وەزیری دارایی عێراق لە کۆبوونەوەیەکدا باسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەکات


وێستگەنیوز-


نووسینگەی راگەیاندنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەیەنێت، لیژنەی دارایی پەرلەمان لەگەڵ وەزیری دارایی و بەرپرسانی دیکەی حکومەتی فیدراڵی کۆبوونەتەوە و باسیان لە "میکانیزمەکانی پارەدارکردنی بودجە" و فرەسەرچاوەکردنی داهات کردووە.

ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، "لیژنەی دارایی بە سەرۆکایەتیی عەتوان عەتوانی و ئامادەبوونی ئەندامەکانی لەگەڵ تەیف سامی، وەزیری دارایی، بەڕێوەبەری گشتیی ژمێریاری، بەڕێوەبەری گشتیی بودجە، سەرۆکی دەستەی گشتیی باج و سەرۆکی دەستەی گشتی گومرک کۆبوونەوە بۆ ئەوەی گفتوگۆ لەبارەی سیاسەتی دارایی و میکانیزمی پارەدارکردنی بودجەی فیدراڵی بکەن".

بەپێی راگەیەندراوەکە بێت، لە کۆبوونەوەکەدا لیژنەکە باسی لە گرنگی فرەسەرچاوەکردنی داهاتە نانەوتییەکان کرد، وەک رێگەیەک بۆ کەمکردنەوەی کورتهێنانی دارایی.

لیژنەکە هەروەها باسی لە "گرنگی" کۆبوونەوە لەگەڵ فەرمانگە پەیوەندیدارەکان کرد بۆ چاودێریکردنی داهات و دانانی پلان بۆ زیادکردنی، لە پاڵ هەڵسەنگاندنی رۆڵی ئەو فەرمانگەیانەی کە داهاتی خۆیان دابین دەکەن.

تەیف سامی لە کۆبوونەوەکەدا، شرۆڤەیەکی بۆ خشتەکانی بودجە و داهاتی نانەوتی کە بەشێکی بودجەی گشتی پێکدێنن، پێشكێشکرد، هەروەها باسی لە داهاتی فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان و خەرجی و داهاتی پێشبینیکراوی کۆمپانیاکانی نەوت و کارەبا و کەرتەکانی دیکە کرد.

لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "لیژنەکە تاوتوێی داهاتی بەدەستهێندراوی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم و میکانیزمی گواستنەوەی پارەکەی بۆ حکومەتی ناوەندی کرد".


هەروەها ئاماژە بەوەش دەکات، "لیژنەکە داوایکرد زانیاریی فەرمی لەبارەی پارەدارکردن و خەرجییەکانی پێ بدرێت بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی ورد بەدواداچوونیان بۆ بکات".

هەروەها لە کۆبوونەوەکەدا وەزیری دارایی عێراق رایگەیاندووە، "دوای بڕیاری دادگای فیدراڵی عێراق بۆ پێدانی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، حکومەتی هەرێم داهاتی نەوتی رادەستی گەنجینەی فیدراڵی نەکردووە".


ئاماژەی بەوەشکردووە، "مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بە 13 ترلیۆن دینار مەزەندە دەکرێت".




PM:07:05:13/10/2024


ئه‌م بابه‌ته 4620 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت