لاهور شێخ جەنگی: هەشتی تەموز رێککەوتنی ئامۆزاکانم و بنەماڵەی بارزانی بوو بە پشتیوانی تورکیا و ئێران


وێستگەنیوز-

ئەمڕۆ سێشەممە 15ی تشرینی یەکەمی 2024، کۆنفرانسی لیستی بەرەی گەل لە چوارچێوەی پرۆسەی هەڵبژاردن بەڕێوەچوو و سەرۆکی بەرەی گەل وتارێکی پێشکەش کرد.


لاهور شێخ جەنگی، سەرۆکی لیستی بەرەی گەل لە کۆنفرانسی لیستی بەرەی گەل لە سلێمانی رایگەیاند، "سلێمانی لای ئێمە شادەماری هەموو گۆڕانکارییەکی سیاسییە، هەر هێزێک بەوەفا بووبێت بۆ سلێمانی پاداشتی کردووە هەر هیزێکیش بێ وەفا بووبێت سزای داوە".

ئاماژەی بەوەکرد، "هەرگیز پشت ناکەینە خەڵکی سلێمانی و بێوەفا نابین لە بەرامبەر بەو پشتیگرییەی کە دەمان کەن، من وەک لاهوور قەرزای سلێمانیم بە ژیانی خۆشم بێت ئەو قەرزە دەدەمەوە".

لاهور شێخ جەنگی وتی، "داوای لێبوردن دەکەم لە سلێمانی بە تایبەت لەسەر ئەوانەی ئێستا خۆیان بەسەر سلێمانیدا سەپاندووە من دەستم گرتوون و هیچ نەبوون و هێنامنە پێشێ، من وامزانی کوڕی مام جەلالن و وەک و ئەو وەفا و ئەمەکیان هەیە بۆ خەڵکی دڵسۆز و ماندوو".

وتیشی، "هەشتی تەموز رێککەوتنی ئامۆزاکانم و بنەماڵەی بارزانی بوو بە پشتیوانی تورکیا و ئێران، هەروەها هەڵەبجە لە دیدی ئێمەدا رەمزی بێباکی و شکستی پارتی و یەکێتییە".

سەرۆکی بەرەی گەل لە درێژەی وتەکانی جەختی لەوەکردەوە، " خەڵک دەزانن کێن ئەوانەی چایچی و کاسبکار دەکوژ".

لاهور شێخ جەنگی داوای لە خەڵک کرد دەنگ بدەن بە بەرەی گەل لە پێناو بژێویان، تاوەکو لە رووی داراییەوە کۆتایی بە دزی و تاڵانی بهێنین، هەروەها داوایکرد دەنگ بە بەرەی گەل بدەن بۆ ئەوەی بەپێی یاسا باج و رسومات رێکبخەینەوە.

جەختیشی لەوەکردەوە، "سزای دەسەڵات بدەن و دەنگیان پێ مەدەن و بچووکیان بکەنەوە"، راشیگەیاند، "دەبێت سلێمانی وەک پایتەختی رۆشنبیری پشکی هەبێت و ئامانجمانە فڕۆکەخانەیەکی نێودەوڵەتی لەنێوان چەمچەماڵ و سلێمانی دروست بکەین".


PM:06:05:15/10/2024


ئه‌م بابه‌ته 1136 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو