مه‌سرور بارزانی: لایه‌نه‌كانی‌ دیكه‌ هیچ پرۆژه‌ و به‌ڵێنێكیان بۆ خه‌ڵك پێنییه‌


وێستگه‌نیوز-
مه‌سرور بارزانی جێگری‌ سه‌رۆكی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان رایگه‌یاند كه‌ ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ چاره‌نوسسازه‌ لایه‌نه‌كانی دیكه‌ هیچ پرۆژه‌ و به‌ڵێنێكیان بۆ خه‌ڵك پێنییه‌، ده‌شڵێت: "ئه‌وان ناتوانن پارتی‌ رابگرن".

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ مه‌سرور بارزانی، له‌ وتارێكدا له‌ كه‌رنه‌ڤاڵی جه‌ماوه‌ری پارته‌كه‌ی له‌ سۆران بۆ ئه‌ندامان و لایه‌نگرانی‌ حزبه‌كه‌ی‌ وتی‌: "به‌ره‌و هه‌ڵبژاردنێكی چاره‌نوسساز ده‌چین و جه‌ماوه‌ر بڕیاری داوه‌ پارتی براوه‌یه‌ و 20ی تشرینی یه‌كه‌م داستانێكی دیكه‌ تۆمار ده‌كه‌ین و ناحه‌زانی پارتی سه‌ر شۆره‌بن".

باسی له‌وه‌شكرد كه‌ "ده‌بێت بیرمان بێت دوای چه‌ند رۆژی تر ده‌چینه‌ سه‌ر سندووقی ده‌نگدان، ئێمه‌ كه‌ ده‌نگ ده‌ده‌ین بڕیار له‌ چاره‌نووسی وڵات و شێوازی حوكمڕانی ده‌ده‌ین، ده‌بێت وریا بین كه‌ حوكمڕانی داهاتوو راده‌ستی كێ ده‌كه‌ین، ده‌بێت بزانن كێن و رابردوویان چییه‌ و چ به‌رنامه‌یه‌كیان هه‌یه‌ و ئه‌م بڕیارانه‌ی ئێوه‌ چاره‌نووسی ئێوه‌ و نه‌وه‌كانتان دیاری ده‌كه‌ن، زۆر به‌ وردی بڕیاری خۆتان بده‌ن".

وتیشی‌: "ئه‌وان یه‌ك دروشمیان بۆ ئێوه‌ پێنییه‌، كه‌ باسی باشتركردنی دۆخ و گوزه‌رانی ژیانی ئێوه‌ بكه‌ن، ته‌نیا دروشمی لایه‌نه‌كان هه‌موو بۆ نائومێدكردنی خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستانه‌".

روونیشیكرده‌وه‌ كه‌ "ئه‌وان به‌ ئێمه‌ ده‌ڵین كۆتاییتان پێ ده‌هێنین، راتان ده‌گرین و به‌سه‌، نه‌ك ئێستا له‌ سه‌ره‌تای دروستبوونی پارتی تاوه‌كو ئێستا زۆر له‌و لایه‌نانه‌ هه‌بوون كه‌ هیچ ئامانجێكیان نه‌بوو جگه‌ له‌وه‌ی به‌ربه‌ست بۆ پارتی دروست بكه‌ن،  هه‌روه‌كو چۆن له‌ پێشو ئه‌و لایه‌نانه‌ نه‌یانتوانی پارتی رابگرن، ئێستاش ناتوانن پارتی ڕابگرن، ناتوانن پارتی بوه‌ستێنن و به‌ ئامانجه‌ چه‌په‌ڵه‌كانی خۆیان بگه‌ن".

مه‌سرور بارزانی راشیگه‌یاند كه‌ "هیچ هێزێك ناتوانێت به‌رامبه‌ر ئیراده‌ی گه‌لی كوردستان بوه‌ستێت و هه‌میشه‌ شكستیان هێناوه‌، له‌ دروشمه‌كانیان دیاره‌ ئه‌و وڵاته‌ به‌ره‌و كوێ ببه‌ن، هه‌ر ده‌ڵێن تێكی ده‌ده‌ین و ده‌یڕوخێنین، ناتوانن خزمه‌تی خه‌ڵك بكه‌ن بۆیه‌ هه‌وڵی تێكدان ده‌ده‌ن و له‌وه‌ زیاتر هیچ شتێكی دیكه‌ نازانن".



PM:07:06:09/10/2024


ئه‌م بابه‌ته 1324 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت