردنە تەزویری تیاناکرێت و بڕۆن دەنگەکانتان راست بکەنەوە و دەنگ بدەن بە یەکێتی و چوار ساڵ خزمەتان دەکات".
سەرۆکی یەکێتی وتیشی، "من دوژمنی تاکڕەویی پارتیم کە خەریکە هەرێمی کوردستان وێران دەکات، من ئەگەر هاوڕێیەتیت بکەم هاوڕێیەکی زۆرباشم و ئەگەر دوژمنایەتیت بکەم دوژمنێکی زۆر خراپم".
هەروەها لاهور شێخ جەنگی، سەرۆکی بەرەی گەل لە ئاهەنگی بانگەشەی لیستەکەی لە سلێمانی لە پەیامێکدا، داوای لە خەڵک کرد دەنگ بدەن بە بەرەی گەل لە پێناو بژێویان، تاوەکو لە رووی داراییەوە کۆتایی بە دزی و تاڵانی بهێنین، هەروەها داوایکرد دەنگ بە بەرەی گەل بدەن بۆ ئەوەی بەپێی یاسا باج و رسومات رێکبخەنەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، "هەشتی تەموز و رێککەوتنی ئامۆزاکانم و بنەماڵەی بارزانی بوو بە پشتیوانی تورکیا و ئێران".
شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە دوایین رۆژی بانگەشەی هەڵبژاردن لە مەراسیمی بانگەشەی لیستەکەی لە سلێمانی رایگەیاند، "هەڵبژاردنی 20ی ئۆکتۆبەر هەڵبژاردنێکی چارەنووسسازە و کۆتا دەرفەتە بۆ گۆڕینی ئەم دەسەڵاتە خراپە و کۆتایی پێهێنانی ئەو مەینەتییەی کە لە سایەی حکومڕانی بنەماڵەی یەکێتی و پارتی بەرۆکی خەڵکی گرتووە".
سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ وتیشی، "ئاگاتان لە پیاوە شومەکە بێت کە سەرۆکی حکومەتە، دەربچێت قوڕ دەکات بەسەری میلـلەتەدا".
سەڵاحەدین بەهادین، ئهمینداری گشتی یهكگرتووی ئیسلامی كوردستان پەیامێکی ئاڕاستەی هێزە ئەمنییەکان کرد و وتی، "خوازیارین له رۆژی دهنگدانی تایبهتدا بهرپرسانه و لهخواترسانه ئهم شایهتییه بدهن و بهدهنگهكانیان ئهو هاوكێشهیه دهستكاری بكهن و دهنگ بدهن بهوانهی به راستی دڵسۆزی میللهتن و ستهمیان لهم خهڵكه نهكردووه، بێلایهنی و نیشتمانپهروهری خۆیان بسهلمێنن و دهنگ به خهڵكی دڵسۆزی خهمخۆر بدهن و خۆیان بهشدار نهكهن له ستهم و نادادییهك كه ههیه".
دانا ئەحمەد مەجید، رێکخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان لە پەیامێکدا رایگەیاند، "دەنگدەرانی سەربەرزی کوردستان بڕیار لەدەستی ئێوەیە بە دەنگ و متمانەی ئێوە دەتوانرێت واقیعی ئێستای سیاسی و ئابووری بگۆرێت و بە دەنگەکانتان جیاوازی دروست بکەن و کۆتایی بەو قەیران و نەهامتییە بهێنن کە 33 ساڵە بەرۆکی دانیشتووانی هەرێمی کوردستانی گرتووە".
رێکخەری گۆڕان ئەوەشی وت، "خەمی خەڵک دەبێتە خەمی گۆڕان و بەڵێن دەدات لە داهاتوودا کار بۆ بەدیهێنانی سەرجەم ماف و داواکارییەکانتان بکەین".
ئەمشەو کاتژمێر 12 بانگەشەی هەڵبژاردن کۆتایی دێت و رۆژی 18ی تشرینی یەکەم هەڵبژاردنی تایبەت و رۆژی 20ی تشرینی یەکەمی 2024 هەڵبژاردنی گشتی بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام دەدرێت.
PM:08:18:15/10/2024
ئهم بابهته 796
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت